دیمانە: "کوردستان"
ئاماژە: "چەک بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد کەرەسەیە نەک ستراتیژی" ناونیشانی وتارێک بوو بە قەڵەمی کاک عومەر باڵەکی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەری و یەکێک لە فەرماندەرانی بەناوبانگی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. بڵاوبوونەوەی ئەو وتارە کۆمەڵێک باسی بەدووی خۆیدا هێنا و بەڕێز باڵەکی و تەنانەت حیزبی دێموکراتی بەرەوڕووی کۆمەڵێک پرسیار کرد. "کوردستان" بۆ زیاتر تیشکخستنە سەر ئەو بابەتە وتووێژێکی لەگەڵ کاک عومەر باڵەکی پێکهێنا:
تازەترین نووسینی ئێوە لەژێر ناوی "چەک بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد کەرەسەیە نەک ستراتیژی" لە نێو خوێنەران و بەردەنگەکان لە سۆسیالمیدیا کاردانەوەی زۆری هەبوو. بە زۆری ئەوەش بوو کە ئەندامێکی ڕێبەریی حیزب کە خۆی جەنگاوەر و فەرماندەیەکی ناوداری حیزبەکەی بووە، چۆن شتی وا دەڵێ؟ ڕوونکردنەوەی زیاترتان بۆ ئەوە چییە؟
بۆ وڵامی ئەو پرسیارە پێم باشە لەسەر دوو دەستەواژەی "کەرەسە" و"ستراتیژی" بە کورتییش بێ باسێکمان هەبێ. کەرەسە لێرەدا بە مانای تاکتیکە و ستراتیژی ئەو ئامانجەیە کە ئەو تاکتیکەی دەخرێتە خزمەتیەوە. ستراتیژیی خەباتی مافخوازنەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەدستهێنان و دەستەبەری مافەکانیەتی لە چوارچێوە حکوومەتێکی دێموکراتێک و فیدڕاڵدا. بۆ بەئامانج گەیاندنی ئەو ستراتێژییەش جووڵانەوەی سیاسی-نەتەوەیی و شوناسخوازیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو زەرفیەتییەکانی خەباتگێڕیی خۆی بە خەباتی چەکدارییشەوە کەلکی وەرگرتووە و وەردەگرێ. لێرەدا من ناتوانم و ڕەنگە دروستیش نەبێ باس لە ئامانجی ستراتێژیی حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەم و نموونە بێنمەوە. بەڵام دەتوانم باس لە ئامانجی ستراتیژیی حیزبی دێموکرات بکەم کە لە بەرنامە و پێڕەوی خۆیدا بەڕوونی دەستنیشانی کردوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماددهی یهکهمی بەرنامەی خۆیدا باس لە ئامانج و پڕهنسیپه بنهڕهتییهکانی دەکا و لە چەند خاڵدا کە لێرەدا ئاماژە بە دوو خاڵ دەکەین:
١- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێرانە و شانبەشانی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی سەرانسەری ئێران بۆ دامەزراندنی سیستمێکی کۆماری فیدڕاڵی لە ئێران و وەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا خەبات دەکا.
٢. دروشمی ستراتیژیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتیەکانی گەلی کوردە لە کوردستان له چوارچێوهی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدڕاڵدا.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە ساڵانی ڕابردوو و لە ئێستاشدا قورسایی جووڵانەوەی نەتەوەیی و شوناسخوازیی گەلی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتۆتە سەر شان، ئامانج و ستراتێژییەکەی دیار و ڕوونە. لەلایەکی دی ئەوە مەیدانی خەبات و تێکۆشانە کە شێوازەکانی هەوڵدان و کارکردن بۆ وەدیهێنانی ئەو ستراتیژییە دیاری دەکا و هەر لەجێدا بەپێی کات و شوێن و ئیمکانی جێبەجیکردنیان لەلایەن ئۆرگانیزمی حیزبەوە پلانیان بۆ دادەڕێژرێ و کاریان لەسەر دەکرێ. ئەوەی لێرەدا گرینگە و نابی کۆڵی لێ بدرێ ئەوەیە خەباتکاران لە هەر قۆناغێکدا بن و بە هەر مێتۆدێک کار بکەن دەبێ ئامانجیان بۆ وەدیهاتنی ئەو ستراتیژییە بێ.
