کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرکی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و ئەخلاقی جیهانی دەرەوە

16:07 - 15 خەزەڵوەر 2723

حەسەن قارەمانی

ڕێژیمی ئێران جارێکی دیکە بە ڕووداوێکی دیکەی دڵتەزێن مۆمی ژیانی کچێکی تری کوردی کوژاندەوە و ژیانی لێ ستاند. کۆماری ئیسلامیی لە جینایەتێکی دیکەدا  "ئارمینا گەڕاوەن" کیژۆڵەی تازەلاوی کوردی خەڵکی کرماشانی کوشت و تەنانەت ئیزنی نادا تەرمەکەی لە زێدی باب‌وباپیری ئەسپاردە خاکی کوردستان بکرێ . کارەساتێک کە تیشک دەخاتە سەر دەرئەنجامی کوشندەی ئایدۆلۆژی و نیزامێکی سیاسی و بەڕێوەبەریی سەرکوتگەر کە درێخی ناکات لە  بەکارهێنانی هیچ چەشنە توندوتیژییەک بەرانبەر بەو کەسانەی لەگەڵ قاڵبی تەسکی بیرکردنەوەی ئەواندا ناگونجێت.

لەم وڵاتەدا جۆری جلوبەرگ، ڕەگەز و نەتەوە هۆکارێکن بۆ ئەوەی بتکوژن و ئەمە تەنیا یەکێک لە چەندین نموونەی تراژیدییەکانی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمی ستەمکار لە ئێرانە و ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ دەرئەنجامە ئازاردەرەکانی ژیان لەژێر حوکمی حکوومەتێکدا کە ڕێز لە فرەچەشنی و ئازادیی تاک و کۆمەڵ ناگرێت. هەروەها مەرگی ئارمیتا بەڵگەیەکی زیندووی مناڵکوژی و بەردەوامیی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

شەهیدکردنی دڵتەزێنی ئارمیتا دەرئەنجامە قووڵە کارەساتبارەکانی دەسەڵاتێک دەردەخا کە نەک هەر مافەکانی تاک پشتگوێ دەخا، بەڵکوو سیستماتیک ئەو کەسانە سەرکوت دەکا کە لە پێناسە تەسکەکەی خۆیاندا جێیان نابێتەوە.

ڕێژیمی ئێران لەلایەک هاواری پشتیوانی بۆ گەلی فەلەستین و خەباتیان بۆ دادپەروەری بەرز دەکەنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا چەک بۆ سەربازانی ڕووسیە بۆ داگیرکارییەکانیان لە ئۆکراین دابین دەکەن. دەسەڵاتێک وەک پارێزەری خۆبەخشی مافی  فەلەستینییەکان، لە هەمان کاتدا دەبێتە سەرچاوەی چەوساندنەوە بەرامبەر بە گەلانی دیکە ئێران. سەرکوتکردن، یان تەنانەت نەهێشتنی مافی کەسانی دیکە، فۆرمێکی بێبەزەییانەیە، بۆیە گرنگە نەک هەر ئەم سیاسەتی دووفاقە و دووڕووییەی ڕێژیم ڕیسوا بکرێ،  بەڵکوو لەدژی ئەو ڕێژیمە و سیاسەتەکانی هەڵوێست بگیردرێ.

پارادۆکسێکی تراژیدییە کە ڕێژیمێک بتوانێ بانگەشەی بەرگری لە مافی گلانی بندەستە لە دنیادا بکا و لە هەمان کاتدا بۆخۆی مافی گەلانی وڵاتەکەی پێشێل و خەڵکەکەی سەرکوت بکا.

شەهیدبوونی ئارمیتا تەنیا یەک نموونە لە قوربانییە زۆرەکانی ئەو ئایدۆلۆژیا ستەمکارەی ڕێژیمی ئێرانە و کاتی ئەوە هاتووە جیهان چاوی بەڕووی بێ‌مانایی ئەم دۆخەدا بکاتەوە. وەڵامدانەوەی ڕەفتاری قبووڵ‌نەکراوی ڕێژیمی ئێران نەک هەروەک ئەرکێکی ئەخلاقی بەڵکوو وەک پێویستییەک بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری جیهانی سەیر بکرێت. بۆیە گرینگە جیهانیش کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر بەم ڕووداوە، چونکی لەدەستدانی ئارمیتا تەنیا بۆ بنەماڵە و ئازیزانی  کارەسات نییە، بەڵکو بۆ هەموو جیهان کارەساتە. بۆیە دیپلۆماسیی ئامانجداری نێودەوڵەتی دەبێ بە گوشارەکانی ڕێژیم ناچار بە گۆڕان لە ڕەفتارەکانیدا بکا.

بەردەوامیی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دۆخێکی خوڵقاندوە کە جیهان پێویستی بە دەنگێکی یەکدەنگ و بەهێز بێت بۆ ئەوەی لە بەرانبەر تاوان‌خوڵقێنییەکانی ڕێژیمی ئێراندا بوەستێت. ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی دەبێ لەو پێوەندییەدا خۆی بە ئەرکدار بزانێ و بەحەق و بەهێز نوێنەرایەتیی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی ئێران بکا. بۆ سەرکەوتنی ئەو خەباتە زۆر گرنگە دەنگەکان یەکگرتوو بن و هێز و وزە خەباتگێڕییەکان یەک بخرێن. پێویستە خەڵکی ناوەند و گەورەشارەکانی دیکە قورسایی خەبات دژی ئەو ڕێژیمە لەسەر شانی کورد و بەلووچ سووک بکەن،  چونکی خەبات دژی ڕێژیم بەرپرسایەتییەکی هاوبەشە و پێویستە هەموو نەتەوە و ئایینزا و جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵگە پێشترێتی بە خەبات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و چێ‌کردنی نیزامێکی سیاسیی دێموکرات و پلۆرال بدەن.