جەماڵ فەتحی
ئەدەبیاتیش وەکوو شێوەکاری، شانۆ، موسیقا و .... یەکێک لە ژانرە هونەرییەکانە کە شارەزایانی ئەم بوارە بە کەلکوەرگرتن لەو وشە و ڕستانەی ڕۆژانە خەڵکێکی ئاسایی بۆ تێپەڕاندنی ژیانیان بەکاریان دەهێنن، بە لەبەرکردنی بەرگێکی ڕازاوە، لە شێوازی شێعر، چیرۆک و ڕۆمان ڕۆخسارێکی جوان و سەرنجڕاکێشیان لێ دەئافڕێنن. ئەگەر پێداگری لەسەر ئەوە بکرێت ئەدەبیات لە ڕاستای مانەوەی هەر نەتەوەیەک ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێ و ئەوە ئەدەبیاتە دواتر دەبێتە ئاوێنەی باڵانوێنی هەر نەتەوەیەک، پێداگرییەکە ناچێتە خانەی دەمارگیرییەوە؛ چونکە یەکێک لەو خاڵانەی مێژووی هەر نەتەوەیەکی پێ هەڵدەسەنگێنن، ئەدەبیات و هونەرە.
ئەدەبیات کە خۆی بەشێک لە هونەرە، چەندین فۆرم و پێکهاتەی لێ دەبێتەوە کە هەر کامە خاوەن تایبەتمەندیی خۆیانن و بۆ دەربڕینی بوارێک و بابەتێک دەشێن. ئەگەرچی وێژە و ئەدەب ئۆقیانووسێکی بەرینە و هەمیشە بەرەو لێوارەکانی جوانی پەل دەهاوێت، بەڵام هێندێ جار لە ئەرکە سەرەکییەکەی خۆی لا دەدات و ئاراستەکان بەرەو شوێنێک دەڕۆن کە لەڕاستیدا ئەرکی ئەدەبیات نییە و قورسایی بۆ دروست دەکەن.
یەکێک لەو ئەرکانەی ئەرکی ئەدەبیات نییە، بەکارهێنانی وشەی زبر و وشکە لەجیاتی وشەی نەرم و تەڕ و تازە. ئەگەر لە سەدەی ٨ی زایینیدا لە لایەن ڤیکتۆر هۆگۆ و شوێنکەوتووانی ڕێبازی ئەدەبیی "پارناسەکان" هاتە ئاراوە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە ئەدەبیات لەژێر باری سیاسی، کۆمەڵایەتی و زۆر باری دیکەدا پشتی چەمابۆوە و کەوتبووە هەناسەبڕکێ. ئەگەرچی ئەم بیرۆکەیە هەنووکەش لایەنگرانی خۆی هەیە، بەڵام لە دۆخی بندەستیدا کامە شاعیری دەروەستی نەتەوەی بندەست دەتوانێت لە هەمبەر خەمی نەتەوەکەی خەمسارد بێت و بە پێنووسەکەی بەرگری لە خاک و خەڵک نەکات و لە پاڵ هاژەی ڕووبار و بە بیستنی جریوەی باڵندە و شنەی دارەبی، شێعر بۆ کەژاڵی چاوکاڵی لێوئاڵ بهۆنێتەوە؟ ئەوەی کە ئەدەبیاتی هەر نەتەوەکەی چ ڕەنگ و ڕواڵەتێک لە خۆ دەگرن، پێوەندیی بە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووریی ئەو نەتەوانەوە هەیە. ئەگەر ئەدەبیاتی ڕۆژئاوا لە ئێستەدا فۆرم و بیچمێکی نەرمونیانی هەیە و قژی کاڵ و باڵای نەونەمام لەجیاتی ئاڵا و سەربەستی لە شێعری شاعیرانیان شەپۆل دەدا، وەکوو ئێمەی کورد لە چوار لاوە پەلامار نادرێن و دڵێکی بە دوور لە خەمۆکی و دڵەڕاوکێیان هەیە بۆ دەبڕینی هەست و خۆشەویستی، وەکوو شاعیری بندەستی پەژارە لەدڵی کورد نییە کە خەمی نەبوونی و ئازادی و یەکسانی بڕستی لێ بڕیبێ.
