کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێیان تێک چووە!

15:33 - 18 خەزەڵوەر 2723

ئاسۆ مێنبەری

لەم ڕۆژانەدا، هەواڵدەریی تەسنیم، سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی "پاراستنی بنەماڵە، گوتاری کاریگەر بۆ گۆڕینی ئاکاری ژنانی بێ حیجاب"، بڵاو کردەوە کە تێێدا باسی لە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە لە کۆمەڵگەی ئێراندا کردوە. خاڵی سەرنجڕاکێشی ئەم ڕاپۆرتە ئەوەیە بەبێ هیچ بەڵگە و ئارگۆمێنتێک، بەو ئاکامە گەیشتوون کە ڕەچاونەکردنی حیجاب هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگەدایە! ئاکامێک کە هیچ لۆژیک و پێوەرێکی زانستیی لە پشت نییە و تەنیا بە ئیدئۆلۆژیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەکرێ دەست کەوێ!

لەم ڕاپۆرتەدا، ئاماژە بە وتووێژ لەگەڵ تەهوورا نەورۆزی، بەرپرسی بونیادی میللیی عیفاف و حیجابی ڕێژیم کراوە و ئەم خاتوونەش، لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە بۆچی خیانەت‌کردن، یەکەمین هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوەیە، دەڵێ: بەو هۆیە کە، کەم‌حیجابی و نەبوونی حیجاب لە کۆمەڵگەدا پەرەی ئەستاندوە! لە درێژەشدا باسی لەوە کردوە کە ئەبێ گوتاری حیجاب لە کۆمەڵگەی ئێراندا وا کاری بۆ بکرێت کە بازنەیەکی گەورەتر لەخۆ بگرێ، بۆ ئەم بابەتەش ئاماژەی بە قسەکانی خامنەیی کردووە کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا وتی ئەگەر کۆماری ئیسلامیشتان قەبووڵ نییە، لەبەر ئێران دەنگ بدەن! بۆیە ئەم خاتوونەش لە ڕێگەی ئەم ئێستدێلالەوە بەو ئاکامە گەیشتووە دەبێ پرسی حیجاب بەربڵاوتر بکرێتەوە و لە ڕاستیدا باس لە خودی حیجاب نە، بەڵکوو باس لە بنەماڵە بکرێ چونکە بنەماڵە ساختارێکە کە هەموو کەس چ لایەنگری حیجاب بن و چ نەبن، چ دیندار بن و چ نەبن، گرینگیی پێ دەدەن.

لە ڕاستیدا قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، هیچ لۆژیکێکی تێدا نییە، چۆن ئەکرێ دیاردەیەکی گرینگی وەکوو جیابوونەوە، بە پێوەری حیجاب هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ و بە هیچ ئارگۆمێنتێک، نەبوونی حیجاب بە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی خیانەت بزانرێ؟ چۆن ئەبێ هیچ هۆکارێکی گرینگی دیکە بۆ جیابوونەوە و تێکچوونی شیرازەی بنەماڵەکان نەبینرێ بەڵام، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر شۆڕشێکدا کە هۆکاری سەرەکیی دەسپێکردنی هەر ئەو حیجابە بوو، ئەمە بە تەنیا فاکتەر بزانرێ؟

لە ڕاستیدا ئەمەش یەکێکی دیکە لە پەلەقازەکانی ڕێژیم بۆ بەلاڕێدابردنی پرسە سەرەکییەکەی کۆمەڵگەیە و لەلایەکی تریشەوە دەیهەوێ، بە هێنانەئارای چەمکی بنەماڵە و گرینگیی ئەم ناوەندە کۆمەڵایەتییە، پێداگرییەکانی خۆی لەسەر پرسی حیجاب زیاتر بکاتەوە و بڵێ، ساڵێکە خەریکن لەسەر حیجاب شەڕمان لەگەڵ دەکەن و بە قەولی خۆیان، ئێغتشاش دەکەن، کەچی ئەوە حیجاب بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی خیانەت بە یەکتر بکەن و ژیانتان لێک هەڵوەشێتەوە!

لە کاتی خەسارناسی بۆ هەر دیاردەیەکی کۆمەڵاتیدا، کارگرووپی کارزان و پسپۆڕ، لەسەر بابەتەکە کار دەکەن و بە شیکاریی دیاردەکە و خەسارناسیی چڕوپڕ، هۆکارەکانی ڕوودانی دیاردەکە دەستنیشان دەکەن و پاشان بە داڕشتنی پلانی ڕێکوپێک، هەوڵ بۆ کەمکردنەوی دیاردەکە دەدەن. بەڵام لە چوارچێوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، هەموو شتێک لەسەر پێوەری ئیدئۆلۆژی دەسووڕیتەوە، مادام کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێکی ئیسلامییە و پرسی حیجاب، یەکێک لە بنەماکانی ئەم دەسەڵاتەیە، کەوابوو زۆربەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ هیچ هۆکارێکی زانستی، پێوەندییان بە ڕەچاونەکردنی حیجابەوە هەیە.

