کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕین بە ونبووندا هەتا مەیدانی شۆڕش

15:58 - 18 خەزەڵوەر 2723

سۆما ناسری

١٣ی خەزەڵوەر، ئەگەر شەهید نەبووبا سێ‌وسێهەمین مۆمی تەمەنی دادەگیرساند

کاتێک داگیرکەر و جەبری هەڵکەوتەی جوغرافیای وڵاتەکەت دەست دەدەنە یەکتر و ستەم و داگیرکاری بە باڵات دەبڕن، بەرخۆدان و ڕاپەڕین دەبنە ئەرک و ئەوجار تاکە وشیارەکان دەبنە کاریزمای سەردەمی خۆیان و بە ڕەسمی جوامێران سەرلەپێناو و گیان‌لەسەردەست، بە خوێن پارێزگاری لە نیشتمان دەکەن و ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕن و وەک نموونەیەکی خاوەن کەرامەت و وڵاتپارێز بە ورەی پۆڵایین دژ بە ستەم و نادادی پێشەنگایەتیی گەلەکەیان دەکەن و لەو ڕێگەیەشدا بەرگی نەمری بە باڵای خۆیان دەگرن.

زۆرن ئەو لاو و ژنانەی لە "شۆڕشی ژینا"دا بوونە سەرقافڵەی دوژمن‌بەزێن و بە شەهیدبوونیان پێناسەی هەرمانی مێژوویان کردە خەڵاتی خۆیان و بوونە شانازی بۆ گەلەکەیان.

مێژوو سەلماندوویە هەرکات داگیرکەر شیر و تیری زیاتر دەسوێ، کورد بە خۆڕاگریی و بەرخۆدان بەرەنگاری دەبێتەوە و چۆکی پێ دادەدا.

یەک لەو لاوە سوورخەڵاتانەی شۆڕشی ژینا کە لەپێناو وەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانی ئەو شۆڕشەدا گیانی فیدا کرد و ناوی چووە ڕیزی نەمرانی مێژووی ڕۆژهەڵاتەوە، شەهید شەماڵ خەدیری‌پوورە.

شەهید شەماڵ ۱۳ی خەزەڵوەری ١٣٦٩ی هەتاوی لە شاری مەهاباد چاوی بە دونیا هەڵێنا و بە لەدایکبوونی نەمامی هیوای لە دڵی کاک حەسەنی باوکی و خاتوو زبێدەی دایکیدا ناشت. شەماڵ باڵای کرد و نێردرایە بەر خوێندن، بەڵام هەمیشە گوشاری ئەو بارە نالەبارەی ڕێژیمی ئاخوندی بە سەر ژیانی خەڵکی کوردستانیدا سەپاندووە، کاریگەریی زیاتر دەخاتە سەر دۆخی منداڵەکان و بەشێکیان لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش دەکات. هەر ئەو دۆخە بوو بەهۆی ئەوەی شەماڵی دڵ پڕ لە ئاوات نەتوانێ زیاتر لە نۆ ساڵ بخوێنێت و بەناچار شانی دایە بەر بەرپرسیارەتی و دابینکردنی بژێوی ژیان و بە شاگردی لە کارگەیەکی میکانیکی دەستی پێ کرد و هەر ئەوەش بۆی بوو بە پیشەیەکی دایمی.

شەماڵی لاو وێڕای ئەوەی یاریزانێکی بەتوانای وەرزشی بۆکس بوو، و چەندین میداڵیای قارەمانی وەرگرتبوو، هاوکات هۆگرییەکی زۆریشی بە شاخەوانی بوو. زۆرجار لەگەڵ هاوڕێکانی بە شاخە بەرز و سەرکێشەکانی کوردستانی ئازیزدا هەڵدەزنا.

