شاڕوخ حەسەن زادە
ئەوە بۆ یەک مانگ دەچێ دوای هێرشەکەی حەماس (حرکە المقاومە الاسلامیە- بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامی) بۆ سەر حکوومەتی ئیسرائیل، شەڕێکی خوێناوی لە نێوان بەشێک لە فەلستینییەکان بە سەرکردایەتیی بزووتنەوە ئیسلامییەکانی سەر بە بەرەی ئێران (حەماس، جیهادی ئیسلامی، حیزبوڵڵا، ئەنساروڵڵا و...) لە بەرامبەر جوولەکەکانی دەستەڵاتدار دەستی پێ کردووە. ئەو دوو بەرەیە خۆیان لە دوو مەزنگوتاری ئایدۆلۆژیاییدا دەبینەوە و بەو دەربیجەیە دەڕواننە یەکتر و بەردەوام دەگەڵ یەکتر بۆ لەنێوبردنی ئەوی دی، شەڕ دەکەن. گوتارێک بەناوی زایۆنیزم(Zionism) کە بزووتنەوەیەکی ئۆلی_سیاسیی جوولەکەکانە و پێداگرە لەسەر دامەزراندن، پاراستن و برەودان بە نیشتمانی "یەهوود" بەهەر شێوەیەکی مومکین کە لەبەر کۆمەڵێک هۆکار وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەرکام بە گوتاری تایبەتیی خۆیان بەتەواوەتی پشتگیری لێ دەکەن و تەنانەت هەر ئەوانیش وڵاتێکیان بە ناوی ئیسرائیل دامەرزاند. لەبەرامبەردا گوتارێک هەر لەژێر باوەڕی بەرامبەرەکەی_سیاسی-ئایینی کە بە چەندین قۆناغ دەرباز بووە و هەوڵی سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان دەدا. ئەم گوتارە پشتی بە ڕیوایەتێکی دیکەش بەستوە کە لەبەرامبەر ئەوپەڕگوتاری پشت مەزنگوتاری زایۆنیسم هەڵکەوتووە کە زیاتر بە دوو بەرەی ڕۆژهەڵات بە ئایدۆلۆژیی چەپ لە بەرامبەر ڕۆژئاوا بە ڕوانینی لیبڕاڵ ناسراون.
لێرەدا دەمهەوێ بە ڕوانینێکی پەسامۆدێرن گەنگەشەی ئەو باسە بکەم. کۆمەڵێک لە بیرمەندانی وەک پووپێر، میشێل فۆکۆ و لیۆتار باس لەوە دەکەن کە؛ سەردەمی مەزنگوتارەکان (کلان ڕوایتها) بەسەر چووە و لە ئاکام دا ئەو گەورە ڕیوایەتانە ناتوانن دادپەروەری و ئازادی بە مانا ڕاستەقینەکەی دابین بکەن(١)، ئەگەرچی لە قۆناغە مێژووییەکان دا مەزنڕیوایەتی وەک مارکسیزم ڕەنگبێ خزمەتیشی کردبێ بەڵام لەسەردەمی ئێستادا ئەو بایەخەیان نەماوە و بۆ هەموولایەک سەلما ئیتر ناتوانێ دوای ساڵانێک ئەزموون و تەتەڵەکردنی گوتاری خۆی و تەنانەت دەستەڵاتیش بەستێنی دادپەروەری و ئازادی مسۆگەر بکات، یان هەموو ئەو گوتارانەی دیکە بەتایبەت لە بەستێنی ئاییندا بە پێشکەوتنی جیهان و تێکنۆلۆژی و چاوکراوەبوونی خەڵک ئیتر وەک ڕابردوو ناتوانێ خۆی دەگەڵ وردەوێژمانە نوێباوەکان هاوتەریب بکا (پووپێر لە شوێنێکدا لەهەمبەر ئەو گوتارانە قسەیەکی هەیە کە دەڵێ: هەوڵدان بۆ سازکردنی بەهەشت لە سەر زەوی، بەردەوام جەهەنەم دەخوڵقێنێ).
