کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە چەند شاری ئێران

10:59 - 18 خەزەڵوەر 2723

هەواڵدەریی هێرانا ڕایگەیاند؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی خەزەڵوەر، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا، کۆمەڵێک لە باوک و دایکانی قوتابییانی گوندی "قەلعە سەیێد"ی بێهبەهان، لە ناڕەزایەتی بە نەبوونی مامۆستای پۆلی سێهەم و پێنجەم و هەروەها مامۆستای وەرزش بۆ منداڵەکانیان، لەنێو حەوشەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی بێهبەهان کۆ بوونەوە.

لە دریژەی ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە نواندنی توندتیژی  دەستیان بەسەر مۆبایلی ناڕازییاندا گرتووە و چوار کەسیان لێ دەسبەسەر کردوون.

لە لایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە کارمەندانی فەرمیی کۆمپانیای نەوت و گازی "ئاغجاری" لە شوێنی کارەکەیان و کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی پیشەسازیی نەوت لە ئەهواز، لە بەردەم بینای "سندووقی نەوت" لەم شارە و کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی "تەئمین ئیجتماعی" لە شووش، کەرخە و حەوت تەپە، لە بەردەم نووسینگەی نوێنەری خەڵکی شاری شووش لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوای مافەکانیان کرد.

شایانی باسە، لە کاتێکدا کە هەڵاوسان و گوشاری ئابووری ماوەیەکی زۆرە خانەنشینکراوان و مامۆستایان و کرێکارانی خستووەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە، ڕێژیم گوشار دەخاتە سەر سەندیکاکان و هەوڵی سەرکوتکردنی سەندیکاکان و کرێکاران دەدات.