کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاپخانەیەک بەهۆی چاپی وێنەی ڕێبەرانی کورد، داخرا

11:23 - 18 خەزەڵوەر 2723

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، چاپخانەی "پەنجەرە"، لە شاری ساحیب، سەر بە شاری سەقز، لەلایەن بەخشداریی ئەم شارەوە داخراوە.

بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری داخرانی ئەم چاپخانەیە، چاپکردنی وێنەی ڕێبەرانی نەمر، پێشەوا قازی محەممەد و شێخ مەحموودی بەرزنجی لەسەر ڕووبەرگی کتێبێک بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کتێبە تایبەت بە قوتابخانەکانی باشووری کوردستان بووە و ئەو چاپخانەیەش تەنیا ئەرکی چاپکردنی لە ئەستۆ گرتووە.

بڕیاری داخرانی ئەم چاپخانەیە لەلایەن بەخشداری زێویەوە دەر کراوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە فەرمانی بەخشداری زێویە، ڕژاونەتە نێو چاپخانەکە و پاش پشکنینی زۆر، چاپخانەکەیان داخستووە.

داخرانی ئەم چاپخانەیە، بێکاربوونی ٤٠ کەسی لێ کەوتووەتەوە.