لە کاتێکدا کە ئەم بەرپرسەی ڕێژیم خەریکە باس لە بێ‌حیجابی وەکوو گرینگترین هۆکاری جیابوونەوە دەکا، هەموومان دەزانین کە نالەباربوونی پرسی ئابووری چۆن باڵی بەسەر ژیانی خەڵکانی ئێراندا کێشاوە و چۆن وەکوو یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی بێ‌هیوایی خەڵک بە بوونی داهاتووی گەش چاوی لێ دەکرێت، لەلایەکەوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە و لە لایەکی تریشەوە وای کردوە کە بەگشتی ڕێژەی هاوسەرگیری لە ئێراندا ڕووی لە داکشان کردوە.

ئیدئۆلۆژیی ڕێژیم وا دەکا کە ئەم بەناو بەرپرسە، ئاماژە بە دیاردەگەلێکی دیکەی وەک منداڵ_هاوسەری، بە زۆربەشوودانی کچان، بێکاری، نەبوونی پەروەردەی دروست و کێشەی سۆزداری نەکات و هەموو شتێک لە پرسی حیجابدا قەتیس بکاتەوە، بۆچی؟ چونکە لەم قۆناغەدا پێویستە وڵامی پرسیارەکانی خەڵک کە بۆچی ژینا ئەمینی و ئارمیتا گراوەند بەو شێوازە گیانیان لێ ئەستێندرا، بە لۆژیکی کۆماری ئیسلامی بدرێتەوە!

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لەو بەشەدا کە باسی لە بەربڵاوترکردنی بازنەی حیجاب بە گرینگیدان بە بنەماڵە کردووە دەڵێ کە حیجاب پرسێکی گشتییە و تەنانەت لەو بنەماڵانەشدا کە ئیماندار نین، ئەم بابەتە گرینگیی پێ دەدرێ، ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەگشتی پرسی حیجاب، پرسێکی تاکەکەسییە و هەرکەس بەپێی باوەڕەکان و پێخۆشبوونی خۆی گرینگی بەم بابەتە دەدات و هیچ پێویست ناکا، دەسەڵات ئەم پرسە گرێ بدا بە خۆیەوە و وەکوو پرەنسیپێک پێناسەی بکا کە پێشێلکردن یان ڕەچاونەکردنی، سزای کوشتنی بە دواوە بێ، وەک ئەوەی کە بۆ ژینا و ئارمیتا دیتمان.

لە ڕاستیدا بڵاوبوونەوەی ئەم چەشنە هەواڵ و ڕاپۆرتانە، لە پێگەیەکی وەکوو هەواڵدەریی تەسنیم، کە سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمە و ئەویش لەم کاتەدا کە خەڵک لە کوژرانی ژینا و دووپاتبوونەوەی چارەنووسەکەی بۆ ئارمیتا تووڕەن و نیگەرانن کە ئەم ڕووداوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان کچەکانی تریش تووش بکات و بیانخاتە باوەشی مەرگەوە، نیشان لەو ڕاستییەیە کە ڕێژیم دەیهەوێ وای نیشان بدات کە وەکوو دەسەڵاتێکی ئیسلامی، ڕۆشنبیرانە خەریکە باس لەم پرسە دەکات و لەو ڕووەوە کە ئەم بابەتە بە هۆکاری سەرەکی بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە دەزانێ، گوایە بە مەبەستی دڵسۆزی بۆ خەڵک ئەیهەوێ بە فرتوفێڵ پەرە بە پرسی حیجاب بدات و لەلایەکی تریشەوە، بە شاردنەوەی هۆکارە ڕاستەقینەکان، خۆی لە وڵامدانەوە و بەرپرسایەتیی لە دۆخەکە دەرباز بکات.

بەرپرسانی ڕێژیم بەڕاستی لێیان تێک چووە کە خۆیان و ئیدئۆلۆژی و سیاسەتە هەڵەکانیان، گەورەترین هۆکاری نەهامەتی خەڵکانی ئێرانە و تا کاتێ ئەوان هەبن، دزێوترین دیاردەکانیش هەر بەردەوامن.