موحسێن خەلیلی
تۆتالیتاریزم ئاماژەیە بۆ جۆرێک لە سیستەمی حکوومەتی کە تێیدا حکوومەت کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی خەڵک و کۆمەڵگادا هەیە. لەم سیستەمەدا حکوومەت بە قووڵی لە لایەنە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری و تەنانەت تایبەتمەندییە کەسییەکانی مرۆڤەوە تێوەدەگلێ و هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.
تایبەتمەندییەکانی تۆتالیتاریزم
لە سیستەمی تۆتالیتردا، حکوومەت کۆنترۆڵ و هەژموونیی تەواوی بەسەر کاروباری وڵات و هاوڵاتییاندا هەیە و ماکەی ستەمکاری و دیکتاتۆریی دەسەڵات و بڕیارەکان، لەلایەن تاکێک یان چەند کەسێک یان گروپێکەوە دیاری دەکرێن.
سیستەمی تۆتالیتر، کۆمەڵگە ناچار بە پابەندبوون دەکات؛ وا دەکات کە تاک و هاووڵاتییان بە ناچاری پابەندی بڕیار و بنەما و فەرمانەکانی ئەم حکوومەتە بن.
تۆتالیتاریزم بە کۆنترۆڵکردنی میدیا واتە دەستداگرتن بەسەر میدیادا، زانیارییەکان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەبات کە لەگەڵ بەرژەوەندیی خۆیدا بگونجێت.
لەو سیستمەدا بایەخێکی زۆر بە کۆنترۆڵکردنی میدیا و سەرچاوەکانی زانیاری دەدرێت بە جۆرێک کە هەواڵ و زانیاری تەنیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی حکوومەت بڵاو دەکرێتەوە، حکوومەت هاوکات دەکەوێتە بواری چاودێریی کۆمەڵگاوە، واتە مرۆڤ و لایەنە جیاوازەکانی ژیان لەلایەن حکوومەت و بەپێی سیاسەتەکانی، چاودێری دەکرێن.
دیارە ئەو سیستمە بەوەش ڕاناوەستێت و زیاتر دەپەرژێتە سەر ئەو جومگانەی کۆمەڵگا کە ئەکتیڤن یان ڕۆحی بووژانەوەی مەدەنیان تێدایە، هەر بۆیەش دەکەوێتە کار بۆ کۆنترۆڵی لایەنی ڕۆشنبیری و هونەر، تاکوو هونەر و ڕۆشنبیری بخاتە خزمەت ئامانجەکانی خۆیەوە.
لەو ڕووەوە کە جومگە ڕۆشنبیرییەکان بوونەتە سەرچاوە بۆ وشیاربوونەوەی خەڵک، سیستەمەکە دەست بۆ ترس و تۆقاندن و تێرۆر دەبات، بەو مانایە کە ترس و تیرۆر و ڕێوشوێنی ئەمنی بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا بەکار دەهێنێ تاکوو خەڵک واز لە دژایەتیی حکوومەت بێنن .
ئەساسی بەرژەوەندیی تۆتالیتار لێرەدا سڕینەوە و سەرکوتکردنی نەیاران و کەسانێکە کە ڕەنگە ببنە مێکانیزم بۆ ڕاوەستان لە بەرابەر ئامانجی نگریسی ئەو مودێل حکوومەتە.
مەسەلەی ئابووری هەموو کات ڕۆڵی گێڕاوە، واتە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی تۆتالتاریزمدا، ئەساس و کۆڵەکەی سەقامگیرییە، هاوکات کە کۆڵەکەی سەقامگیرییە، پایەی گرینگی پەلهاویشتن بۆ ئامانجەکانی توتالیتاریزمیشە، بۆیە کۆنتڕۆڵی ئابووری مکانیزمێکی گرینگە، حکوومەت زۆرترین کۆنتڕۆڵی بەسەر ئابووری و سەرچاوەکاندا هەیە و بە زۆری هەموو پیشەسازی و بازرگانییەکان بەدەست حکوومەتەوەیە.
لەم برگەیەشدا بە زۆری کۆنترۆڵی ئابووریی وڵات دەکات و بڕیارە ئابوورییە گرینگەکان لە ناوەنددا دەدات .
