کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەشتی "شەروان"ی زرێبار ئامادەی پێشوازی لە باڵندە کۆچەرییەکانە

10:16 - 20 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی خەزەڵوەر، ئەندامانی ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان بە هاوکاریی ژینگەدۆستان، دەشتی شەروانیان بۆ پێشوازی لە باڵندە کۆچەرییەکان خاوێن کردەوە.

دەشتی شەروان، هەڵکەوتوو لە خوارووی تاڵاوی زرێبار و نزیک ئاوایی یەنگیجە، یەکێک لە ژینگە کاتییەکان بۆ باڵندەکانە کە بۆ ماوەی ٧ ساڵە، لەلایەن ژینگەدۆستانی مەریوانەوە خاوێن دەکرێتەوە.

ئامانجی ئەنجومەنی سەوز چیا لەم کارە، وێڕای هەست بە بەرپرسایەتی لەهەمبەر پاراستنی ژینگە و بەتایبەت پاراستنی تاڵاوی زرێبار، سەرکۆنەی ڕاوی باڵندەکان و گرنگیدان بە باڵندە کۆچەرییەکانە کە بوونیان لەم ناوچەیە دەورێکی تایبەت لە گەشەی ئابووریی ناوچەکە و ڕاکێشانی گەشتیار دەگێڕێ.

"ئەنجومەنی سەوزی چیا" هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا بە خاوێنکردنەوەی دەوروبەری زرێبار و خاوێنکردنەوەی ژینگەی باڵندە کۆچەریەکان، ئەرکی ژینگەپارێزیی خۆی بەڕێوە دەبات و پێشوازی لەو باڵندانە دەکات. 

"ئەنجومەنی سەوزی چیا" لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: "هیوادارە بە بەڕێوەبردنی ئەم بەرنامانە و بانگهێشتی جەماوەر، لانیکەم بەشێک لە برین و ناسۆرییەکانی زرێبار و سروشت ساڕێژ بکات و ئەمانەتدارێکی باش بۆ نەوەکانی داهاتوو بێت".