لە "دۆخی پەسامۆدێڕن" (لیۆتار ١٩٧٩)، فرانسوا لیۆتار، شک و گومانێکی بەرچاو لەهەمبەر ڕەوشی پەسامۆدێڕن بەنیسبەت چۆنیەتیی ئەوپەڕگوتارەکان و متمانەیان بە جۆرێک "ڕاستیی بەرز و جیهانی" وێنا دەکات. هزرمەندانی وەک فۆکۆ و لیۆتار کە بە پەساپێکهاتەخواز ناسراون، بە هۆکارگەلێک ئەم ڕووداوە وەک پێشکەوتنێکی ئەرێنی دەخەمڵێنن، چوونکە سەرەتا مەیلیان دەگەڵ پێکهاتنی تیۆری مەزنگوتارەکان هەیە کە هەڕەج بەرەج و ئاڵۆزی لە جیهاندا دەسڕێتەوە.
لیۆتار پێشنیاری ئەوەی هەیە ئەوپەڕگوتارەکان دەبێ ڕێگا بۆ وردەگوتارەکان (خۆجێی) لێژ بکەن، پەسامۆدێڕنیستەکان هەوڵ دەدەن هەتا تەکووزیی لەسەر بەستێنە خۆجێیە تایبەتەکان هەروەها جۆراوجۆریی ئەزمونی مرۆڤ بە جێگای ئەوپەڕگوتارەکان دابنێن، ئەوان بە جێگای تیۆریی مەزن و هەمەچەشن، لەسەر هەبوونی "زۆریی خاڵە تیۆرییەکان" پێ دادەگرن. ئەو بیرمەندانە کە لە نێو هونەر بەتایبەت وێژە قسەی زیاتریان هەیە، پێیان وایە کاتی ئەوە هاتوە پتر بەها بە وردەگوتارەکان بدرێ و لەم دەرفەتە بۆ بە قەولی ئیمانۆیەل کانت، ئاشتی ڕاوەستاو، یان هەرنەبێ سەرکەوتن و وەدەست هێنانی دادپەروەری و ماف لە گۆشەنیگای جیاوازەوە کەڵک وەربگیردرێ(٢). ئەو گرووپە لە بیرمەندان پێیان وایە بەشی هەرە زۆری کارەساتەکانی مرۆڤایەتی لە سەدەی بیستەم بە شێوەی گشتی و بەتایبەتی کێشە و گرفتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەجۆرێک؛ لە بەرهەمی ئەوپەڕگوتارەکانی ئەو بیرمەندانە شەقڵی گرتوە کە ڕوانینی گشتگیر لەهەمبەر مێژوو و کۆمەڵگەیان داهێناوە.
"ژان فرانسوا لیۆتار" وەک یەکێک لەو بیرمەندانە -ئەگەرچی لە بەستێنی ئەدەبیات ئەو خاڵەی بەکار هێناوە بەڵام هەروەک گوترا دەکرێ لە بەستێنی ڕامیارییشدا بە گێڕانەوەی لایەنی مێژوو وەک فۆڕمۆلێک کەڵکی لێ وەربگیردرێ- پەسامۆدێرن وەک بێباوەڕی بە مەزنگوتارەکان پێناسە دەکات و لەبەرامبەردا باوەڕی وایە دەبێ وردەڕیوایەتەکان جێگایان بگرنەوە، واتە مەزن لەبەرامبەر بچووکدا. بە باوەڕی ناوبراو و هەروەها فۆکۆش لە پشت هەموو ڕاستییەک گوتارێک خۆی حەشار داوە کە ئەوە وای لێکردووە لێی تێبگەین. فۆکۆ پێی وایە، ئەوەی پێی دەگوترێ "ڕاستیی مێژوو" ڕەنگبێ لە قۆناغێکی دیکەی زەمەنیدا وا نەبێ و بە جۆرێکی دیکە دەربکەوێ، کەواتە هەموو دەورانێک گوتارێکی تایبەتی گەرەکە کە ڕووداوە مێژووییەکانی پێ هەڵسەنگێنی و شەن و کەویان بکا.
لێرەدا ئێمە چەند ئەوپەڕگوتار یان مەزنگوتارمان هەن کە کەوتوونەتە بەریەک و جیا لەوەیکە بەپێی باوەڕ و نێوەڕۆکیان دژبەیەکن بەڵام لە پشت ئەمانیش دوو مەزنگوتار بەکاریان دێنن یان هەرنەبێ بوونیان هەیە.
