کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەئیسی دەیەوێ ئەرتەشی ئیسرائیل وەکوو ڕێکخراوی تێرۆریستی بناسرێ

10:54 - 21 خەزەڵوەر 2723

لە درێژەی کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتانی ئیسلامیدا کە ڕۆژی شەممە، ٢٠ی خەزەڵوەر لە ڕیازی پێتەختی عەرەبستان بەڕێوە چوو، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، ١٠ ڕێکاری بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی غەززە هێنایە گۆڕێ کە پچڕاندنی هەموو جۆرە پێوەندییەکی سیاسی و ئابووریی وڵاتانی ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل و و پێکهێنانی دادگاییەکی نێونەتەوەیی بۆ بەدواداچوون و سزادانی ئامریکا و ئیسرائیل، یەکێک لەم ڕێکارانە بووە.

ڕەئیسی لەم کۆبوونەوەیەدا ئەم پێشنیارەی خستووەتە ڕوو کە دەوڵەتە ئیسلامییەکان، ئەرتەشی ئیسرائیل وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسن.

بە وتەی ناوبراو، کۆماری ئیسلامی بەرگریی حەماس بە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانە دەزانێ و لەلایەکی تریشەوە هەوڵەکانی ئیسرائیل، بە کردەوەی تێرۆریستی ناو دەبات.

هەر لەم پێوەندییەدا، حوسێن ئەمیرعەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە وتی: ئەم کۆبوونەوەیە بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززەیە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەب، بۆ جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و پێوەندیی دیپلۆماتیک لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیلە.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە قسەکانی ڕەئیسی و خاڵە پیشنیارکراوەکانی  هەموو دژ بە ئیسرائیلن، لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا زیاتر باس لە ئاشتەوایی و ڕاگرتنی شەڕەکە کراوە و هیچ گرینگییەک بە داواکارییەکانی ڕێژیم نەدراوە.