کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خدر ڕەش‌ئەحمەدی هونەرمەند و ئەکتەری ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ماڵاوایی لە ژیان کرد

00:43 - 19 خەزەڵوەر 2723

خدر ڕەش‌ئەحمەدی هونەرمەند و ئەکتەری ناسراوی کوردی خەڵکی مەهاباد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ی خەزەڵوەر، لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا و بە هۆی نەخۆشییەوە، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو ساڵی ١٣٥٥، بە فەرمی چووەتە نێو دنیای هونەرەوە و لە بوارەکانی شانۆ و تێئاتردا چالاکیی کردووە.

یەکەمین نواندنی پیشەیی ناوبراو لە بواری تێئاتردا، ڕۆڵگێڕان لە شانۆی "هاواری هەڵەبجە"، لە فێستیڤاڵی هونەریی کورد بووە کە لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا بەڕێوە چووە.

ناوبراو جگە لە کاری نواندن و ئەکتەری، لە نیگارکێشانیشدا دەستێکی باڵای هەبووە.

خدر ڕەش‌ئەحمەدی، ساڵی ١٣٣٦ لە گەڕەکی "ئەرمەنییان"ی مەهاباد لەدایک بووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لەم شارەدا تەواو کردووە.

ناوبراو لە دانشسەرادا درێژەی بە خوێندن داوە و وێڕای مامۆستایەتی لە گوندەکانی دەوروبەری مەهاباد، هاوکاریی هونەرمەندانی دیکەی مەهابادیشی کردووە.

ئەم هونەرمەندە، بە فەرمی لە ساڵی ١٣٥٥دا چووەتە بواری سینەماوە و ساڵانێک لە بواری سینەما و تێئاتردا چالاکیی کردووە، بەڵام لە ساڵی ١٣٨٩دا بە هۆی جەڵتەی مێشکەوە لە سینەما دابڕاوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەم هونەرمەندەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی، هونەردۆستان و ئۆگرانی بواری سینەما دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.