کاریگەرییەکانی ڕێژیمی تۆتالیتر و ئیدۆلۆژییەکەی لەسەر دژبەرانی خۆی:
شەڕی دەڕوونی ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی حکوومەت یان دامەزراوەیەک بۆ گۆڕینی هەڵوێست و بیر و باوەڕ و ڕەفتارەکانی خەڵک لە ڕێگەی کاریگەری لەسەر کولتوور و میدیا و پەروەردە و زانیارییەوە. لە بەرامبەر هێزە دژبەرەکان و ئۆپۆزسیۆندا، حکوومەتێکی ئایدیۆلۆژیکی تۆتالیتر دەتوانێت تەکنیکەکانی شەڕی دەروونیی نەرم بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هێزانە بەکار بهێنێت. کاریگەرییەکانی ئەم ڕێبازە لەسەر هێزی بەرامبەر دەتوانێت بە شێوەگەلێکی جۆراوجۆر بێت بۆ نموونە: لاوازبوونی متمانە و تەسلیمبوونی دەروونی؛ حکوومەت هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پەیام و زانیاریی جۆراوجۆرەوە متمانەی خەڵک بە هێزی دژبەری خۆی لاواز بکات و وایان لێ بکات باوەڕیان بە حکوومەت هەبێت.
حکوومەت بۆ بەرەوپێشبردنی ئایدۆلۆژیای خۆی، دەس بۆ کەڵکوەرگرتن لە میدیا و پەروەردە و ڕۆشنبیری دەبات تاکوو لەم ڕێگایانەوە ئایدۆلۆژیا و تێڕوانینەکانی خۆی بەرەوپێش ببات و بتوانێ خەڵک بە قەناعەت بگەیێنێ کە هێزی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەر ئاسایش و بەهێزیی وڵات، هەڕەشەیە.
حکوومەت بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نەرێنی دەیهەوێ خەڵک بۆ گۆشەگیری هان بدات و بۆ لاوازکردن و سنووردارکردنی کاریگەریی هێزی بەرامبەر، تێکەڵەیەک لە هەڕەشە و تۆقاندن بەکار بهێنێت.
لە هەمان کاتدا بە پەرەپێدانی ماندوویەتی و بێزاری و بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نەرێنی و زیادکردنی فشار دەیهەوێت ببێتە هۆی ماندوویەتی و بێزاری لە هێزی ئۆپۆزسیۆن و کەمکردنەوەی کاریگەرییان بۆ بەردەوامبوون لە چالاکییەکانیان.
چەکی زانیاریی زیانبەخش بەکار دێنێت بۆ ئەوەی سەبارەت بە هێزی بەرامبەر زانیاریی زیانبەخش یان نەرێنی بڵاو بکاتەوە، مەبەستی لەم کارەش زیانگەیاندن بە وێنەی ئەوان و دوورخستنەوەی خەڵک لە هاوکاریکردن لەگەڵیانە.
لە زۆر قۆناغدا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئۆپۆزیسیۆن دەدات، بەو واتایە کە حکوومەت بە پەکخستنی کەناڵەکانی پەیوەندیی هێزی دژبەر، پەیوەندییەکانیان تووشی کێشە دەکات تاکوو بتوانێ ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و پەیامی ئۆپۆزسیۆن بکات.
بەکارهێنانی ترس و هەڕەشە؛ حکوومەت بە هەڕەشەکردن و گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنیی توند، ئەیەوێ خەڵک لە چالاکییەکانی ئۆپۆزسیۆن بێهیوا بکات.
شەڕی دەروونیی نەرم کاریگەریی لەسەر کاردانەوە و ڕەفتار و هەڵوێستی خەڵک دەبێت و دەتوانێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەریی هێزە دژبەرەکان و بەهێزکردنی پێگەی حکوومەتی ئایدیۆلۆژیکی تۆتالیتر.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی تەمەنی خۆیدا بە بەردەوامی دژی شێوازەکانی دیکتاتۆری و تۆتالیتاریزم خەباتی کردووە و بە گرتنەبەری تاکیک و ستراتێژیی دروست و واقعبینانە بۆتە هۆی پووچەڵکردنەوەی پلانەکانی تۆتاڵیتاریزمی کۆماری ئیسلامی .
حیزبی دیموکرات بە وشیارکردنەوە و بەخشینی زانیاریی ورد سەبارەت بە تکنیکەکانی ڕێژیم، بە کەڵکوەرگرتن لە میدیای ئازاد و پێکهێنانی کۆڕ و بەرزکردنەوەی ئاستی هێزی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ شەڕی دەروونی، وەکوو گەورەترین دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئەژمار دێت.