شەماڵی ئەویندار و ئاشق بە ژیان لە دڵی ئەشکەوتی چیا بەرزەکانی کوێستانی سەربەتەمی كوردستانەوە هەست و هەناسەی گەرمی ئاوێتەی تەزووی سەرمای ئەو سەرانە دەکرد و ئەسپی خەیاڵی بە دەم تەمومژەوە بەرەو جێژوانی لاوی تاو دەدا و نوقمی خەون و ئاواتەکانی لەگەڵ "ئارەزوو"ی هاوژینی دەبوو کە بە خۆشەویستی پێک گەیشتبوون و وێنای داهاتوویەکی پڕشنگداریان بۆ "سەنا"ی تاقانەیان دەکرد و وەک ئەوەی ئیلهامی پێ کرابێ کە پەرچەم و ئەگریجەی کیژی کورد دەبێتە ڕەمزی پیرۆزی شۆڕشێکی سەردەمیانە، سۆزی دەنگی تێکەڵ بە گۆرانیی "نازیلێ"ی گەورە هونەرمەندی کورد عەلی مەردان و نەجمەدین غوڵامی دەکرد.

شەهید شەماڵ و هەموو شەهیدانی کوردستان شەیدای گەشە و پێشکەوتنی نیشتمان و نەتەوەکەیان بوون، بۆیە بۆ گەیشتن بە بەهاری سەربەستی و ڕزگاری بە خوێنی خۆیان سرووشتی جوان و داری ئازادیی کوردستانیان ئاودێر کرد.

شەهید شەماڵ خەدیری‌پوور، لاوێکی خوێنگەرم و بەهەڵوێست بوو، لە ڕابوونی شەقامەکانی مەهاباددا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو. چاونەترسیی شەهید شەماڵ لە ڕاپەڕینی ژینادا بوو بە هێمای ورە و باوەڕ بۆ لاوان و خەڵکی ڕاپەڕیوی شاری پێشەوا.

 ڕۆژی هەینی ۲۷ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، ئەو ڕۆژەی لاوان و خەڵکی تووڕەی مەهاباد تەرمی شەهید دوکتور "ئازاد حوسێن‌پووری"‌یان بە دروشمی ئاگرینی دژ بە جەنایتکاران بەرەو گۆڕستانی ئەو شارە دەبرد بۆ ئەوەی بە خاکی پیرۆزی کوردستانی بسپێرن، شەهید شەماڵ هاوشانی هێزی بەرگریی شەقام بۆ پشتیوانی لە لاوان و جەماوەری خۆپیشاندەر، ڕۆڵی پێشەنگیان دەگێڕا و ڕێی بەرەوپێشچوونیان لە داگیرکەر تەوق دەکرد و بە بەرد دوژمنیان ڕاو دەنا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندەران جگە لە ورەی پۆڵایین و بەردی مشتیان هیچی دیکەیان بۆ بەرگری پێ نەبوو، بەڵام دوژمنی بەدخوو و غەدداری ئاخوندی بە تەقەی ڕاستەوخۆ و بە فیشەکی شەڕ هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران و لە گەرمەی ئەو بەرخۆدانەدا شەماڵی بوێر و خولیای سەربەستی و چەند کەسی دی کەوتنە بەر دەستڕێژی گوللەی ناحەزانی مێژوو. لەو هێرشەدا سنگ و سکی شەماڵ پێکرا و بەسەختی بریندار بوو. شەماڵ گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی ورمێ، بەڵام بە هۆی کاریبوونی برینەکانی کەمتر لە حەوتوویەک ژیا و ڕۆژی ۳ی سەرماوەز چووە ڕیزی سوورخەڵاتانەوە و بە شەهیدبوونی وەفاداری بۆ ئەو ڕێبازە سەلماند کە باوەڕی پێی هەبوو.

شەهید شەماڵ گەلێک وتەی جوانی لەبارەی ئازادی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان تۆمار کردووە کە هەڵقوڵاوی ویستی دەروونیی خۆیەتی. بۆ نموونە لە لاپەڕەی ئیستاگرامەکەیدا نووسیبووی: "بۆ ئازادی پێویست نییە عەرز و ئاسمان بگرن، تەنیا خۆتان مەفرۆشن بەسە".

پۆشینی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی و هەڵگرتنی چەکی شەڕەف، ئاواتی شەهید شەماڵ بوو، هەرچەندە بە هۆی هەلومەرجی تایبەتی ژیانیەوە نەیتوانی ئەو ئاواتەی بێنێتە دی، بەڵام بەکردەوە لە هەڵسوکەوت و ڕەفتاریدا سەڵماندبووی کە مرۆڤێکی تا بڵێی نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێزە. هەڵگەڕان بەسەر چیای قەندیل و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە لووتکەی هەڵگورد ئاواتێکی جوانی دیکەی شەهید شەماڵ بوو.

