کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفەری سوودانی بۆ تاران، پاش چەند کاژمێر لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ وەزیری دەرەوی ئەمریکا

11:36 - 16 خەزەڵوەر 2723

سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی خەزەڵوەر لە پاش چاوپێکەوتنی لەگەڵ "ئەنتۆنی بلینکێن" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە تاران.

سەفەرەکەی بلینکن لە دوای ئەوە بوو کە لە پاش دەسپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیل و بە تایبەت لە ڕۆژانی ڕابڕدوودا هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە بە گشتی زیاتر بووە.

هەر لەم پێوەندییەدا گرووپی چەکداریی کەتائێبی حیزبوڵڵا، شەوی شەممە هۆشداری دا کە سەردانی بلینکێن بۆ بەغداد، هێزەکانی ئەمریکا، زیادبوونەوەی هێرشەکانی بەدواوە دەبێ.

ئانتۆنی بلینکێن لە پاش چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ سوودانی بە هەواڵنیرانی وت: "ئامانجی لەم سەردانە گەیاندنی پەیامێکی گرینگ بوو، پەیامێکی ڕوون بۆ ئەو کەسانەی وا دەیانهەوێت لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل بۆ هەڕەشە لە هێزەکانی ئێمە لە عێراق یان هەر شوێنێکی دیکە لە ناوچەکە کەڵک وەربگرن،  ئەم کارە مەکەن."

شایانی باسە کە پێشتریش جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئەم هۆشدارییەی بە ڕێژیمی ئێران دابوو.

لەلایەکی دیکەوە سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ بلینکێن، بەڵێنی داوە کە سەبارەت بە هێرشەکان لە عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بەدواداچوون بکات.