کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەنگی ڕەخنەگران و سیخوڕیکردن بەسەر ژیانی تایبەتیت خەڵکدا دەدات

12:24 - 17 خەزەڵوەر 2723

مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بە پەسەندکردنی یاسایەک، هەوڵی سیخوڕیکردن بەسەر ژیانی تایبەتیی خەڵک و کۆنترۆڵ و چاودێریکردنی ڕەخنەگران دەدات.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ خەزەڵوەر، مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بە پەسەندکردنی گەڵاڵەی "چاودێریی شێوازی ژیانی تایبەتی هاووڵاتییان'' ڕێگەی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری تایبەت و گشتی و هەروەها شیکاری و دەستێوەردان لە ژیانی تایبەتیی خەڵکدا کردووە.

ئەو گەڵاڵەیە ڕۆژی دووشەممە ١٥ خەزەڵوەر، ڕەوانەی مەجلیسی ڕێژیم کراوە و نوێنەرانی مەجلیسیش لە ڕێگەی وەزیری ئێرشادی ڕێژیمەوە، ناچار بە پەسەندکردنی گەڵاڵەکە کراون.

محەممەدمێهدی ئیسماعیلی، وەزیری ئێرشادی ڕێژیمی ئێران، بوونی ئەم جۆرە ناوەندانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووداوگەلێکی وەک ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان بەپێویست زانی و زیادی کرد کە ئێمە بە هۆی نەبوونی ناوەندێکی لەو شێوەیە، زەرەرمەند بووینە.

''گەڵاڵەی چاودێریی شێوازی ژیانی تایبەتی هاووڵاتییان''، هەموو میدیاکان، ئاپەکانی سۆشیاڵ میدیا و ماڵپەڕەکان ناچار بەوە دەکات تاکوو زانیاری بەکارهێنەرانی ڕادەست بکەن.

جێگای ئاماژەیە کە ئەم سیستمە خۆی پیشێلکەری بەندی ٢٥ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمە کە پشکنین و گەڕان لە ژیانی هاووڵاتییانی قەدەغە کردووە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی''ـەوە و هاوکات لەگەڵ  ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، بە دەرکردنی یاسا و گەلاڵەی جۆراجۆر، وێڕای پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵ، بە سیخوڕیکردن بەسەر هاووڵاتیاندا هەوڵی بێدەنگ‌کردنی دەنگی دژبەرانی خۆی دەدات.