و: کەماڵ حەسەنپوور
فێدراڵیست – چاک دەڤۆر
ڕووداوەکانی ئەو دواییانە پێویستیی خێرای پێداچوونەوە بە سیاسەتی وڵاتە یەکگرتوەکان بەرانبەر بە ئێران پشتڕاست دەکەنەوە. لە وەڵامی هێرشی بەردەوامی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکایی، کە بووە هۆی بریندار بوونی دەیان کەس و کوژرانی کەسێک لە هێزی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان، ئەمریکا فڕۆکەی شەڕکەری ئێف-١٦ و ئێف-١٥ی ناردن تا جبەخانەی چەکوچۆڵی پەیوەندیدار بە باسکی سەرەکیی تێرۆری ئێران، واتە سوپای پاسداران بوردومان بکەن.
بەڵام ئەو وەڵامە خەواڵوویانەیە پێش بە شەڕانشۆیی ئێرانییەکان لە لایەن هێزە بەکرێگیراوەکانی ناگرێ و، وێدەچی ببێتە هۆی قووڵتر کردنەوەی کێشەکە لەگەڵ ئێران، ئەویش لە کات و شوێنی دەستنیشانکراو لەلایەن ئێرانەوە.
وڵاتە یەگرتووەکان مێژوویەکی دوورودرێژی لە وەڵامدانەوە بەو جۆرە ورووژاندنانە بەگوێرەی ستراتێژیی ڕێژەیی هەیە کە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ترسی وەزارەتی دەرەوە لە تەشەنەکردنی کێشەکە. بەڵام تەنیا لەبەرچاوگرتنی ستراتێژیی ڕێژەیی بەس نییە. چەمکی باڵادەستیی دەسەڵاتدارانە دەبێتە هۆی وەرسووڕانێک لە شێوەی هەڵسوکەوتی وڵاتە یەکگرتووکان لەهەمبەر ئێراندا.
کاتێک سیاسەتی دەرەوەی سەرۆککۆمار جۆ بایدن، لە خەوە بەئانقەستەکەی هەستێ، یان دەکەوێتەوە سەر ڕێچکە هەڵەکەی پێشوو یان جێبەجێکردنی تیۆرییەکی ماڵوێرانکەری کەتوارگەرایانە کە دەبوو لە هۆڵەکانی فێریکاریدا بمێنێتەوە.
تێگەیشتن لە باڵادەستیی دەسەڵاتدارانە
باڵادەستیی دەسەڵاتدارانە لەو بیرۆکەیەوە سەرچاوە دەگرێ کە دەوڵەتێک دەبێ هەم توانایی و هەم ویستی کۆنتڕۆڵکردنی قووڵبوونەوەی دوژمنایەتیی بەدەستەوە بێ. بە کۆنتڕۆڵکردنی خێرایی و پانتایی قووڵبوونەوەی گرژییەکە، دەوڵەتێک دەتوانێ بە شێوەی کاریگەر پێش بە دەستدرێژیی بگرێ و بەرانبەر بە ئاسەوارەکانی دەستدرێژیی کاردانەوەی هەبێ و هەڕەشەکان پووچەڵ بکاتەوە. مرۆڤ ناتوانێ تەنیا بە وەڵامدانەوەی ئاسەوارەکانی دەستدرێژیی یان کایەی تۆڵە بە تۆڵە لەگەڵ دوژمنەکانی باڵادەستیی دەسەڵاتدارانە بسەپێنێ. دەسەڵاتداریی ڕاستەقینە دەخوازێ ماکەی کێشەکە بە شیوەی ڕاستەوخۆ بکەیە ئامانج.
بڕوانە ئەو ستراتێژییەی وڵاتە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە بەکرێگیراوانی ئێران وەکوو حیزبووڵڵای لوبنان و میلیشیای جۆراجۆر لە سووریە، ڕەچاوی کردوە. ئەو ستراتێژییە دەبێتە هۆی دەوری بێکۆتاییی توندوتیژیی، بەبێ چارەسەرکردنی پرسە سەرەکییەیە: واتە خودی ئێران. لە کاتێکدا کە هێرشی سنووردار دژی بەکرێگیراوانی ئێران ڕەنگبێ ببێتە هۆی دەستکەوتی تاکتیکیی کورتخایەن، ئەوە کاریگەریی لە سەر لێکدانەوەی ستراتێژیکی ئێران نابێ، هەرچۆنێک بێ، مەلاکانی ئێران زۆر حەز دەکەن تا دوایین ئەندامی میلیشیای حەماس و حیزبوڵڵا شەڕ بکەن.
لە هێندێک دۆخدا، ئەو کردەوانە تەنانەت بە قازانجی ئێران تەواو دەبن، چونکە ڕێگای پێ دەدەن درێژە بە چیرۆکی قوربانیبوون بدات و خەڵک لە دەوری حەزی ناسیۆنالیستی کۆ بکاتەوە.