ئەدەبیاتی بەرگری:
"ئالفۆنز دوو لامارتین" شاعیری فەڕانسەیی دەڵێت: "لە کاتی ساوایی نەتەوەکاندا و کاتێ مێژوو و کۆنەست، خەیاڵ و هەقیقەت ئاوێتە و تێکەڵ دەبن، حەماسە و بەرگریی شێعری نەتەوەکانە و شاعیرانیش مێژوونووسی نەتەوەکانن". بۆ نەتەوەیەک هێشتا پێی نەگرتوە و ساوایە و شاعیرانی لە پرۆسەی پێگرتن و گەیشتن بە سەربەستیدا ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگ دەگێڕن و وەکوو سپایەک لە جەنگاوەران بەرەوڕووی دوژمن و ستەمکار دەبنەوە و بە شێعرە بەرگریکارییەکانیان خەیاڵی خاوی داگیرکەر بەتاڵ دەکەنەوە، "ئەدەبیات" و "بەرگری" دوو چەمکی دووانەن کە چەمکێكی نوێ بە ناوی ئەدەبیاتی بەرگری چێ دەکەن. نەتەوەی کورد لەم سەردەمەدا کە بە سەردەمی دەوڵەت ــــ نەتەوە ناسراوە و گوتاری دەوڵەت پێناسەیەکە بۆ نەتەوەبوون، بە هۆی ئەوەی خاوەنی دەوڵەت نییە لە هەموو مافێک بێوەرییە و دەیان ساڵە لەلایەن چوار دەوڵەتی تازەسەرهەڵدراوەوە سەرکوت و کۆمەڵکوژ دەکرێ، بەڵام کورد هیچ کات نەچۆەتە ژێر باری ستەمی داگیرکەرانی کوردستانەوە و بەردەوام کوورەی خەباتی ڕزگاریخوازیی ئەم نەتەوە بڵێسەدار و بەتین بووە. لە پەنای جەنگاوەرانی ڕێگای سەربەستیدا، شاعیران و پێنووسە دەرەوەست و نیشمانپەروەرانێک هەبوون کە بە وشە یاخی و بوێرانەکانیان دژ بە ستەم و بێدادی وەستاونەتەوە و نەیانهێشتوە نەریتی کۆیلایەتی و بندەستبوون لە نیشتمانی کوردان پەرە بستێنێ و گەشە بکا. ئەم شێوازە ئەدەبییە کە بە "ئەدەبیاتی بەرگری" ناسراوە، زۆر شاعیر و خامەبەدەست لە خۆیدا جێ دەکاتەوە کە هەر لە باباسەرهەنگی دەودانییەوە بگرە هەتا ئێستە شاعیرانی کورد زۆربە لە دۆخی ئەدەبیاتی بەرگری و بەرگریی لە ئەدەبیاتی کوردیدا بوون. چ ئەو شاعیرانی بە وشە یاخییەکان بەرەنگاری دوژمن و داگیرکەر بوونەتەوە و چ ئەوانەی بە وشەی جوان و ڕازاوە ئەدەبیاتی کوردییان لە فەوتان و لەنێوچوون ڕزگار کردوە، دەچنە خانەیەکەوە کە دوژمن پێی بێزار دەبێت. بەڵام لە نێوانیاندا کەسانێک خەمی خاک و نەتەوەکەیان وەها قورسایی خستۆەتە سەر شانیان کە بەدەگمەن توانیویانە ئاوڕ لە سۆز و هەستی دەروونیی خۆیان بۆ خۆشەویستەکەیان بدەنەوە و لە ناخیاندا ئەگەریش جگە لە نیشتمان خۆشەویستێکی دیکە هەبێت لە کۆتاییدا هەر پەنا بۆ ئامێزی نیشتمان دەبەن و خۆشەویستی و ئەوین لەودا پێناسە دەکەنەوە.
