کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی "ڕێژێمی سەهیۆنیست"ی بەڕەسمی دەناسێت

15:51 - 16 خەزەڵوەر 2723

دارسمە

باسی ئەم جارەمان باسی سێزدەی مانگی خەزەڵوەر یان وەک فارسان دەڵێن مانگی "آبان"ـه. باسکردنی ئەم سێزدە نەحسە، یان پێوەندیی بە منداڵانەوەیە یان خۆی ڕۆژێکی زۆر منداڵانەیە.

لێمان تێک‌نەچێت، منداڵان هیوای ئێستا و داهاتوومانن و پێشترێش ئەو ژن و پیاوانەی مردوون و ئەوانەی ماویشن، هەموویان لە خولی یەکەمی ژیانیاندا منداڵ بوونە.

لێرەدا بۆ ئەوەی بێڕێزی بە منداڵ نەکرابێت، لە ڕوانگەی خاوەن‌تەمەنانی "سەرزل"ـەوە دەڕوانرێتە وشەی "منداڵانە" و وەک ئێدیۆمێک بە مانای کامڵ‌نەبوون و تێگەیشتن تێی‌هەڵدەڕوانین. جا بۆ ئەوەی منداڵان سەبارەت بەم بۆچوونەمان گلەییمان لێ‌نەکەن، با خەریکی دەرس و مەشق و پلەستەیشن و کەڵەکە‌بڕێن و چاوشارکێی خۆیان بن و ڕێگە بدەن ئێمەی "بڵ" و "قانگ" و "شەختە‌ئەنگاوتە"ی نامنداڵ زیاتر خەریکی کاری سەیر و سەمەرە و ناوازەی خۆمان بین.

بەڵێ، باسی سێزدەی خەزەڵوەرمان دەکرد. دیارە دوو ڕۆژ بەر لە بڵاوبوونەوەی ئەم بابەتەی بەرچاوتانیش هەر سێزدەی خەزەڵوەر بوو. ئەم سێزدەی خەزەڵوەرەش زۆر سەیروسەمەرەیە. ئەمەیان دەگەڵ ٢٢ی ڕێبەندان و یەک دوو ڕۆژی دیکە لە مەودای ٣٦٥ ڕۆژی ساڵدا "یەوموڵڵا"یان پێ دەگوترێت و، بە ڕۆژانی خوا دەناسرێن و بەمجۆرە ڕۆژانی دیکە هەموویان ڕۆژی شەیتانن. ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە ئەم پرسیارەیە خوا لەم هەموو ڕۆژەی ساڵدا بۆچی تەنیا چەند ڕۆژێکی بۆ خۆی گل داوتەوە و ئەم هەموو ڕۆژەی دیکەی ڕێک دە مستی شەیتان کردوە؟

سێزدەی خەزەڵوەر لە ڕۆژێکدا بەگرینگ وەسف کرا، حەمەی کوڕی ڕەزا دووهەمین شای بنەماڵەی پەهلەوی ١٣٤٣ی هەتاوی لەم ڕۆژەدا بە عەقڵێکی "قانگ"ـەوە حوکمی دەرکردنی خومەینیی لە ئێرانەوە بۆ دەرەوە دەرکرد و بەم جۆرە گێلەپیاوێکی سەیروسەمەرەی وەک دوژمنی خۆی و نەیارانی خۆی پەروەردە کرد.

١٣ی خەزڵوەری ١٣٥٨یش دوای گەڕانەوەی ئەو زەلامە بێ‌خێرەی شای نەفام دەری‌کردبوو، بە داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، بە دەستی کۆمەڵێک خەڵکی "بڵ"، نەحس‌بوونی ئەم ڕۆژە جارێکی دیکە سەلمێندرایەوە.

لەو کاتەوە دەسەڵاتدارانی ئێران لە ڕواڵەتدا دەهۆڵی دژە ئەمریکا و ئیسڕائیلیان هەڵگرت و دەستیان بە خاپاندنی برایانی مسوڵمان کرد. خاپاندنەکە لە قوم و تاران و مەشهەدەوە بەرەو عێڕاق و سووریە و لوبنان و یەمەن پەلی هاویشت. ئێستاش لەکاتێکدا جەنگی کۆنی ئیسلام و جوو سەرلەنوێ گەرم بووەتەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران بە مەبەستی مانەوەی خۆیان، پاڵ بە برایانی حەشدی شەعبی، حووسییەکانی یەمەن و جەماعەتی سووریە و حیزبوڵڵای لوبنانەوە دەنێن و دەیانەوێت ئەوانیش وەک حەماسی برا خەڵکی وڵاتانی خۆیان بە ئاگری شەڕی نێوان ئیسلام و جوو بسووتێن.