یانی پێتان وایە ڕەخنەگرانی بابەتەکەی پێشووتان بۆ بەرنامە و مێژووی خەباتی پێشمەرگانە نەگەڕابوونەوە و هەستەکی قسەیان لەسەر کردوە؟
لەپێشدا سپاسی هەمو ئەو کەسانە دەکەم کە بە خەمخۆرییەوە لەسەر ئەو وتارە بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە. بەڵام لە خوێندنەوەی بۆچوونەکاندا وام هەست کرد کە هیندێک لەو بەڕێزانە تەنیا سەردێری بابەتەکە سەرنجی ڕاکێشاون و کەمتر بایەخیان داوە بە نێوەرۆکی وتارەکە. لە هیچ جێگایەکی ئەو وتارەدا باس لەوە نەکراوە کە بەهێزکردن و تەیارکردنی پێشمەرگە باوی نەماوە، یا نابێ پشت بە هێزی چەکدار کە دیارە مەبەست پێشمەرگەیە ببەستین. بەڵکوو مەبەستی ئەو وتارە ئەوەیە لە داوی دوژمن و نەیارەکانمان نەکەوین کە هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە لە ڕێگای دەزگای ڕاگەیاندنەکان و تەبلیغاتی بەربڵاویی خۆیان، خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کورد کە پاشخانی دەیان ساڵەی هەیە و لەسەر چەند کۆڵەکەیەکی وەک مافی سیاسیی و مافی نەتەوەیی دامەزراوە، بە شەڕخواز و ماهییەتی گرووپێکی چەکدار بە جیهانی بناسێنن. چونکە خەباتی بەرگریکارانەی هێزی پێشمەرگە لە جووڵانەوەی مافویستی و شۆناسخوازیی خەڵکی کوردستان ناچیتە خانەی گرووپی چەکداری و میلیشیایی، بەڵکوو خەباتی پێشمەرگانە دەچێتە خانەی خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانی نەتەوەیەکی ڕزگاریخواز.
هەر لەو نووسینەدا باس لە ڕۆڵی گرینگی پێشمەرگە وەک هێزی چەکدار کراوە کە توانیویەتی کورد لە تواندنەوە و پیلانەکانی دوژمنانی بپارێزێ. هەر لەجێدا کورد بۆ ئەوەی بتوانی لە گەردەلولی شەڕەنگێزیی نەیاران و دوژمنانیدا خاک و شوناسی نەتەوەیی خۆی بپارێزێ، بەناچار دەستی بۆ چەک بردوە و هێزی نیزامیی خۆی ڕێكخستوە و ئەوە وای کردووە هەتا ڕادەیەکی باش بتوانێ پارێزگاری لە خاک و زمان و کولتووری خۆی بکا و پرسی کورد لە چەقی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەزیندوویی ڕابگرێ. ئەوەش نیشانەی بایەخمەندبوونی هێزی پێشمەرگە لە سەرکەوتنی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لەلای نووسەری بابەتەکە، لە ڕابردوو و داهاتووشە.
ئەوەی باستان کرد پتر لێکدانەوەیەکی سیاسی بوو یان ئەزموونی کەسێک کە ساڵانێکی زۆر فەرماندەی نیزامیی هێزی پێشمەرگە بووە؟
دەبێ بڵێم لە هەموو ماوەی تەمەنی حیزباتی و پێشمەرگایەتیمدا لەسەر ئەو باوەڕە بووم کە هەموو کار و چالاکییەکانمان دەبێ لە خزمەت وەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکانی حیزب و گەلدا بێ. قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان لەسەر ئەو باوەڕە نەبووم کە دەبێ شەڕ بۆ شەڕ بکرێ، بەڵکوو هەموو کات باوەڕەم وابووە کە شەڕ دەبێ لەپێناوی وەدیهاتن و دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئارامی و دابینکردنی ئەمنییەت بۆ نیشتمان و خەڵکی کوردستان بێ. ڕەنگە ئەو بۆچوونە لە هەلومەرجی ئێستادا بە دڵی هەموو لایەک نەبێ کە پێم شتێکی سرووشتییە و ڕوانگە جیاوازەکان جێگای ڕێزن.
