کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوتووبانی دزی و گەندەڵی، وەپێشکەوتن ڕێگەپێدراو

15:17 - 18 خەزەڵوەر 2723

ڕەزا دانشجوو

دزی، گەندەڵی، سپیکردنەوەی پارە و هەر وشەیەکی دیکە کە ئاماژە بە سیستەمێکی ئابووریی گەندەڵ بکات، بەتەواوی کاڵایەکە پڕ بە باڵای کۆماری ئیسلامی. ئەو دەسەڵاتەی کە ژیانی سیاسیی خۆی بە دەستبەسەرداگرتن و داگیرکردنی موڵک و ماڵی نەیارانی دەست پێ کرد، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توانايیەکی نوێی لەم بوارەدا نیشان داوە، وەک: گەندەڵی چەند هەزار میلیاردی، ونبوونی دەکەلی نەوت، بەرتیل‌وەرگرتنی چەند سەد هەزار یۆرۆیی، هۆڵدینگ و کۆمپانیاکانی چەند میلیۆن دۆلاری کاغەزی و ساختە و هتد.

کێبڕکێی دزی و گەندەڵی لە هەمان ڕۆژی دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ کرد، کێبڕکێیەک کە تێیدا هەموو ڕۆژێک ژمارەی بەشداربووان زیادی کرد، کێبڕکێیەک کە بە دەست‌بەسەرداگرتن و داگیرکردنی موڵکی نەیارانی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ کرد، ساڵانێکە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ، پێشبڕکێیەکی پەتا و گشتگیر لە نێوان کەسانی گەندەڵ و دزی سەر بە دەسەڵات لە هەموو بوارەکاندا. ئێستا دزی و گەندەڵی لە چەند بانک و ڕێکخراوێکی تایبەتدا قەتیس نەماوە، ئێستا ئەو کێبڕکێیە گەیشتووەتە نێو سپای پاسداران و دامودەزگاکانی سەرکردایەتی و، گەندەڵی وەک شێرپەنجە سەرلەبەری جەستەی بێ‌گیان و لەرزۆکی کۆماری ئیسلامی تەنیوەتەوە. "گەندەڵیی سیستماتیک" ئەو نازناوەیە کە بۆ ئەم جۆرە حکوومەتە بەکاردێت. لەم جۆرە گەندەڵیەدا سیستمی حوکمڕانی خۆی گەندەڵە، گەندەڵیی سیستماتیک یان گەندەڵی ڕێک‌خراو دۆخێکە کە مانەوەی سیستەمەکان پەیوەستە بە بوونی گەندەڵی و لەم حاڵەتەدا، لە ڕێکخراوەکاندا، ڕێساکان و نۆرمەکان نەک‌هەر ڕێگر نین لە گەندەڵی بەڵکوو پێچەوانەوە هاوڕێ و یارمەتیدەرن. چەندین ساڵ لەمەوبەر "ئەحمەد تەوەکولی" سیاسەتمەداری دێرینی کۆماری ئیسلامی، بۆ یەکەمجار دانی بەوە دانا کە کۆماری ئیسلامی چووەتە قۆناغی گەندەڵی سیستماتیکەوە، هەرچەندە قسەکانی دواتر ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی خامنەیی بووەوە. خامنەیی باسی لەوە کرد کە گەندەڵی لە وڵاتدا هەیە، بەڵام سیستماتیک نییە و ئۆپۆزسیۆنی بە دروستکردنی کەشێکی دژی ڕژیم تۆمەتبار کرد.

سیستەمی ویلایەتی فەقیهـ کە لەپێناو ڕێکخستنی بەکرێگیراوانی خۆی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، هەمیشە هەوڵی داوە ڕێگری لە هەر جۆرە شەفافیەت و ڕوونکردنەوەیەك لە کارووباری دامەزراوەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێبەری بکات خۆی گەورەترین هۆکاری گەندەڵییە. ئەو دامەزراو و ڕێکخراوانەی وەک ئۆختاپووس ساڵانێکە خەریکی تاڵانکردنی موڵک و ماڵی گشتین. لەدرێژەدا بەکورتی باس

 لە ڕۆڵی وێرانکەری ژمارەیەک لەو ڕێکخراوانە و مافیای پارە و دەسەڵات لە ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیدا دەکەین.

