کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایا وڵاتانی ڕۆژئاو جێبەجێکاری پیلانەکەی کۆماری ئیسلامین؟

13:48 - 19 خەزەڵوەر 2723

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

لانکەی شارستانیەتە کۆنەکان، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئیتر زیاتر بە هۆی شەڕ و نائارامی و دیکتاتورەکانی لە جیهاندا بە ناوبانگە. هۆکاری ئەوەش کە ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانە چەندی بە هۆی وڵاتان و کاراکتەرەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە یا دەستی زلهێزان و وڵاتانی ڕۆژئاواشی تێدایە، مشتومڕێکی زۆری لە سەرە.

نامهەوێ وەک نەریتی باو بە تایبەتی وەک پڕۆپاگەندەی دیکتاتورەکانی ناوچە بڵێم هەموو ئاڵۆزییەکان پیلانی ڕۆژئاوایە و ڕێگە ئاسانەکە بگرمە بەر، بەڵام نابێ ئەو ڕاستییەش  لە بەرچاو نەگرین کە هۆکارێکی سەرەکی ئەو نائارامیانە دەرەنجامی سیاسەتی ڕۆژئاواییەکان لە ناوچە و بە تایبەتی سیاسەتەکانیان لە بەرانبەر وڵاتێکی وەک ئێرانە، چۆن؟

بەر لە ٧ی ئوکتۆبر دوای چەندین دەیە شەڕ ململانێ، ڕەوتی ئاشتیی عەرەب و ئیسرائیل بە خێراییەکی زۆرەوە بەرەو پێش دەچوو، تەنانەت هەبوونی دیالۆگ هیوایەکیشی بۆ چارەسەری گرفتەکانی نێوان فەلەستین و ئسرائیلیشی دروست کرد و، لەوانەیە هیچ کات بە ئەندازەی بەر لە ٧ی ئۆکتۆبر هیوای ئاشتیی عەرەب و ئیسرائیل ئاوا نەبووژابوە.

بێگومان ئاشتیی عەرەب و ئیسرائیل لە ئاستی ناوچەدا هاوکێشەکانی بە جورێک دەگۆڕی کە تەنیا بە زیانی کۆماری ئیسلامی دەشکایەوە، هەربۆیەش یەکێک لە نزیکترین میلیشیا و گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسداران (حەماس) هێرشێکی لەپێشدا بەرنامەڕێژی‌‌بۆکراو دەکاتە سەر ئیسرائیل و بە یەکجار زیاتر لە هەزار کەسی ئیسرائیلی دەکوژی و بریندار دەکات و دەڕفێنێ. لە بەرانبەردا دەوڵەتی ئیسرائیل بڕیاری هێرشێکی پێچەوانەی زۆر قورس دەدات بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەک بووبێ سەبارەت بەو زەبرە قورسەی وێی کەوتووە تۆڵەی قورس لە حەماس بکاتەوە و، جارێکی دیکە هەموو ئەو هیوایەی بۆ ئاشتیی عەرەب و ئیسرائیل گەشابوونەوە بەرەو داهاتوویەکی تاریک کووژانەوە.

تۆ بڵێی کە حەماس و ئێران ئەو هێرشەیان کرد نەیاندەزانی ئیسرائیل وەڵام دەداتەوە؟ بێگومان دەیانزانی. دەی ئەگەر دەیانزانی بۆچی ئەو هێرشەیان بەو شێوەیە کرد؟ وەڵامەکە ڕوونە. بەڵام ئێران ڕێک ئەوەی دەویست، ڕێژیم دەیهەویست شەڕ و ئاڵۆزییەکی زۆر گەورە دروست ببێ، واتە ئیسرائیل بەو شێوەیە وەڵام بداتەوە کە بتوانێ پلانەکانی دیکەی لەسەر جێبەجێ بکا. هەربۆیە حەماس تەنیا بە کوشتن و ڕفاندنی ئیسرائیلیەکان ڕانەوەستا و سەرەڕای  ئەشکەنجە و بێڕێزی تەنانەت دەستدرێژییان کردە سەر ئیسرائیلیەکان و تا ئەو شوێنەی بۆشیان کرا لە ئاستی میدیایدا بڵاویان کردەوە.

ئەگەر لەبیرمان بێ کاتێک بەهاری عەرەبی دەستی پێ کرد و شۆڕش لە سووریە تا لێواری ڕووخانی ڕێژیمی دیکتاتوری بەشار ئەسەد ڕویشتبوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دروستکردنی داعش و دەستێوەردانێکی بێ‌وێنە شەڕێکی ماڵوێرانکەری درێژی دروست کرد کە دەیان میلیۆن مرۆڤ تێیدا زیانیان وێ کەوت و تەنیا ئاکامەکەشی بۆ ڕێژیم مانەوەی ئەسەد و بەردەوامیی ئاڵۆزی و شەڕ سەرکەوتنی ئێران بوو.

هەر ئەو شەڕە بە جورێکی دیکە لە غەزە بەرنامەدڕێژی کراوە تا لە پەنا ئەو شەڕەدا کۆماری ئیسلامی بتوانێ چەند ساڵێکی دیکە تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە. لە بەرانبەردا وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا و تەنانەت ئیسرائیلیش سەڕەڕای ئەوەی ڕۆڵی ئێران لەو شەڕەدا دەزانن، ئامادە نین دان بە بەرپرسایەتیی ڕاستەوخۆی ئێران دابنێن، کەچی ئامادەی شەڕێکی درێژخایەنن لەگەڵ غەزە.

لێرەدا ڕوو لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەو پرسیارە دروست دەبێ: ئێوە ئامادە نین ڕووبەڕووی هۆکاری سەرەکیی هێرش و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست -واتە کۆماری ئیسلامی- ببنەوە، بەڵام ئامادەن بە تێچوویەکی زۆری گیانی و ماڵی شەڕ لە بەرانبەر گرووپێکی سەر بە ئێران بەردەوام بکەن، تەنانەت ئەگەر لە شەڕ بەرانبەر ئەو گروپەشدا سەرکەوتوو بن، بە دەیان گرووپی دیکە ئامادەی سەرهەڵدان لەم وڵات و لەو وڵاتن. واتە درێژە بە شەڕێک بدەن کە پیلانی ئێرانە و تەنیا لە بەرژەوەندیی ئێران‌دایە و بەو پێیە ئایا وڵاتانی ڕۆژئاواش پیلانەکانی ئێران جێبەجێ دەکەن؟