هەر لەجێشدا مەبەستێکی دیکەی من لەو نووسینەی باستان کرد ئەوە بوو کە بڵێم هەموو کات و بەتایبەتی لە هەلومەرجی ئێستادا زۆرتر لە جارانیش پێویستمان بە خۆڕێکخستنە لەنێوخۆی وڵاتدا. ئێمە ئەگەر بتوانین ڕێکخستنێکی بەهێز و تۆکمە لەسەر بنەمای شوناسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێک بخەین و شەقام بجووڵێنین، لە هەر هەلومەرجێکدا دەتوانین لە بواری چەک و کەرەسەی نیزامییەوە خۆمان تەیار بکەین. پێش هەموو شتێک ئەوی بۆ خەباتی چەکداری پێویستە ئامانجی سیاسی و ئیرادەی نەتەوەییە کە لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا هەم ئامانجە سیاسییەکە و هەم ئەو ئیرادەیە هەبووە و لەپیناوی ئەو ئامانجە سیاسییەدا خوێن و قوربانیی زۆر دراوە. ڕاستە سەرکەوتنی نیزامیمان بەدەست نەهێناوە، بەڵام جووڵانەوەکە لەسەر پێیە و هەنگاوی زۆر باشی بڕیون. باشە هەموو لایەکمان ڕاستییەکان ببینین کە لەگەڵ بوونی ئەو ئیرادەیە بۆ وەدەستهێنانی ئامانجە سیاسییەکان لە دنیای ئاڵۆزی ئەو سەردەمەدا هێندێک فاکتەر هەن کە جاری وایە کە لەبەردەستی بزووتنەوەکەدا نین. وەک: پشتیوانیی دەرەکی، پشتی جەبهە بۆ شەڕ و تەداروکات و کۆمەڵێک بابەتی دی کە لێرەدا من ئیزن بە خۆم نادەم باسیان بکەم.
لام وایە بەشێکی زۆری هۆکاری ئەو کاردانەوانە بۆ تێکەڵکردنی چەمکەکانی "شەڕ" و "چەک" دەگەڕایەوە. ئایا جەنابت مەبەستت ئەوەیە بڵێی کورد لاشەڕ بووە و زاتەن هەر مافخوازە و هیچ هەوڵێکی دەستدرێژی بۆ سەر هیچ نەتەوەیەکی دیکەی نەداوە، یان "چەک" بە فاکتەرێکی دیاریکردنی چارەنووسی کورد نازانن؟
شەڕ درێژکراوەی سیاسەتە و چەک کەرسەی شەڕە، بەو مانایە هەر کاتێک پرسێک لەنێوان دوو لایەن بە وتووێژ و دانوستان بەئاکام نەگەیشت، هەر لایەنە لەبەر خۆیەوە بۆ وەدستخستنی ئامانجەکانی پشت بە هێزی نیزامیی خۆی دەبەستێ و لە ئەنجامدا شەڕ دروست دەبێ. شەڕ هەموو کات دوو حاڵەتی هەیە: یا لایەک لایەکەی دیکە تێک دەشکێنی و بەسەریدا زاڵ دەبێ کە لەو حاڵەتەدا ڕوونە لایەنی تێکشکاو هیچی بۆ نامێنێتەوە. حاڵەتی دوویەم ئەوەیە هەردوو لایەنی شەڕەکە دەگەنە ئەو ئەنجامە کە دەبێ کۆتایی بە شەڕی نێوانیان بێنن کە لەو حاڵەتدا ناچار دەبن ئیمتیاز بە یەکتری بدەن و پەیمانی ئاشتی لەنێو خۆیاندا بنووسن کە جووڵانەوەی گەلی کورد دەچێتە ئەو بازنەوە. چونکە نە ئێمە دوژمنەکانمان پێ لەنێو چووە و نە دوژمنەکانیشمان توانیویانە گەلی کورد و جووڵانەوەکەی لەنێو بەرن.