ڕێکخراوی "خاتم الانبیا"

لەگەڵ کۆتایی‌هاتنی شەڕی ئێران و عێڕاق، بەشێک لە فەرماندەکانی سپای تیرۆریستی پاسداران بیریان لەوە کردەوە کە لە تواناکانی ئەم ڕێکخراوە بۆ پێشخستنی بنیاتنانی وڵات کەڵک وەربگرن! دواجار بە فەرمانی خامنەیی ڕێکخراوی خاتەم دامەزرا.  ئەم ڕێکخراوەیە هەر زوو بوو بە شوێنی کۆبوونەوەی سەردارانی دز و گەندەڵکارانی سپای پاسداران، ئەم کەسانەی کە پێشووتر کاریان دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمی پەهلەوی یان پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، ئێستا پێیان نابووە شوێنێکی زۆر پرقازانج تر، کێبڕکێی بێ‌کۆتایی لە ڕێگای دزی و گەندەڵیدا. ڕێکخراوی خاتەم وردە وردە پێگەی خۆی لە هەموو پڕۆژە گەورەکانی وڵاتدا کردەوە، ئێستا دەگمەنە لە ئێراندا پڕۆژەیەکی گەورە بدۆزرێتەوە کە ئەم سازمانە و دەیان کۆمپانیای پێویست بەم تێیدا بەشدار نەبن.

لە ڕاستیدا ڕێکخراوی خاتەم یەکەم هەنگاوی سوپای پاسداران بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئابووریی ئێران.  ئێستا شوێن‌پێی کارتێلەکانی سپای ترۆریستی پاسداران لە هەموو شوێنێک دەبینرێت، لە پڕۆژەی نەوت و گازی پارس، لە پیشەسازی فڕۆکەوانی، لە " فولاد مبارکە" و هەروەها ڕێکخراوی خاتەم بووە شوێنی بەرزبوونەوەی پلە و پۆستی  قاچاخچییەکانی سوپای پاسداران بۆ پۆستە باڵاکانی وڵات. "ڕۆستەم قاسمی" یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە فەرماندەیی  ڕێکخراوی خاتەم دەستی پێ کرد و توانی لە چینەکانی سەرەوەی دزی و گەندەڵی لە سوپای پاسداران نزیک بێتەوە. دواتر بە پاڵپشتیی برا قاچاخچیەکان! ڕۆستەم گەیشتە وەزارەتی نەوت لە حکوومەتی ئەحمەدی‌نژاد کە یەکێک لە شاکارەکانی ڕۆستەم ونبوونی دەکەلی  نەوت بوو! دواتر بەهۆی ئەو تۆمارە درەوشاوەیە لە کابینەی ڕەئیسیدا وەک وەزیری ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکان هەڵبژێردرا، دوای ماوەیەک هەواڵی دەستگیرکردنی یەکێک لە جێگرەکانی بەهۆی وەرگرتنی بەرتیلێکی چەند سەد هەزار یۆرۆیی بووە هەواڵی زۆرێک لە میدیاکان. لە کۆتاییدا ڕۆستەم قاسمی مرد و ئەجەل مۆڵەتی نەدا تا دڕێژەی بە گەندەڵکارییەکانی بدات!

"بونیادی مستضعفان”

ڕێکخراوی کەم‌دەرامەتەکان یان بە زاراوەی جەماوەری بونیادی زۆرداران ڕێکخراوێکی دیکەیە لە ژێر چاوەدێری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کە ڕۆڵێکی گرنگی لە پڕۆژەی سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵیی ئابووریی ڕێژیمدا هەیە. ڕێکخراوێکی مەعاف لە ماڵیات و بە چوارچێوەکی تەواو ناڕوونی ماڵی  کە تەنانەت دەیان جار کەوتۆتە بەر گلەیی و گازەندەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی خودی ڕێژیم. بونیادی بێ‌ئەنوایان و کەم‌دەرامەتان کە بە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی کاربەدەستانی ڕێژیمی پێشوو و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بە فەرمانی خومەینی دەستی بە کارەکانی کرد، بڕیار بوو ئەو موڵکانە بەسەر خەڵکی کەم‌دەرامەتدا دابەش بکات! بەڵام تێپەڕبوونی کات دەریخست تاکە کەسانێک کە سوودمەند نەبوون لەم ڕێکخراوە، خەڵکی بێ‌ئەنوا و بێبەشەکانن.