گوتاری ئیسلامی_سووننە-شیعە، پان عەرەبیزم، وەک مەزنگوتارێک کە هەنووکە فەلستینییەکان کاری پێ دەکەن، شێوەی ڕواڵەتی باسەکەیە کە لە پشت ئەوە لە قۆناغی ئیستا دا زۆرتر و بەئاشکرا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی (لەو چەند ساڵەی دواییشدا تورکیە و قەتەریش) لە پشتە. لە بان ئەو گوتارەش، مەزنگوتارێکی دیکە بوونی هەیە کە دەبێتە ئایدۆلۆژیای بەرەی ڕۆژهەڵاتی و ڕوسیە و چین سەڕافەتی دەکەن. بەڵام زایۆنیزم جیا لەوەیکە بە شێوەی سەربەخۆ مەزنگوتارە، ئەوپەڕڕیوایەتیکی سەربەخۆی دیکەشی لە پشتە کە دەبێتە بەرەی ڕۆژئاوا و زیاتر ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات.
لە دوای دامەزراندنی حکومەتی ئیسرائیل (١٩٤٨) و هەموو ئەو گرفت و گڕژیانەی پێشتر لە نێوان دوو گەلی عەرەبی فەلستینی و جوولەکە -بەتایبەتی تریش لە نێوان جوولەکە و ڕۆژئاوای کریستیان- هەبووە، دەستەبژێر و چالاکانی سیاسیی فەلستینی بە جێگای دیالۆگ و دانوستان و کەڵکوەرگرتن لە زانستی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و یاسا نێونەتەوەییەکان، خۆیان بە چەند مەزنگوتار هەڵاوەسی هەتا مافی خۆیانی پێ وەرگرن. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فەلستین دوای ئەو هەمووە نەهامەتیانەی لەکاتی دامەزرانی وڵاتیک لە خاکی ئەوان بەسەریان هات، سەرەتا تەڤڵی گوتارێکی دیکتاتۆری و بیرۆکەی پان عەرەبیزمیی سوننەی_سوسیالیستیی! جەماڵ عەبدوڵناسر، مەعمەر قەزافی، حافز ئەسەد و سەدام حوسێن بوون کە دەیانەویست بە پشتیوانیی نەتەوەی عەرەب و بە گوتاری پان عەرەبی وێڕای ئەوەیکە حکوومەتی ئیسرائیل لەنێو ببەن، مافی فەلستینییەکانیش بستێنن؛ کە دوای چەندین شەڕ ڕۆژی نەگبەتیان بەسەردا هات و نەک هەر شکان بەڵکوو پاشەکشەیان کرد و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی دەگەڵ ئیسرائیلییەکان ڕێککەوتن و ئەو سەرکردانەش هەروەک ئێستا دەزانین، تەنانەت حکومەتەکانیشیان یان بەرەو نەمان چوون، یان بە تەواوەتی ڕووخاون! دواتر بە هاتنە سەر دەستەڵاتی خومەینی-خامنەیی باوەڕی ئیسلامی_شیعە_ئێرانی جێگای بیرۆکەی پێشووی گرتەوە و ئەمجارە بەهێز و ئاوەزمەندانەتر بە پشتیوانیی مەزنگوتاری ڕۆژهەڵات، هەوڵی ئەوەیان دەدا هەموو جیهانی ئیسلام یەک بخەن و بە ستڵە ئاوێک ئیسرائیل ڕادەن و بیسڕنەوە.
بەڵام بیرۆکەی نێو ئاوەز و هزری ئێرانییەکان سەرەتا بە ڵولقاندنی گوتارێک بەناوی "ام القری" بە جۆرێک دایکی ئیسلام هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی وڵاتانی جیهانی ئیسلامی بە وێڕژێنێکی نوێ دا. لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران ئەو تێزە لەلایەن "محەممەد جەوادی لاریجانی" گەڵاڵە کرا کە خۆی لە "هەناردەکردنی شۆڕش"، "وتووێژی شارستانییەتەکان"، "ڕوانگەی بەستێنیی شارستانییەتی ئێرانی" و... فۆرمولە کرا. لاریجانی لە کتێبی "نظم بازیگونە"دا وێڕای دەربڕینی ڕوانگەی خۆی لەسەر چاخی بەرایی، باوەڕی خۆی لەسەر "یاریی جیهانی" بە پێی تەکوزییەکی "یارییئاسا" باس دەکا و دەڵێ: لە ڕەوشی نێودەوڵەتیدا بێپرەنسیپی و ئاڵۆزییەک ساز بووە کە تێدا لۆژیکی یاری و ستراتێژی ئەکتەرەکانی جیهانی گۆڕانی بەسەردا هاتوە. ئەو بەو ئاکامە دەگا کە دەبێ بەپێی دەفرایەتی ئارایی حکوومەتێک بە ئایدیایەکی تایبەت دابمەزرێت کە خاوەن ستراتێژی نەتەوەیی بێ. لاریجانی وێڕای ئیسلامی نابی محەممەدی باس لە بوونی ڕەگەزێکی ناسیۆنالیستییش دەکا کە ئەو ئایدیایەی پێ تۆکمەتر بکرێ و زیاتر برەوی هەبێ هەتا بیرۆکەی "ئاوەزمەندێتیی ئیسلامی" لە سیاسەتی دەرەکی ڕێژیم پتر پەرە بستێنێ و دەڵێ: لەسەر خەڵکانی خاوەن بیر و هزری ئومەتە، کە پێکهاتەی تیۆری ئەو بیرۆکەیە بنەخشێنن، بەردەوام پەرەی پێ بدەن و بەربڵاوی بکەنەوە و دەبێ خەڵکی شارەزای پڕۆپاگەندەچی و ڕاگەیاندنکاریش شۆڕی بکەنەوە نێو کۆمەڵگە و بەکردەوە کاری پێ بکەن، جا بەم شێوازەیە پێکهاتەی مەدەنی لەسەر بنەمای ئاوەزی ئیسلامی دەرفەتی گەشەکردنی بۆ دەڕەخسێ و شارستانیەتی ئیسلامی دەگوورێ.
