کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی هونەرمەند خدر ڕەش‌ئەحمەدی لە زێدی خۆی بە خاک ئەسپێردرا

14:16 - 19 خەزەڵوەر 2723

ئەمڕۆ هەینی، ١٩ی خەزەڵوەر، تەرمی خدر ڕەش‌ئەحمەدی هونەرمەند و ئەکتەری ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەنێو ئاپۆرای خەڵكی کوردستاندا و لە شاری مەهاباد، بە خاک ئەسپێردرا.

خدر ڕەش‌ئەحمەدی هونەرمەند و ئەکتەری ناسراوی کوردی خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی خەزەڵوەر، لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا و بە هۆی نەخۆشییەوە، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

خدر ڕەش‌ئەحمەدی، ساڵی ١٣٣٦ لە گەڕەکی "ئەرمەنییان"ی مەهاباد لەدایک بووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لەم شارەدا تەواو کردووە.

ناوبراو ساڵی ١٣٥٥، بە فەرمی چووەتە نێو دنیای هونەرەوە و لە بوارەکانی شانۆ و تێئاتردا چالاکیی کردووە.

ناوبراو بە فەرمی لە ساڵی ١٣٥٥دا چووەتە بواری سینەماوە و ساڵانێک لە بواری سینەما و تێئاتردا چالاکیی کردووە، بەڵام لە ساڵی ١٣٨٩دا بە هۆی جەڵتەی مێشکەوە لە سینەما دابڕاوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بووە.