دامەزراوەی "مستضعفان" کە گەورەترین دامەزراوەی ئابووریی ئێرانە لە دوای کۆمپانیای نەوت، یەکێک لە ئەرکەکانی سپیکردنەوەی پارەیە بۆ ڕێژیم. تەرخانکردنی پارە بۆ ڕێکخراوەکان و گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیم، یەکێک لە چالاکییە هەرە گرنگەکانی ئەم ڕێکخراوەیەیە. پاسدار "پەرویز فەتاح"، بەرپرسی پێشووی ئەم ڕێکخراوەیە لە چاوپێکەوتنێکدا بەئاشکرا باس لە پێدانی مووچەی لەشکری "فاطمیون"ی سەر بە ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای قودس  لەسەر داوای قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەم دامەزراوە دەکات. دۆسیەی گەندەڵیی "مورتەزا ڕەفیق‌دووست" برای "موحسین ڕەفیق‌دووست" بەرپرسی ئەوکاتەی بونیاد، ڕەنگە یەکەم دۆسیەی گەندەڵیی دارایی بێت کە لە کۆماری ئیسلامیدا ئاشکرا بوو. ئەو دۆسیەیەی کە بووە هۆی لەسێدارەدانی "فازڵ خوداداد"، بەڵام براکەی ڕەفیق‌دووست سەرەتا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا و دواتر بە هۆی لێبوردنی ڕێبەری ئازاد کرا !

مەڵبەندی جێبەجێکاری فەرمانەکانی خومەینی

ڕێکخراوێک کە نە حکومی و نە غەیری حکومی، کە بە فەرمانی خومەینی دامەزرا و کاری دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی خەڵکی بوو، هەر وەک بونیادی زۆرداران!

ئەم ڕێکخراوە لە سەردەمی خامنەییدا پێی نا قۆناغێکی نوێی چالاکییەکانی کە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی زیندانیانی ئایدیۆلۆژی و سیاسی یان ناڕازییانی دژ بە ڕێژیم کە بە هەر هۆکارێک ناچار بوون لە ئێران هەڵبێن. ئەم ڕێکخراوەیەش لە دانی ماڵیات مەعافە و وەک هەموو ڕێکخراوەکانی ژێڕ دەسەڵاتی ڕێبەری لە بواری ماڵییەوە تەواو ناڕوون. ڕەنگە گرنگترین پەروەندەی دزی و گەندەڵیی ئەم ڕێکخراوەیە ئەدای گرووپی دەرمانسازیی "برکت" یەکێک لە کۆمپانیاکانی سەر بەم دامەزراوەیە بێت کە سەردەمی کۆرۆنا لە لایەن خامنەییەوە دەسەڵاتی تەواوی پێ درا بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینێک بۆ ئەم نەخۆشییە. ڤاکسینێک کە هەرگیز دروست نەکرا و تەنها بۆ نمایشی گشتی پەردەی لەسەر لادرا! پڕۆژەیەک کە جگە لە تێچووی دەیان میلیارد تمەن، بەهۆی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ڤاکسینی بیانی لەلایەن خامنەییەوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەسی بێ‌تاوانی وڵات!

"آستان قدس رضوی"

ڕێکخراوێکی تری سەر بە بەیتی ڕێبەرییە. هەرچەند باسی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە چیرۆکێکی تەواو جیاوازی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەک پێش ئێستا، بەڵام لە ڕێژیمی پێشوودا وەک کارگەیەکی ئابووری دەستی بە چالاکییەکانی کردوە و بووە بەشێک لە پڕۆژەی سپیکردنەوەی پارە لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا. ئێستا ئەم ڕێکخراوەیە خاوەنی دەیان کۆمپانیایە لە بوارە جیاوازەکاندا لە هەمان کاتدا هاوکاری و ئەوقافی گشتی وەردەگرێت. دەسەڵاتی ئەم دامەزراوەیە لە ڕاستیدا ئیدارەی گەورەترین پارێزگای ئێرانە لە ڕووی قەبارەوە. چ  لە سەردەمی بەرپرسیارێتی "واعظ طبسی" چ لە سەردەمی دەسەڵاتی "ڕەئیسی"  ئەم ڕێکخراوە ڕووبەڕووی دەیان دۆسیەی دزی و گەندەڵی بۆتەوە.