بیرۆکەی ئومولقەرای، تیۆرییەکە بۆ باسکردن لە ئامانجەکان و هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی دەرەوەی و تەتەڵەی سنوورەکانی هێز لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا کە قورسایی ئەو ڕێژیمە لەسەر ئاستی جیهان بە تایبەت دنیای ئیسلام زیاتر دەکات. بەپێی ئەو بیرۆکەیە جیهانی ئیسلام یەک ئومەتە و بنەمای یەکگرتوویی ئومەت، سەرکردایەتییەکەیەتی، ئەگە وڵاتێک بتوانێت بە دامەزراندنی حکومەتێکی ئیسلامی ئاستی ڕێبەرایەتیی خۆی بۆ سەرووی سنوورەکانی بپەڕێنیتەوە، دەتوانێ وەک ئومولقورای جیهانی ئیسلامی لێ بێت. بە باوەڕی داڕێژەرانی ئەو بیرۆکەیە، ئێرانی دوای شۆڕش ڕێک دەتوانێ ئەو ڕۆڵەی هەبێ و بە دامەزراندنی حکوومەتی ئیسلامی بە پێوانەی ولایەتی فەقی، خومەینی، هەم ڕێبەری ئەو ڕێژیمەیە و هەمژی لە ئاستی ئومەتی ئیسلامدا ڕێبەرە (واتە دووجار ڕێبەرە)، کەواتە بەو شێوەیە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جیا لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەبێ بیر لە بەرژەوەندی و سەرکەوتنی جیهانی ئیسلامیش بکاتەوە، لە بەرامبەریشدا دەبێ وڵاتانی دیکەی ئیسلامی بەرگریی لێ بکەن. هەر بۆیە خومەینی لە سەرەتاوە ئەو درووشمەی هێنایە کایەوە کە، ئازادیی قودس (فەلستین) لە کەربەلاوە تێدەپەڕی.
شەڕی ئێران و عێراق، شەڕ و سەرکوتی گەلی کورد وەک تاکە هێزی دژبەری ڕاستەقینە لە بەرامبەر پەرەسەندنی ئەو تیۆرییە، کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتی ڕووخانی عێراق و بەهاری عەرەبی، دامەزرانی هێزەگەلێکی جێگرەوە لە وڵاتانی سووریە، عێراق، لوبنان، یەمەن بە ئایدۆلۆژیی تایبەت (بە شیعە و سوننییەوە)، بەربەرەکانی دەگەڵ هێزەکانی ڕۆژئاوا، پشتیوانی لە ڕوسیە لە شەڕی ئوکراین، پێوەندیی ئابووری دەگەڵ چین و... هاوتەیب دەگەڵ سیاسەتەکانی دەرەوەی بە باشترین شێوە بەڕێوەچوون هەتا گەیشتە هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل بە چەندین مەبەستی جۆربەجۆر و بەرپەرچدانەوەی توند و بەدوور لە یاساکانی شەڕ لەلایەن ئیسرائیلەوە.