ئەگەر نموونەشی بۆ بێنینەوە :
بە ڕوونی دیتمان کە چۆن وێژمان و سیاسەتەکانی حیزب لە بزووتنەوەی ژینادا ڕەنگی دایەوە، لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نە وەک حیزب، بەڵکوو لە قاڵبی حکوومەتێکی دێموکراتدا لە بەرابەر حکوومەتێکی تۆتالیتردا دەبینرێت .
بۆ نموونە کاتێک لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە پەیام یان ڕاگەیەندراوێک دەر دەکرێ، سەرانی ڕێژیم بەخێرایی دێنە جواب و دەست بە هەڕەشە دەکەن، ئەم وڵامدانەوە خێرایە و ئەم ترسەی ڕێژیم ڕێک وەک ئەوەیە کە بیهەوێ وڵامی حکوومەتێک بداتەوە، نەک حیزبێک! ئەگینا لەکەس شاراوە نییە کە ئەو هەموو ئیمکاناتە نیزامییەی کە لەدەستی ڕێژیمدایە، لەدەست حیزبی دێموکراتدا نییە و ئەو حیزبە بە ئیرادەیەکی لەگیراننەهاتووی شۆڕشگێرانەوە، جەخت لەسەر داواکارییە ڕەواکانی خۆی دەکاتەوە!
ڕێژیم لە کاتی هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی ئێمە، کەڵک لە مووشەکگەلێک وەردەگرێ کە لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل وەکوو زلهێزێکی ناوچەکەدا دەیەوێ بەکاری دێنێت، کە ئەمەش خۆی نیشاندەری ترسی لەڕادەبەدەری ڕێژیم لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و بەتایبەتیش حیزبی دێموکراتە!
لە کوتاییدا ئەگەر بمانەوێ ئاماژە بە نموونەی دەسەڵاتە تۆتالیترەکان لە مێژوودا بکەین، دەتوانین ئاوا ناویان لێ ببەین: هیتلێر لە ئاڵمانی نازی، ستالین لە یەکیەتیی سۆڤییەت و ماوتسێ تۆنگ لە چینی شیوعی. ئەم جۆرە سیستەمانە بە زۆری پەیوەستن بە سەرکوتکردنی مافەکانی مرۆڤ، هەڵپەساردنی بنەما دێموکراتیکەکان و ئازادییە تاکەکەسییەکان.
هانا ئارێنت لە کتێبی تۆتالیتاریزمدا دەڵێ:
گرینگترین تایبەتمەندی کە دەتوانرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان ئەوەیە کە ئەو بزووتنەوانە خێرا لەبیر دەکرێن و بە ئاسانی شتێکی دیکە لە شوێنی ئەوان دادەمەزرێت. ئەم کەیسە زیاتر پەیوەندی بە کوالێتی ناوبانگی سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوانەوە هەیە. ئەمە بۆ هیتلێریش ڕاستە کە لە ژیانیدا هێندە ڕاکێشانێکی خستەگەڕ کە کەس بەرگری لێ نەدەکرد. بەڵام ئەمڕۆ لە دوای شکست و مەرگی هیتلێر ئەوەندە لەبیر کراوە کە تەنانەت لەنێو گروپە نیوفاشیست و نیونازییەکانی دوای شەڕیشدا ناتوانێت ڕۆڵێکی گرینگ بگێڕێت.
ئەم ناسەقامگیرییە پەیوەندیی بە ناسەقامگیرییە ناسراوەکەی جەماوەرەوە نییە. ئەم ناسەقامگیرییە لە ڕادەبەدەرە، پشتڕاستکردنەوەیەکی دڵخۆشکەر بۆ ئەم سەرکردە مردووانەیە کە توانیویانە ڕەعیەتەکانیان بە ڤایرۆسێکی تایبەتی تۆتالیتاری تووش بکەن. بۆیە هەڵەیە ئەگەر وابزانین ناسەقامگیری و لەبیرچوونەوەی جەماوەر ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە وەهمی تۆتالیتاری هاتوونەتە دەرەوە. هەڵەیەکی جددیتر ئەوەیە کە لەبیرمان بچێت، بەهۆی ئەم ناسەقامگیرییەوەیە، کە دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکان تا ئەو کاتەی لە دەسەڵاتدا بن، پشتیوانیی جەماوەرییان هەیە و سەرکردە تۆتالیتارییەکان لە ژیاندان.