شەهید شەماڵ گەشبینانە دەیڕوانیە ئاسۆی شۆڕشی ژینا و باوەڕی بە سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە هەبوو، هەمیشە دەیگوت: "شۆڕش خوێنی دەوێ و ئامادەم خوێنی خۆم بکەمەوە خەڵاتی سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە". شەماڵ بەکردەوە مردنی بە چۆک داهێنا و بە شەهیدبوونی بە نەمری مایەوە.

شەهید شەماڵ زۆر هۆگری سروودە حەماسییەکانی هونەرمەندی گەورەی کورد ناسر ڕەزازی بوو، لەهەر کات و شوێن و هەلومەرجێکدا گوێی لە سروودی "ئەم خاکە خاکی کوردییە/ خۆ خاوەنی دیکەی نییە" دەبوو، بۆ ڕێزلێنان لە نیشتمان هەڵدەستا سەرپێ و دەستی هەڵدێنا و دەیگوت: "من گیانم فیدای ئەو خاکە دەکەم".

ئەگەرچی درەنگانی شەوی پێنجشەممە ۳ی سەرماوەز تەرمی شەهید شەماڵ خەدیری‌پوور بە بنەماڵەکەی درایەوە و لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی ئەو شەوەدا لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان به‌ خاکی کوردستان سپێردرا و لەو بارەیەوە جەلال برای شەهید شەماڵ لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا نووسی؛ "شەماڵمان لە شەوێکی ساردی پاییزیدا بە باوەشی سڕی زریان ئەسپارد"؛ ڕۆژی ۱۲ی بەفرانبار و لە چلەی شەهیدبوونیدا، سەرەڕای گوشاری بەکرێگراوانی ڕێژیم سەدان کەس لەسەر گڵکۆکەی کۆ بوونەوە و بە گوتنەوەی دروشمی ئاگرینی دژ بە رێژیم پەیمانیان نوێ کردنەوە و پاڵپشتییان لە پەیامی ئارەزوو هاوسەری شەهید شەماڵ کرد و ڕوو بە دوژمن دووپاتەیان کردەوە کە هەرگیز لە خوێنی شەهیدەکان خۆش نابن.

"ئەوە شەماڵە دەڵێ :

هەر دێمەوە

دایە گیان هەر دێمەوە

پێ بکەنە دایەگیان لەو وڵاتەی گریان داگیری کردووە، پێ بکەنە کە پێکەنینت بزمارێکە تیژ ڕۆدەچێ بە تابووتی یەکە یەکەی سەردەمکوژان، ڕادەری قاقای دێزەی دێوەکانە، مەڵهەمە، ژارکوژە، ئومێدە بۆ هەرچی بوونەوەرە بۆ هەرچی ئینسانە...

من شەماڵم و دێمەوە، شەماڵم و سەر لەنوێ بە بەژنی  شاخێکا هەڵدەچمەوە، دێمەوە دایە گیان، لەگەڵ ئەو پۆلە باڵندانەی بەلای گڵگۆی مندا تێ‌دەپەڕن و بای دەشتی ئازادیان پێیە، دێمەوە هەتا چیرۆکی مناڵانی ئەم سەرزەمینە بەبێ هەبوونی کوشتن بنووسمەوە، ئەوە هەر خۆیەتی لە بەژنی دارە سێوەکانی ئەم دەڤەرەدا شکۆفەی داوە و شکۆیەک لە ماڵباتی جوانی بەم بەهارە بەخشیوە...

شەماڵ و هاوڕێیانی سەرلەنوێ لە ڕووبارەکانی ئەم وڵاتەدا هەڵدەقوڵێنەوە، دەبن بە متفەڕکی سەر و چاوی ئەو خوشکانەی جلوبەرگی ئەوانیان لەبەر کردووە، دەبن بە چەک‌ و ڕەختی لە قەدهاڵاوی هەموو ئەو برایانەی بۆ مەرگی برا شینیان نەگێڕا و، شینیان کردنەوە، هەر وەک ئەو دارستانانەی مەرگ چۆکیان بۆ دادەدا."