لە وەڵامی بەشی دوویەمی پرسیارەکەدا دەبێ بڵێم ناخی کورد وایە قەت شەڕخواز نەبووە. کورد دەگەڵ ئەوەی نەتەوەیەکی زولملێکراوە و خاکەکەی دابەش کراوە، بەڵام قەت هێرشبەر نەبووە بۆ سەر خاکی نەتەوەیەکی دیکە و ڕەنگە ئەوەش بگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک فاکتەر کە لێرەدا جێگای باس نییە، بەڵام دەبێ ئەوە بڵێم کە بە تێگەیشتنی من گەلی کورد هەموو کات هەوڵی داوە لەگەڵ ڕاستییەکان مامەڵە بکا و بە دیتنی ئەو ڕاستییانەی دووربەری هەولی داوە تێبکۆشی و خەبات بکا بۆ وەدستخستنەوەی مافەکانی و، لە هەمان کاتدا بەو خەبات و تێکۆشانە هەوڵی داوە لە گەردەلوولی ڕووداوەکاندا ون نەبێ و تێدانەچێ.
ئەوە ڕاستە کە دەوڵەتەکانی زاڵ بەسەر کوردستان لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا هەر بە ئاور و ئاسن وڵامی داوکارییەکانی گەلی کوردیان داوەتەوە و گەڵی کوردیش زۆر ئازایانە و بوێرانە توانیویەتی خۆی لەگەڵ هەلومەرجەکە ڕێک بخا و لە هەموو ڕەهەندەکانی خەبات کەلک وەربگرێ. زۆر جارانیش ئەو خەباتە هەتا لوتکەی سەرکەوتن ڕۆیشتوە، بەڵام فاکتەڕی جۆراجۆری وەک گەلەکۆمەکیی نێودەوڵەتی و یا نەبوونی هاودەنگی و هاوکاری نێو هێزەکانی کوردی و نەبوونی خوێندنەوەی دروست لە هەلومەرجە سیاسیی ناوچە و نێودەوڵەتی بوونە هۆی پاشەکشەی جووڵانەوەکە، بەڵام جووڵانەوە تێک نەشکاوە. چونکە جووڵانەوەی نەتەوەیەک بووە نەک هێزیکی سیاسیی و بۆیە دوای ماوەیەک بۆ جارێکی دیکە جووڵانەوەکە پێی گرتۆتەوە. هەروەها کە باس دەکرێ چەک وەک فاکتەرێکی دیاریکردنی چارەنووسی کورد دەبیندری یا نا؟ وا دروستە بە جێگای چەک باس لە فاکتەری هێزی گەل بکەین، هەر وەک لە وڵامی پرسیاری یەکەمدا باسم کرد، حیزبێکی سیاسی بەتایبەتی کە لە حاڵی خەباتی سەخت و دژوار دایە، پێش هەموو شتێک پێویستە پێگەی جەماوەری لەنێو کۆمەڵگەی خۆیدا بەهێز بکا و ئەو پێگە جەماوەرییە بە شێوەیەک ڕێکبخرێ کە لە هەموو کاتدا بەدەنگ و ڕەنگ پشتگیریی هەڵویستەکانی ئەو حیزبە سیاسییە بکا و لەو کاتەدا کە هێزی گەلت لە گەڵ بوو، لە هەلومەرجی پێویستدا هێزی پێشمەرگە دەتوانێ یەکلاکەرەوەی مەیدانەکە بێت.
