کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ژێردەریاییەکی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کردووە کە توانای هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی هەیە

13:41 - 15 خەزەڵوەر 2723

هاوکات لەگەڵ زۆربوونەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژێردەریایییەکی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکردووە کە توانای هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی هەیە.

بڵاڤۆکی "تایمزاف ئیسرائیل"، ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی خەزەڵوەر، باسی لە جێگیرکردنی ژێردەریایی ئەمریکی کلاس ئۆهایۆ لە ناوچەکەدا کرد کە توانای هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی کروزی هەیە.

فەرماندەیی ناوەندیی سپای ئەمریکا (سێنتکام)، پشتڕاستی کردەوە کە ژێردەریاییەکەی کلاس ئۆهایۆ گەیشتووەتە ناوچەی بەرپرسیارێتیی فەرماندەیی ئەمریکا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست لەخۆ دەگرێت.

''سێنتکام'' وێنەی فڕۆکەیەکی بۆمبڕێژکراوی جۆری "B-1"ی بڵاو کردەوە کە چەکی ئەتۆمیی پێیە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر بووە.

پێشتریش پنتاگۆن ڕایگەیاندبوو کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئایزنهاوەر، دوابەدوای چوونە نێو  گەرووی هۆرمۆز، لە ئاوەکانی کەنداودا جێگیر بووە.

ئەم هەوڵەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەپێناو بەهێزکردنەوەی هێزی بەرگریی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشگرتن لە تەشەنەسەندی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لەلایەن ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانیەوە بووە.