ئەوەی بەکورتی باسی لێ کرا، بەشێکی چکۆلە لە گەندەڵیی سیستماتیکی ئەو دامەزراوانەیە کە ڕاستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدان. هەرچەند ڕێکخراوی خاتەم لەژێر چاوەدێریی سپای پاسداران‌دایە بەڵام بەشێکە لەم سیستمە گەندەڵە. سیستەمێک کە کاری سەرەکیی سپیکردنەوەی پارە و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی دیکتاتۆرە نەک باشترکردنی بارودۆخی ژیانی خەڵک.

ئەوەی خاوەن سەرنجە هەموو ئەو ڕێکخراو و ئۆرگانانە لەژێر کۆنترۆڵی سەردارانی دز و قاچاخچییەکانی سوپای ترۆریستی پاسدارانن. ئەمەش لە سەردەمی ڕێبەرایەتیی خامنەیدا بەڕوونی دیارە. هەموو سەرۆکی ئەم ڕێکخراوانە هەموویان فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانن،  هەڵبەت ئەوانەی کە وەفادارییان بۆ ڕێبەری ڕێژێم سەلمێنراوە. خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە بەهۆی ئەم پێکهاتە گەندەڵانە، دزی و گەندەڵی بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لەو ڕێکخراوانە. لەڕاستیدا دەکرێ بڵێین زۆر گەندەڵی و دزی لە بانکەکان و دامەزراوە دارایی و کارگێڕییەکانی دیکەش لە ڕێگەی ئەو دامەزراوانەوە کراون. لەم ساڵانەی دواییدا لەگەڵ فراوانبوونی چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە نیمچە حکومیانە، هەم ڕێژەی گەندەڵکارییەکان زیادی کردوە و هەم مەودای کاتی نێوانیان زۆر کورتتر بووەتەوە. ئەگەر پێشتر کۆماری ئیسلامی ساڵانە جارێک پەردەی لەسەر دۆسیەیەکی گەندەڵی هەڵدەدا، ئێستا کەمتر ساڵێکە کە چەند دۆسیەیەکی گەورەی دارایی ئاشکرا نەبن! لە کاتێکدا گەندەڵکارانی کۆماری ئیسلامی هەرجارە زۆر بوێرانەتر لە ڕابردوو ژمارەیەکی نوێ لە درەوشاوەیی خۆیان لە کێبەرکێی دزی و گەندەڵی تۆمار دەکەن.

 کۆماری ئیسلامی کە ساڵانێکە لە هەناردەکردنی تیرۆریستان بۆ دەرەوەی سنوورەکان سەرکەوتوو بووە، ئێستا پێشینەیەکی درەوشاوەی هەیە لە هەناردەکردنی گەندەڵکاران و دزەکان! ئوتووبانی دزی و گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا هەموو ڕۆژێک لە ڕۆژانی پێشووتر ئاوەدانترە و شوێنی کێبڕکێی فەرماندە و کارتێلەکانی سپای پاسدارانی ترۆریستی ڕێژیم و باوەڕمەندانی مەکتەبی وەڵایەتی فەقێیە. لەم گەورەڕێیانەدا وەپێشکەوتن تەواو ڕێگەپێدراوە. ڕێگا بێ‌سنوورە و بێ‌کۆتایە. بێگومان مافی بەکارهێنان و کەڵکوەرگرتن لەم ڕێگایە بۆ جەنابی دیکتاتورە و تێچووی بەشداربووان بەشی پشکی بەڕێزیان. ئێستا، ئەگەر هاتوو هەندێک‌جار چەند کەسێک کەوتنە سەرەوەی بۆ غەرامەدان ئەوە زۆر ئاساییە و ڕێگری لێ ناکرێت، ئەوان دەبنە قوربانیی کەسانی کۆنتر و خاوەن پێگەتر لە لای ڕێبەری، ئاخر کەسانێک هەن کە بیرو بۆچوونیان لە بۆچوونی دیکتاتۆر نزیکترە و شایەنی پشکی زیاترن لە موڵک و ماڵی خەڵک!