کاک عومەر ئەو باسەی جەنابت لە کاتێکدا دەکرێ کە وڵاتە نادێموکراتیکەکان، میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکان بە شەڕ و توندوتیژی و بەکارهێنانی کەرەستەی شەڕی پێشکەوتوو توانیویانە هەم خۆیان بپارێزن و هەم تەنانەت پڕکێشییەکی زۆریش بکەن؛ کەوابوو چۆن جووڵانەوەیەکی دێموکراتیکی مافخوازانە دەتوانێ خۆی لەوە بێبەری بکا؟
یەکەم نە باشە و نەدروستە جووڵانەوەی دێموکراتیک و مافخوازانەی گەلی کورد لەگەڵ میلیشیا و وگرووپە تێرۆریستییەکان بە بەری یەکتری بگرین. ئامانجی ئەو گرووپانە گەیشتن بە دەسەڵاتە لە ڕێگای توندوتیژی کە ئەگەر بگەن بە دەسەڵاتیش ناتوانن ئارامی و بەختەوەری و سەقامگیری بۆ کۆمەڵگەیەکیان بەدی بێنن. چونکە بنەمای کرداریان لەسەر ئیدئۆلۆژیی خۆفەڕزکردن، توندوتیژی و بناژۆخوازی دانراوە. ڕەنگە ئەو گرووپانە بەهۆی وەدەستخستنی چەکوچۆڵ لە مەیدانی کرداریدا هیندێک سەرکەوتن بە دەست بێنن و ببنە خۆراکی دەزگاکانی ڕاگەیاندن. بەڵام لە سەردەمی ئێستادا ئەو جۆرە سەرکەوتنانە کاتییە. چونکە ئەو گرووپانە ناتوانن ئیدیۆلۆژیی خۆیان بگۆڕن و خۆیان لەگەڵ ویستی خەلک و دنیای سەردەم بگونجێنن. بەڵام جووڵانەوەی گەلی کورد، جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی و شوناشخوازییە و بەخۆشییەوە لەو توندئاژۆییە بێبەرییە. ئەو شیوە خەباتەی گەلی کورد بۆ وەدستهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی هەڵیبژاردوە دەرئەنجامی سیاسەتی پاوانخوازی دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستان و هەلومەرجە نێودەوڵەتی و ناوچەییە کە بە سەری داسەپاوە. بۆیە لە ماوەی لانیکەم نیزیک بە سەد ساڵی ڕابردوودا ئەو نەتەوە زوڵملێکراوە و هەوڵی داوە لە هەموو ڕەهەندەکانی خەبات بەپێی هەلومەرج بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی کەلک وەربگرێ. ڕەنگە لای هێندێک لە دڵسۆزانی نیشتمان لە سەردەمی ئێستادا وا وێنا بکرێ کە ڕێکخستنی خەڵک بۆ خەباتی مەدەنی ناتوانێ دەروازەی سەرکەوتن بە ڕووی گەلی کورددا بکاتەوە و سەرکەوتن لەو شێوە خەباتە دا بە خەونێکی شاعیرانە بزانن. بەڵام نابێ چاو لە ئاستی ڕاستییەکان لێک بنین. لەگەڵ ئەوەی بە ڕواڵەت جموجۆڵی هێزی پێشمەرگە بە هۆکاری جۆراجۆر کە لێرەدا هیچ پێویست ناکا باس بکرێن ڕووی لە کزی داوە و وەک ساڵانی پێشوو ئەو حەرەکەت و جموجۆڵە دیار و بەرچاو نین. بەڵام ئەوەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و ژوورە فکری و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم هەستی پێ دەکەن و دەیبینن زۆر جیاوازە لەوەی دڵسۆزێکی نیشتمان لای خۆی وێنای دەکا.