لەلایەکەی دیکەش، زایۆنیزم وەک هەوێتیی نەتەوەیی لەنێو کۆمەڵەی جوولەکەی ئیسرائیلی ئەمرێکی هەژموونیکە. زایۆنیزم واتە ناسیونالیزمی پیشکەوتووی یەهوودی کە بەرهەمی سەدەی نۆزدەهەمە و وردەوردە بە پشتیوانیی ڕۆژئاوا (ئەمریکا و ئینگلیس، لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین)؛ بە خوڵقاندنی گوتارێکی هاوبەش، سەرنجی ڕای گشتی جوولەکەکانی بۆلای خاکی فەلستین ڕاکێشا و بە دامەزراندنی حکومەتی یەهوودی، وێرای پێدانی تەناهی بۆ جوولەکە کۆچەرەکان لەو نیشتمانە، ئایدیای ئەوپەڕ نیشتمانی لە نیلەوە هەتا فوراتیشی هێنایە گۆڕێ.
لەبەرداشی نێوان کەلانگوتارەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات ئەوەی دەبێ بۆی بگەڕێینەوە چارەسەری خۆجێیی و لۆژیکی دامەرزاندنی دوو وڵاتی هاوسێیە بە ناوەکانی فەلستین و ئیسرائیل کە دەبێ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانیان پێدا بنرێ. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ بۆ پەیماننامەکانی ئۆسڵۆ یان گرێبەستی نێوان ئەو دوو مەزنگوتارە لە فەزای وردەگوتاری ئۆسڵۆ بگەڕیینەوە کە ئاشتی و تەبایی لە نێوانیان دا ساز کرا و تەنانەت دان بە دامەزراندنی حکومەتی خودگەردانی فلستین نرا و بەستێن بۆ دوو وڵاتی خۆش دەکرا(ساڵەکانی ١٩٩٣، ١٩٩٥)؛ بەڵام دواتر ئەو ڕێککەوتنە بەهۆی دەستتێوەردانەکانی مەزنگوتاری زایۆنیزم و ئیسلامیی ڕادیکاڵ بە مەبەستی بەکارهێنانیان تێک چوو و دووکەڵەکەشی زیاتر چووە چاوی خەڵکی بێ تاوانی فەلستین. بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کەڵکاژۆی خۆی بۆ بەهێزکردنی وێژمانی ئیسلامی شیعە_ئێرانی لە ناوچەکە زیاتر کرد و لەم پێوەندییەشدا ڕەوتە ڕادیکاڵەکانی ئیسلامی بەتایبەت "حەماس"، "جیهادی ئیسلامی" و "حیزبوڵڵا" کە لەسەر خوانی خومەینی و ئەندیشەکانی دامەزرابوون، بەهێزتر کرد.
دواجار، ئەوەی بۆ دواڕۆژی ئەو پەیوەندیانە دەبێ وێنا بکرێ ئەوەیە، هەردووک مەزنگوتاری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات هەوڵی ئەوە دەدەن ئەو گوتارەی نێوانیان کە ڕێژیمی ئێران سەرکردایەتیی دەکا و وەک دیوارێک لە نێوانیاندا کەوڵی خۆی ڕاخستووە، دەبێتە قوربانی و مەحکووم بە نەمانە، هەتا ئەوکاتیش ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران یەک بە دوای یەک کارتەکانی (ڕەوتە ئیسلامییە توندئاژۆکان کە وەک هێزی جێگرەوەی سپای پاسداران چالاکی دەکەن) بە کار دێنێ کە سەرەتا بە حەماس دەستی پێ کردووە و ڕەنگبێ بگاتە ئەنساروڵڵای یەمەن (حوسییەکان)، حیزبوڵڵا و ... و بەم پێوانەیە و بەو دەستوورە، دوو وڵاتی نوێ بەفەرمی ئاڵا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ هەڵدەکەن و براوەی سەرەکی وردەگوتاری سازان و پێکهاتن لە دەوری جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و پیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەبێ.
***
١) لە ئەدەبیاتدا بە ئەوپەڕگێڕانەوە یان مەزنڕیوایەت گوتراوە و لە سیاسەتیش دا دەکرێ وەک مەزنگوتار باسی بکرێ.
٢) میناکی ئەم باسە بە جوانی لە پێدانی خەڵاتەکانی جیهانیی ئاشتی نۆبڵ، ئۆسکار، ساخارۆف و... دەردەکەوێ. یان لە بەستێنی سیاسەتی ڕاستەقینەدا لە کوردستانی مەزن، باس لەوە دەکرێ هەرکام لە پارچەکانی کوردستان، تایبەمەندی و ڕێگەچارەی خۆی هەیە و جیاواز لە بەشەکان دەتوانرێ بەرنامەی تایبەتی خۆی هەبێ.