جەلال مەلەکشا، ئەو جەستە لاوازەی قورساییی نیشتمانێکی لەسەر شان بوو
مێژووی ئەدەبی کوردی گەلێک شاعیری دەروەستی بە خۆوە بینیوە، ئەو کەسانەی بە پێنووسەکەیان هەم بەرگرییان لە نیشتمان کردوە و هەم لە ئەدەبیاتی گەلەکەیان. بە حوکمی بارودۆخی کورد، شاعیری لەم چەشنەمان گەلێک زۆرن و زۆریان لەپێناو خۆشەویستی و سەربەستیی نیشتماندا ژیانیان فیدا کردوە و هەموو ئازار و ناخۆشییەکیان بینیوە، بەڵام لە نێوانیاندا کەسانێکی دەگمەن هەن کە کوێرەوەریی ڕێگای سەربەستیی نیشتمانیان گەلێک بەئازارتر و تاڵتر بووە. قانع، هەژار، هێدی و هێمن کە لە شاعیرانی سەردەمی کۆماری کوردستانن، وەکوو شاعیرانێک پێناسە دەکرێن کە لە ڕێگای سەربەستیی کوردستاندا سەرەڕای ئازار و ناخۆشییەکی زۆر بەڵام کۆڵنەدەرانە بە شێعر و خامەکانیان هەم داکۆکییان لە نیشتمانەکەیان کردوە و هەم بە خوڵقاندنی بەرهەمە جوان و ڕازاوەکانیان سیمایەکی جوانیان لە ئەدەبی کوردی پێشکەش کردوە. پاش ئەم شاعیرانە نەوەیەکی نوێ لە شاعیران لە گۆڕەپانی جوانی و بەرگرییەوە هەنگاویان هەڵگرتوە، کە سوارە، مارف ئاغایی، عەلی حەسەنیانی (هاوار)، شەریف حوسێنپەناهی، قاسم مۆئەیەدزادە (هەڵۆ)، فاتح شێخولئیسلامی (چاوە)، ڕەحیم لوقمانی، ڕابوون ڕۆژهەڵات و جەلال مەلەکشا سەرباشقەی ئەو کەسانەن کە وشەکانیان چەندە لە بەرانبەر داگیرکەردا تاڵ و تفتە، دوو هێندە لە باری جوانیناسییەوە دەگمەن و ڕازاوەن.
ئەگەرچی دۆخی کورد بە جۆرێکە ناکرێت شاعیرانی دەروەست پلەبەندییەکی ڕاست و دروستیان بۆ بکرێت، بەڵام لەو نێوانەدا جەلالی مەلەکشا تایبەتمەندییەکی دەگمەنی هەیە و لەگەڵ شاعیرانی دیکەی پێش خۆی و هاوسەردەمی خۆی جیا دەکرێتەوە. یەک لەو تایبەتمەندییانەی جەلال لە ئەدەبیاتی کوردیدا کە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران ڕووی تێ کرد، ئەوەیە لە هەموو بارێکەوە جەلال قەڵەمەکەی خستە خزمەتی دۆزی نەتەوەیی و تاکە خەمی ئەو خەمی نیشتمان بوو. ئەگەر جاروباریش ڕووی لە شێعری سۆزداری و ئاشقانە کردوە، بەڵام خەمی نیشتمان نەیهێشتوە سۆزەکەی بگاتە کۆتایی و لە دوادێڕەکانیدا پەژارە و خەم دایگرتوە و دەستی لە یەخەی خۆشەویستی و جێژوان کردۆتەوە.
جەلالی شاعیری نەحەساوە وەک چۆن شاملوو لە بارەیەوە دەڵێت: "داهاتووی ئەدەبیاتی فارسی لە قەڵەمی جەلال مەلەکشادا بەدی دەکەم"، لە ئەدەبیاتی کوردیدا چەند قات زیاتر ئازا و شارەزاتر دەرکەوت و وەکوو ئەستێرەیەکی گەش و شۆڕەسوارێکی بێوێنە ئەسپی قەڵەمی تاو دا و ناوی خۆی لە سەردێڕی "ئەدەبیاتی بەرگری"دا تۆمار کرد. ئەم شاعیرە لێهاتووە هێندە بەئەمەگەوە ئەرکی ئەدەبی و نیشتمانیی خۆی ڕاپەڕاندوە کە تەنانەت لە بەندیخانەکانی داگیرکەرانیش کۆڵی نەداوە و "زڕەی زنجیری وشە دیلەکان"ی قانع ئاسایی وەکوو زێوەی شاهانە دەهاتە بەرچاو، و هەرچەندە "دیوارێکیان بە دەور شێعرەکانیا دەکێشا و پەرژینیان دەکرد"، بەڵام "شێعری هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانیا بزۆز و شێت و لاسار بوو". جەلال تەنانەت کاتێکیش دەیەویست گلەیی و گازندەیەک لە خۆشەویستەکەی و چارەنووسی خۆی بکا، گۆشەنیگایەکی هەر لە لای نیشتمان و نەتەوەکەیەوە بوو و ئەو کاتانەی کە بە دەستی تەنیایی و غەریبییەوە دەیناڵاند، تەنیایی و غەریبی خۆی دەبەستەوە بە چارەنووسی نەتەوەکەی کە وەکوو باوە ئادەم بەتەنیا لە "چوارڕێیانی گەردوونا ڕاوەستاوە".