مەبەستتان پاڕادۆکسی گوتاریی ڕێژیمە لەبارەی جووڵانەوەی سیاسیی کوردەوە؟
بەڵێ. ئێمە دەبینین لە بواری تەبلیغییەوە بۆ بیروڕای گشتی ئێران دەسەڵاتدارانی سیاسی و ئەمنیەتی و نیزامیی ڕێژیم بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمێژ ساڵە کپ بووە و ئەو بزووتنەوە هەرسی هێناوە و نەماوە. بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە مەیدانی کردەوەدا تەواو بەپێچەوانەی ئەو تەبلیغاتەی خۆیان لەگەڵ پرسی کورد و حیزبەکانی کوردستان دەجووڵێنەوە. چونکە ئەوان دەزانن جووڵانەوەی شوناسخوازی گەلی کورد لەسەر پێیە و لە گەشەکردندایە و دەبێ ڕێگری بکەن لەو گەشەکردن و پەرەگرتوویە. بۆ ئەو مەبەستە هەر لە سەرەتای داسەپاندنی شەڕ بەسەر کوردستاندا هەوڵیان ئەوە بووە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خەڵکی کوردستان داببڕن، بەڵام هیچ کات لەو پرۆسەیەدا سەرکەوتوو نەبوون. لەو ساڵانەی دواییدا بەهۆی جێگیربوونی بەشی ئاشکرای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستانی -عیراق، دەسەڵاتدارانی تاران بەقسەی خۆیان بۆ ڕێگرتن لە چوونەوەی پێشمەرگە بۆ نێو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دابڕانی ئەو حیزبانە لە خەڵکی کوردستان، یەکەم هەنگاویان ئەوە بووە کە سنوور کۆنترۆڵ بکەن و بۆ ئەو کارە خودی فەرماندەی ویشکایی سپای پاسداران دەڵێ: "لەسەر سنووری دەستکردی ئێران-عێڕاق زیاتر لە دوو سەد مۆڵگەمان بە پێشکەوتووترین کەرەسەکانی شەڕ دروست کردوە." لە حاڵێکدا لەسەر ئەو سنوورە هیچ هەڕەشەیەکی دەوڵەتی دراوسێی لەسەر ئێران نییە و بە داننانی خۆیان تەنیا و تەنیا بۆ پێشگیری کردن لە هاتووچۆی هێزی پێشمەرگەیە و هەر ئەوە نیشانەی زیندووبوونی جووڵانەوەی مافخوازی خەڵکی کوردستانە بە بوونی حیزبەکانی ئەو پارچە لە خاکی نیشتمان. بەڵام لە کرداردا ئەو ڕێکارە نەیتوانیوە خەڵک و حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێک داببرێ و زیندووترین نموونە دەتوانین باس لە١٧ی خەرمانانی سالی ١٣٩٧ دوای مووشەکبارانی قەلای دێموکرات و ٦ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١ دوای شۆڕشی ژینا بکەین کە بۆ جارێکی دیکە بنکە و شوێنی حەوانەوەی ژیانی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبەکانی کوردستان کەوتە بەر ئاوری مووشەکەکانی سپای پاسداران. بەڵام لە هەر دوو جاردا شاهیدی هەڵوێستی خەڵکی کوردستان بووین. خەڵکی کوردستان بە هاتنەسەر شەقام و مانگرتن پشتیوانییان لە حیزبە سیاسییەکانی خۆیان بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد و لێڕە دایە کە دەسەڵاتدارانی تاران بەتەواوی هەستیان بە شکانی خۆیان لە بەرانبەر جووڵانەوەی شۆناسخوازی و مافویستی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد. بەڵام بۆیان نەبوو بە تەجروبە کە بەدوای چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورددا برۆن، بەڵکوو ئەوجار کەوتنە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنی لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق. ئەگەر لەو هەلومەرجەدا پێناسەی ئەو کردارەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بکەین:
یەکەم، هەروەک گوترا ئەوە نیشانی زیندووبوونی جووڵانەوەی گەلی کورد و بوونی حیزبە سیاسییەکانیەتی لە گۆڕەپانی خەباتدا.
دوویەم، نابێ لەبیرمان بچێ ئەو حەرەکەتەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی جۆرێک لە شەڕە کە لەگەڵ جووڵانەوەی بەرحەقی خەڵکی کوردستان بەڕێوەی دەبا. لەو قۆناغە هەستیارەدا بۆ ئەوەی لەو شەڕەدا سەرکەوین، جووڵانەوەی گەلی کورد بەگشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستان بەتایبەتی پێویستی بە خۆ ڕێکخستنەوە و پاراستنی یەکڕیزی تەشکیلاتی و کارکردن لەسەر ڕەهەند جیاوازەکانی خەبات هەیە و لەسەر ئەو باوەڕەم کە جووڵانەوەی شۆناسخوازی و نەتەوەیی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەپێی مێژوو و تەجروبە و دوورئەندیشی سیاسیی کە هەیەتی زۆر زوو دەتوانێ لەو شەڕەش لەگەڵ نیزامی کۆماری ئیسلامی سەرکەوتن بەدەست بێنێ.
