کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٥٠ بنکەی حەماس لە ٢٤ کاتژمێردا کرانە ئامانج

12:00 - 16 خەزەڵوەر 2723

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە "لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابڕدوودا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتە، ٤٥٠ بنکەی حەماسیان لە غەززە کردووەتە ئامانج."

ئەرتەشی ئیسرائیل لەو ڕاگەیەندراوەدا وتی: "هێرشەکان بۆ سەر تونێلەکان، تێرۆریستەکان، بینا سەربازییەکان، بنکەی چاوەدێری و هەروەها شوێنەکانی هاویشتنی مووشەکی دژەتانک بوون کە لەم هێرشانەدا چەند کەس لە هێزەکانی حەماس، لەوانە "جەماڵ مووسا"، یەک لە فەرماندە پلەبەرزەکانی حەماس، کوژراوە."

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ئەم بوردومانانەی غەززەی لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە بە یەکێک لە تووندترین هێرشەکانی ئیسرائیل لەقەڵەم دا.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٢٠٠ کەس لەم هێرشانەدا کوژراون.

ڕۆژێک پێشتر لەم هێرشانە "جاناتان کێنریکاس" وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل بە کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ڕاگەیاندبوو کە بوردومانەکانی غەززە لە  دوو ڕۆژدا، بۆ ماوەی چەند کاتژمێر ڕاگیرا تاکوو خەڵکی مەدەنی بتوانن لە باکووری غەززە بەرەو باشووری غەززە بچن، بەڵام حەماس تەقە لە خەڵکی مەدەنی دەکات تا نەتوانن لە باکووری غەززەوە بچنە دەرەوە.

شایانی باسە کە لە ماوەی شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا تا ئێستا نزیکەی ١٠هەزار فەلەستینی کوژراون و زیاتر لە ٢٤ هەزار کەسیش بریندار بوون، لە بەرامبەریشدا یەک هەزار و ٤٠٥ ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر لە ٥ هەزار کەسیش بریندار بوون.