ئەم پێنووسە کۆڵنەدەرە کە بە هۆی لێهاتووییەوە لە زمانی کوردی و فارسی و لە ژانرەکانی چیرۆک، شێعر و وەرگێڕانەوە دەیتوانی ژیان و سامانێکی زۆر و دوور لە هەر فەرتەنەیەک بۆ خۆی دەستەبەر بکا، بەڵام ناخی پڕ لە داخی بۆ نیشتمانی لەتلەتکراوی قەت ڕێگای پێ نەدا بەڵێنیی بە خاکەکەی بشکێنێ و لە هەمبەر داگیرکەراندا سەری شۆڕ بکات و وەک خۆی لە شێعری "چەپکێ تیشک"دا دەڵێت:
دەپرسی بۆ
خۆم خستە ناو ئەم فەرتەنە؟
من دەمەوێ
بە گاسنی وشەی شێعر
وەرزی تازە بکێڵمەوە
بۆ چاندنی زەردەخەنە
بووم بە شاعیر
دەرد و ئازارم هەڵبژارد
لە کارگەی چەوساوانا
شێعرەکانم کردە تفەنگ
بەڵێنم داوە چەپکێ تیشک
لە خۆر بدزم بیدەم لە پرچی شەوەزەنگ
مەلەکشا کە خەمی گەورەی بێوڵاتییە، ئەم خەمەی زۆر جار بۆتە سووژەیەک بۆ لەدایکبوونی شێعرێکی بەهەست و لە ناونیشانی سەردێڕێک بە ناوی "بێوڵات"دا بەم چەشنە ئازاری دەروونی خۆی باس دەکات:
چل ساڵە من
تەرمی خۆمم لە کۆڵ ناوە
دەیگێڕم و ئەشک ئەڕێژم
ڕێگای دووری تەمەن ئەبڕم
بستێ خاکم دەست ناکەوێ
ئەم جەستە پڕ لە ئازارەی
تیا بنێژم!
ئەگەرچی باس و هەڵێنجانی شێعرەکانی جەلال مەلەکشا زۆری دەوێ و تەنیا بە وتار و بابەتێک ناکرێ هەموو مافی خۆی پێ بدرێ، بەڵام ئەگەر تەنیا جارێک بە هەستەوە شێعر (زڕەی زنجیری وشە دیلەکان) و چیرۆکە (کارەسات) کوردی و هەروەها فارسییەکانی بخوێندرێتەوە، دەزانی کە ئەم پێنووسە پڕ لە ئازار و جوانییە چەندە بەتوانا و لە هەمان کاتدا چەندە دەروەستی ناخی پڕ لە هەستی شۆڕشگێڕانەی خۆیەتی، کە هەم توانیویە بە ئەدەبیاتەکەی بەرگری لە ستەملێکراوانی وڵاتەکەی بکا و هەم بەرگری لە ئەدەبیاتێک بکا کە سەدان ساڵە لەژێر ناوی سیستەمی دەوڵەت ــ نەتەوەی داگیرکەرەوە هەوڵی لەنێوچوونی بۆ دراوە.
لە کۆتاییدا بڵێین جەلال مەلەکشا بە جەستەیەکی لاواز خەمی قورسی نیشتمانێکی لەسەر شان بوو و بە هەمان جەستەی لاوازییەوە قەڵافەتێک لە ئەدەبیاتی بەرگری و بەرگریی لە ئەدەبیاتی نەتەوەکەی بوو.