ڕەخنەیەک لە نووسینەکەی جەنابت ئەوە بوو کە چ ستراتیژییەک لە ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازیدا بەبێ چەک ئاکامەکەی سەرکەوتن بووە، ئایا نموویەک بووە؟ مەگەر ئەوە نییە کە چەک و خۆڕاگریی چەکداری هەتا ئێستاش کوردی لە توانەوە و فەوتان ڕزگار کردوە!
یەکەم: لە ڕوانگەی خۆمەوە پێم دروست نییە خەباتی ڕزگاریخوازی وڵاتێک بکرێتە نموونە بۆ ولاتێکی دیکە، دەنا خەباتی ڕزگاریخوازی زۆر وڵات لە مێژوودا هەیە بێ چەک سەرکەوتنی بەدەست هێناوە. زۆر خەباتی ڕزگاریخوازیش لەگەڵ ئەوەی خاوەن چەکیش بوون تووشی شکان بوون.
دوویەم: هەلومەرجی نێوخۆی وڵاتەکان و ڕادەی تێگەیشتوویی خەڵکەکەیان و سیستمی حوکمڕانی و تەنانەت شێوازی تێڕوانینیان بۆ بابەتەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازی هەیە، بۆیە ناکرێ بکرێن بە ڕێنیشاندەر و ئۆلگوو. بەڵام دەکرێ لە سەرکەوتن و شکانی ئەو جووڵانەوانە تەجروبە وەربگرین. لێرەدا ئاماژە بەو خاڵە دروستە کە دڵسۆزانی جووڵانەوە باشە بۆ سەرخستنی جووڵانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەدوای ئەو ڕێکارانەدا برۆن کە هاوسەنگی هەبێ لەگەڵ نیاز و تواناکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
سەبارەت بە بەشی دوویەمی پرسیارەکە، من لە هیچ جێگایەکی ئەو نووسینەدا باسم لەوە نەکردوە کە خەباتی ڕزگاریخوازی چ بە چەک یا بێ چەک سەرکەوتوو بووە یا نەبووە. باسەکەی من لانیکەم لەو وتارەدا ئەوە نەبووە و لە هەمان کاتدا باسم کردووە کە "ئاستی توندوتیژی لە خەباتدا، دوژمن دیاری دەکا." مادام شەڕمان بەسەردا سەپاوە بۆ بەرگری و پاراستنی خاک و زمان و کولتوور و فەرهەنگی نەتەوە ناچارین پەنا بۆ بەرگری چەکدارانە بەرین. لێرەدا پێویستە وەبیر بێنمەوە کە لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە بەرگریی چەکدارانە یەکێک لە ڕەهەندەکانی خەباتە و ئەو حیزبە لەماوەی تەمەنی خۆیدا بەپێی توانا و هەلومەرجی کوردستان لەو ڕەهەندی خەبات بۆ بەئاکامگەیاندنی جووڵانەوەی گەلی کورد کەلکی وەرگرتوە و مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش شاهیدی بۆ ئەو بابەتە دەدا کە ڕۆڵە ئازاکانی و کادر و پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی حیزبی دێموکرات چەندە فیداکارانە لە بەرەوپێشبردنی ئەو شیوە خەباتە چاڵاک و هەڵسوور بوون و لە قوناغی ئێستادا ئاکامی ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگەکان لە بەرگری چەکدارانەدا لەسەر شەقام و لەنێو ئاپۆڕای جەماوەری کوردستان بە زەقی هەست پێ دەکەین. مەبەستی من لەو قۆناغەدا ئەوە بووە کە نەکەوینە داوی تەبلیغاتی ڕێژیم و دارودەستەکەی و بە کوردی دەست لە کراس بێنینە دەر و ڕەهەندەکانی دیکەی خەبات کە لە ئێستادا بەستێنی لەبار و گونجاویان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە لەبیر بکەین.
