کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوسەنگیی بازەرگانیی دەرەکی لە ٧ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتە ژێر ٨ میلیارد دۆلار

12:04 - 10 خەزەڵوەر 2723

گومرکی ئێران ڕایگەیاندووە، هاوسەنگیی بازەرگانیی دەرەکی لە ٧ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ژێر ٨ میلیارد دۆلار. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ٧ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە بەرامبەری ٢٨.٣ میلیارد دۆلار هەناردەی کەلوپەل ، ٣٦ میلیارد دلار کەلوپەل هاوردە کراوە.

کەمیی هاوسەنگیی بازەرگانیی دەرەکی لەم ٧ مانگەدا لە چاو ساڵی ڕابڕدوو زیاتر لە دوو بەرابەر بووە.

داتاکانی گومرک دەرخەری ئەوەن کە تێکڕای بەهای گومرکیی بۆ هەر تۆن کەلوپەلی هەناردەکراو لە ٤٦٦ دۆلاری ساڵی ڕابڕدوو گەیشتووەتە ٣٥٧ دۆلار و کەمبوونەوەیەکی ٢٣.٤٣ لە سەدیدا هەبووە.

شایانی باسە هەناردەکانی ئێران بە گشتی کەلوپەلی خاو بە زێدەبایی کەم لەخۆ دەگرێت کە لە مانگەکانی ڕابڕدوودا بە دابەزینی نرخ لە جیهان بەرەوڕوو بووەتەوە.

هەر لەم پێوەندیەدا ڕۆژنامەی "هەم میهەن"، ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەر پێشبینی کرد کە ئەگەر داهاتەکان لە نیوەی دووهەمی ساڵیش هەروا بە شێوەی نیوەی یەکەم بێت، کەمیی بودجە بە دووبەرابەری ساڵی ڕابڕدوو دەگات. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ زیاد لە ٣٤١ هەزار میلیارد تمەن لە سەرچاوەکانی بودجە بەدی نەهاتووە.