ئەگەر وڵاتە یەکگرتووەکان بە ڕاستی دەیهەوێ ئێران چاوترسێن بکات، دەبێ لەجیات جەختکردن لەسەر لێدانی بەکرێگیراوانی ئێران، کە تەنیا ئاسەواری ئامانجە شۆڕشگێڕانەکانی ئێرانن، خودی نەخۆشییەکە بکاتە ئامانج. ئۆپەراسیۆنی کولـلەی سەوز لە ١٩٨٨ نموونەیەکی باشە. ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکە، ساڵی پێشووتر دەستی پێ کردبوو و چاوەڕوانی بەرپەرچدانەوەیەکی سەربازیی ئێران بەرانبەر بە هێزی دەریایی وڵاتە یەکگرتووەکان بوو کە دەستی بە ئیسکۆرتی پاپۆڕە نەوتهەڵگەرەکانی خاوەن ئاڵای ئەمریکایی لە کەنداوی فارس کردبوو.
لە کاتێکدا کە ئێران درێژەی بە دانانی مینی دەریایی لە ئاوی نێونەتەوەییدا دەدا و هێرشی دەکردە سەر کەشتیوانیی بێلایەن، پاپۆڕی جەنگیی یو ئێس ئێس ساموێل ب. ڕابێرت بە هۆی تەقینەوەی مینێک تووشی زیانی بەرچاو بوو و برینداربوونی ١٠ دەریاوانی لێ کەوتەوە. تەنیا چوار ڕۆژ دواتر، لە ئۆپەراسیۆنی کولـلەی سەوزدا هێزی دەریایی وڵاتە یەکگرتووەکان هێرشی کردە سەر ٩ بەلەمی ئێرانی و پێگەی سەربازیی پلاتفۆرمی نەوتیی لە دەریادا کە بووە هۆی نقومکردنی پێنج بەلەم و ٥٦ کەس لە ئێرانییەکان کوژران و دوو سەرنشینی هێلی کۆپتەری ئەمریکاییش گیانیان بەخت کرد. ئەوە بووە هۆی ئاڵوگۆڕێکی خێرا بەرەو ڕەفتاری باشتری ئێرانییەکان.
بە ئیفلیجکردنی هێزی دەریایی ئێران، وڵاتە یەکگرتووەکان ئەو کردەوە ڕاستەوخۆیەی، بەگوێرەی مەرجەکانی خۆی، جێبەجێ کرد و دەسەڵاتی ئەمریکای لە دەریادا نیشان دا کە دەستکەوتێکی بەرچاوی هەبوو.
شەڕی ئابووری وەک تەواوکەرێک
وڵاتە یەکگرتووەکان هەروەها دەبێ هەنگاوی ڕاستەوخۆی ئابووری دژی سامانە ژینەکییەکانی ئێران بگرێتە بەر. ئەوە بەو مانایەیە کە تەنیا ئەو ئابلۆقانە نەسەپێنێ کە زەرەریان بۆ ڕایەڵەی بەکرێگیراوانی هەیە، بەڵکوو لە جیاتان جەخت بکاتە سەر هەناردە کردنی نەوتەکەی، کە دەماری ژیانی ئابوورییەکەیەتی. دروستکردنی زەختی ئابووری نێوخۆیی دەتوانێ وەک هاندەری ناڕەزایەتیی نێوخۆیی بێ کە بە نۆرەی خۆی دەبێتە هۆی سنووردارکردنی خولیا ناوچەییەکانی ئێران.
بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە ئەو سیاسەتەی جێبەجێ دەکرد بەڵام بایدن هەڵیوەشاندەوە.
یەکێک لە لایەنە وەڕەزکارەکانی بوخچەی گیروگرفتی ئێران، بەرنامە ناوکییەکەیەتی. لێرەش، ستراتێژیی باڵادەستیی دەسەڵاتدارانە دەبێ جێبەجێ بکرێ. لەجیاتی وەدوای وتووێژی دیاریکراو بۆ ڕێگەپێدانی ئێران بۆ کڕینەوەی کات بکەوێ، وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ کاردانەوەی ڕوون و ئاشکرای بۆ هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی چەکی ناوکی ئاراستەی ئێران بکات کە تا بەستنی ڕێگای هەناردە کردنی نەوت بە تەواوی، بچێتە پێش.