ڕەخنەیەکی دیکە لە نووسینەکەی جەنابت ئەوە بوو کە ئەمجۆرە وێژمانە بێبایەخکردنی چەک و توانامەندکردنی خۆت وەک بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازییە، ئەویش لە کاتێکدا زلهێزەکان و وڵاتە دیکتاتۆرەکانیش لەپێناو مانەوەی خۆیاندا بۆمبی ئەتوم و مووشەکیان بەدەستەوەیە!
لە وڵامی ئەو پرسیارەدا لە پێشدا با ئەوە وەبیر بێنمەوە کە لە وڵامی پرسیارەکانی دیکەدا بەوردی باسم کردووە کە مەبەست لە چەک لەو نووسینەدا چییە و لە هەمان کاتدا پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم کە لە هیچ جیگای ئەو وتارەدا دەستەواژەیەکی وا بەکار نەهاتووە کە باس لە بێبایەخکردنی چەک لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا بکا و خۆم لام شتێکی سەیر بوو کە لای هێندێک لە خوێنەران ئەو خوێندنەوەیەی لێ کراوە. چونکە منیش هەموو کات بە ئێستاشەوە باوەڕم وایە و هەرواش دەمێنێتەوە کە لە هەموو کاتدا ئەوە هێزە هەموو پرسەکان یەک لا دەکاتەوە و ئەوەش پێویستی بە سەڵماندن نییە. بەڵام گرێنگە بزانین ئەو هێزە سەرچاوەکەی چییە، بۆ چ ئامانجێک بە کاردێ .
بە بوونی دەسەڵاتدارەتیی حکوومەتێکی سەرەڕۆی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران، بزووتنەوەی شوناسخوازی ومافویستی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو قۆناخەکانی خەباتدا پێویستی بە بوونی هێزی نیزامیی (پێشمەرگە ) بەهێز و بەتوانا بۆ داکۆکیکردن لە شوناسی نەتەوەیی خۆی هەبووە وهەیە. ئەو هێزە نیزامییە هاوشان لە گەڵ بەرەو پێش چوونی ڕەهەندەکانی دیکەی خەبات لە کاتی خۆیدا دەتوانێ کاریگەری یەک لاکەرەوەی لەسەر پرسەکان هەبێ. بۆیە پێویستە ئەوە دووپات بکەمەوە کە مەبەستێکی دیکە لەو نووسینە ئەوە بووە کە گەلی کورد بەگشتی و دڵسۆزانی گەل و نیشتمان بەتایبەتی نەکەوینە داوی شەڕی ڕەوانیی کۆماری ئیسلامی کە لە ماوەی ٤٤ساڵ دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا پێ بە پێی شەڕ لە کوردستان، شەڕی ڕەوانییشی بردۆتە پێشی و بەتایبەتی لە یەک ساڵی ڕابردوودا دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تەبلیغاتیی نیزام بە هەموو توانای خۆیان ڕوو بە خەباتگێران و بنەماڵەکانیان شەڕێکی دەروونیی بەربڵاویان بەڕێوە بردووە و دروست نییە خەباتگێڕان و دڵسۆزانی خاک و نیشتمان بکەونە داوی ئەو شەڕە ڕەوانییە و خۆمانی پێ مەحکووم بکەن. چونکە هەموو لایەکمان باش دەزانین کە ئێرادەی درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان هەتا وەدیهاتنی ئامانجەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو خەباتکاران و تێکۆشەڕان ونیشتمان پەروەرانی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەهێزی دایە و باوەڕم وایە بە بوونی خەڵک و خەباتگێران لە مەیدانی خەباتدا ئەو ئێرادە نەتەوەییە بەسەر ئەو قۆناخە و هەموو قۆناخە سەخت و دژوارەکاندا سەر دەکەوێ.
سپاس بۆ بەشداریتان لەو دیمانەیەدا.
ئێوەش ماندو نەبن.