لەم بەینە‌دا ئەو کەسانەی بە تەمەنی گەورەوە منداڵانە بیر ناکەنەوە و تووشی "بڵایەتی" و "قانگ‌بوون" و "شەخەتەئەنگاوتەیی" نەبوونە، کاتێک ئەم بەزمە دەبینن، لەبەر پێکەنین تووشی ژانەسک دەبن!

ڕێبەری موعەززەمی کۆماری ئیسلامییش دیارە لە هەموو کەس باشتر سەر لەم بەزمە دەر دەکات، بۆیە لە کۆبوونەوە دەگەڵ قوتابیان لە سەروبەندی ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا داوای‌ کرد موسڵمانان ڕێگەی ناردنی نەوت و خواردەمەنی بەرەو وڵاتی جوولەکان بگرن.

هەموو ئەوانەی دەسەڵاتی جوولەکان بە سەهیۆنیست ناو دەبەن و دەڵێن پێویستە ناوی وڵاتی جوولەکان واتە ئیسرائیل لەسەر نەخشەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بسڕێتەوە، یەک بە ئێران و هەموو خۆرهەڵاتی نێوەڕاست خوار دەڕۆن و لە ژێرەوە خەریکی فرت و فێڵی دیکەن. بۆ سەلماندنی ئەم خوارڕۆیشتنەش دەبێ بڵێین نەک ئێستا بەڵکوو لەمێژە دەسەڵاتی ئیسڕائیلیان لە سەردەستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕەسمی ناسیوە.

هەر دوور نەڕۆین ڕۆژی هەینیی بەر لە لێدوانی خامنەیی بۆ قوتابیان، نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی بە بڕیارنامەیەک دا، بوونی دوو وڵاتی ئیسرائیل و فەلەستین لە تەنیشت یەکتر بەڕەسمی دەناسێت. دیارە ئەمە یەکەم دەنگدانی ڕەسمی بۆ مانەوەی دوو وڵاتی ئیسڕائیل و فەلەستین لە تەنیشت یەکتردا لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە نییە، بەڵکوو نوێنەری ئەم دەسەڵاتە بەپێی بەڵگەنامان هەر لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سێ جاری دیکەش لە ١٣ی ژوئێنی ٢٠١٨ و ٢٩ی مارسی ٢٠١٢ و  ٢١ی دیسامبری ٢٠١٧ دەنگیان بە بەرنووسی ئەو بڕیارنامانە داوە، بە شێوەیەک لە شێوان دەسەڵاتی سەهیۆنیسم لەسەر بەشێک لە خاکی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و دەسەڵاتی ئیسڕائیل بەڕەسمی دەناسن.

دەکرێت ئەنجامی ئەم باسە ئەوا لێک‌بدرێتەوە:

١-‌ سێزدەی خەزەڵوەری نەحس تەنیا بۆ بانگەشەی دەسەڵاتدارێتیی شتی چاکە.

٢-‌ لە ماوەی ساڵدا ڕۆژانی خوا گەلێک لە ڕۆژانی شەیتان کەمترن و لێرەدا بەخشندیی خوا حاشا هەڵنەگرە.

٣-‌ هەزاران هاووڵاتیی کورد و عەرەب و بەلووچ و تورک و ئازەری بە قوربانی تاڵەموویەکی ڕێژێمی سەهیۆنیستی بن.

٤- ئەوەندەی حەماس و ئیسڕائیل زیاتریان لێ ‌بکووژرێت، ئەوانی لە تارانن باشتر دەحەسێنەوە و، خەویان قووڵ‌تر دەبێت.

٦- جارێکی دیکە یەوموڵڵای ١٣ی خەزەڵوەرتان پیرۆز بێت.

 

لێکدانەوەی ئەو وشانەی ناوازەن:

بڵ: بە میوەی خراپ‌گەیشتوو دەڵێن.

قانگ: ئەو توورەیە نێوکەکەی بۆش و بەتاڵ و بێ‌تامە.

شەختەئەنگاوتە: ئەو بێستان و باخچەیە سەرمای سەرەتای زستان گەڵا و بەروبوومی هەڵتەکاندوە.