کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی شەڕی ئیسرائیل و حەماس؛ هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام و زیاتر دەبێت

10:47 - 21 خەزەڵوەر 2723

شەڕی ئیسرائیل و حەماس لەحاڵێکدا چووەتە نێو پێنجەمین حەفتەی خۆیەوە کە هیچ ئاڵوگۆڕێک لە دۆخی شاری غەززەدا پێک نەهاتووە و  ئیسرائیل بۆ جارێکی تر جەختی لەسەر ئەوە کردوەتەوە کە تا ئازادکرانی هەموو دیلەکان، شەڕ لە غەززە بەردەوام دەبێت.

ڕۆژی هەینی، لە دوای ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی سەبارەت بە ڕاگیرانی شەڕ لەلایەن ئیسرائیلەوە، هەزارن کەس لە خەڵکی مەدەنیی غەززە باکووری شارەکەیان بەرەو باشووری ئەو شارە بەجێ هێشت.

ئەرتەشی ئیسرائیڵ ڕایگەیاند کە "زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لەم ٢ ڕۆژەدا بەرەو باشووری غەززە کۆچیان کردووە، هەروەها زیادیشی کردووە کە ڕاگرتنی تاکتیکی شەڕ بۆ یارمەتییە مرۆییەکان و خەڵکی مەدەنی غەزە لەئارادایە، بەڵام ئاگربەست نییە."

هاوکات لەگەڵ ئەمانە، هێرشەکان بۆ دەورووبەری نەخۆشخانەکان زیادی کردووە، پزیشکان و بەرپرسانی غەززە وتوویانە: "هێرشەکان بۆ سەر نەخۆشخانەی شەفا و قودس بەردەوام زیاتر دەبێت." لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل دەڵێت: "شوێنی سەرەکیی فەرماندەیی هێرشەکانی حەماس هەر ئەوێیە."

لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی شەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، لە ڕیازی پێتەختی عەرەبستان، سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەلایەن وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبییەوە بەڕێوەچوو.

 شایانی باسە کە لە پاش ٣٦ ڕۆژ لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند "لە دوای دەستپێکی شەڕ تا ئێستا ١١هەزار و ٧٨ کەس کوژراون و ٢٧هەزار  و ٤٩٠ کەسیش بریندار بوونە." لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ژمارەی کوژراوەکانی خۆی لە هەزار و ٤٠٠ کەس بۆ هەزار و ٢٠٠ کەس کەم کردەوە و ڕایگەیاند کە "کەمبوونەوەی کوژراوەکانی ئیسرائیل لەبەر ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر تەرمی نەناسراو لە ڕۆژی دەستپێکی شەڕەکەدا هەبوون کە ئێستا ڕوون بووەتەوە کە سەر بە حەماسن نە ئیسرائیل."