گۆڕینی دینامیزمی ناوخۆیی
لە کۆتاییدا، ستراتێژییەکی نوێی وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ ڕیشەکێشکردنی نفوزی ئێران لە بازنەکانی دیاریکردنی سیاسەتی ئەمریکاش بگرێتەوە. بڕیاری دەستنیشانکردنی کەسەکان دەتوانێ بۆ دیاریکردنی ئاراستەی سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران یەکلاکەرەوە بێ. وڵاتە یەکگرتووەکان پێویستی بە بڕیاردەرانێکە کە لە گرینگیی باڵادەستیی دەسەڵاتدارانە تێبگەن، نەوکوو کەسانێک کە لایەنگری نەرمی نواندن یان وڵامدانەوەی ڕێژەیین، یان وەکوو ئاشکرا بووە تەنانەت ڕێگا بەو کەسانە بدرێ کە تا ڕادەیەک بە مەلاکانی تاران وەفادارن.
ستراتێژیی وەڵامدانەوەی ڕێژەیی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن بەرانبەر بە ئێران دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ ئەرکداریی ئایدیۆلۆژیکی بەرانبەر بە چارەسەرکردنی سیاسی و فرەلایەنی. ئەوەی دواتر ڕیشەی لە ڕەتکردنەوەی ڕیزپەڕیی ئەمریکادایە، بەو مانایە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایی لە بەرژەوەندیی نەتەوە یان تاقمی دیکە گرینگتر نین و ڕەنگبێ بە لەبەرچاو گرتنی تاوانە خۆڕسکەکانی ئەمریکا وەکوو کۆیلەتیی ڕەگەزپەرستی، سەرمایەداری و تاد کەم بایەختریش بن. ئەو هەڵوێستە لەگەڵ چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی دیموکڕاتەکان یەک دەگرێتەوە، کە لایەنگری وتووێژ و دروستکردنی هاوڕایی لەجیات کردەوەی سەربازیی یەکلایەنەیە.
وێدەچی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن وڵامدانەوەی ڕێژەیی وەک ستراتێژییەکی مامناوەندیی ڕەچاو بکات کە ڕێگا بە نیشاندانی هێز تا ڕادەیەک دەدا کە دەرگای دیپلۆماسیی دانەخات. مرۆڤ هیوادارە بە وڵامدانەوە، نەوکوو وڵامدانەوەی لە ڕادەبەدەر بە شەڕانشۆیی ئێران، بتوانن بالادەستیی ئەخلاقی بپارێزن و ئەگەری گێڕانەوەی ئێران بۆ سەر مێزی وتووێژ زیندوو ڕاگرن، بە تایبەتی لە ڕوانگەی بەرنامە ناوکییەکەیەوە، ئەگەرچی مێژوو لە ١٩٧٩ بەولاوە بێ ئاکامیی ئەو هیوایەی ئاشکرا کردوە.
بەڵام ئەو ستراتێژییە لە ڕوانگەی تارانەوە نیشانەی لاوازییە. هەڵوێستی ڕێژەیی لە وەستاندنی لێكدانەوە ستراتێژیکییە درێژخایەنەکانی ئێران ناسەرکەوتوویە و ڕێگای پێ دەدا درێژە بە چالاکییە شەڕانشۆیانەکەی لە ناوچەدا، بە لانیکەمی ڕیسک بدا. بەپێچەوانە، ستراتێژییەکی پتەوتر کە ڕاستەوخۆ کەڵک لە هێزی دەریایی دژی سامانە ناسکەکانی ئێران وەرگیرێت دەرخەری ویستی دروستکردنی ئالنگاری بۆ کردارە ورووژێنەرەکانی ئێرانە. ئەو هەڵوێستە زۆرتر لەگەڵ دۆکترینی کەتوارگەرایانەی نەریتیی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان یەک دەگرێتەوە، کە پێشترییەتی بە کەڵکوەرگرتن لە توانایی سەربازیی بۆ بەرگریی کردن لە بەرژەوندییە نەتەوەییەکان دەدا.
لە گەمەی ئاڵۆزی شەترەنجی ژیۆپۆلیتیکیدا، تەنیا ڕەچاوکردنی سیاسەتی ڕێژەیی لە بەرانبەر بەرهەڵستکارێکی وەک ئێران کەمی دێنێ. پەیڕەوکردنی سیاسەتی باڵادەستیی دەسەڵاتدارانە ڕێگا بە وڵاتە یەکگرتووەکان دەدا جڵەوی ڕووداوەکانی بەدەستەوە بێ، ستراتێژیی سەرەکیی ئێران ناسەقامگیر بکات و ئەگەری گێڕانەوەی تاران بۆ سەر مێزی دانوستان بەو مەرجانەی بە قازانجی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بێ، زیاتر دەکات. ستراتێژییەکی ئەوتۆ، لەگەڵ شەڕی ئابووری و وریایی لە دەستنیشان کردنی سیاسەتی ناوخۆ دەتوانێ ڕێگای نوێ بەرەو سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکاتەوە.