کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی "ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەری" خستە نێو ڕۆژژمێری فەرمیی خۆیەوە

11:06 - 17 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی خەزەڵوەر "شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی"ی ڕێژیم، بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، دووهەمین ڕۆژی مانگی موحەڕەمی لە ڕۆژژمێری فەرمیی ئێراندا وەک ڕۆژی "ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر"، ناودێر کرد و  بڕیارە کە ئەم پەسەندکراوە لە ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوییەوە جێبەجێ بکرێت.

ڕێژیمی ئێران لە چەند دەیەی ڕابڕدوودا بە پشتبەستن بە "ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر" و بەتایبەت لە ڕێگەی گەشتی ئێرشادوە، بە بەردەوامی مافی مرۆڤی پێشێل کردووە.

ناودێرکردنی فەرمیی ئەم ڕۆژە لە حاڵێکدایە کە لە مانگەکانی ڕابڕدوودا لایەنگرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە پشتبەستن بە "ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر" سەرکوتی ژنان و کچانیان پەرە پێ دابوو؛ نموونەی بەرچاوی توندوتیژییەکانی ڕێژیم لەژێر ئەم ناوە، کوژرانی ئارمیتا گراوەند، قوتابیی تەمەن ١٦ ساڵ بوو کە لەلایەن هێزەکانی ناسراو بە "حیجاببانان"ەوە پەلاماری درا و پاش ٢٨ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵی ڕابردوودا و پاش کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە، سەدان کەس لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژران و بە هەزاران کەسیش بریندار کران و ڕەوانەی زیندانەکان کران.