کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر

11:27 - 17 خەزەڵوەر 2723

بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی خەزەڵوەر، بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەولێر، بە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کرایە ئامانج.

دژە تێرۆری کوردستان ڕایگەیاند، لە یەکەم هێرشدا بە دوو درۆنەوە هێرش کراوە و لە ئاسماندا تەقێندراونەتەوە، لە هێرشێکی دیکەشدا درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کەوتووەتە خوارەوە کە نەتەقیوەتەوە.

لەو پێیوەندیەدا، ڤیدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆنامەڤانییدا لە واشنتۆن دی سی، وتی: " ئەو هێرشانە کاریگەرییان لەسەر خەڵکی سڤیل هەیە و ئێمە لە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوام دەبین تاکوو دڵنیا بین لەوەی کە لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە دەکات."

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ وەین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگه‌یاند، "شه‌وی ڕابردوو، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هاوپەیمانانی لە کوردستان کردووەتە ئامانج.

حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەمبارەوە ڕایگەیاند: لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا چەند جارێک بە درۆن هێرش کراوەتە سەر سنووری پارێزگای هەولێر؛ هێرشە درۆنییەکان زیاتر بنکەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.