کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٠ لەسەدی قوتابییانی بەلووچستان لە ڕووی ناچارییەوە واز لە خوێندن دێنن

15:05 - 11 سەرماوەز 2723

بەشێکی بەرچاو لە قوتابیانی پارێزگای بەلووچستان لەبەر نەبوونی ئامرازی تایبەت بۆ هاتوچۆ واز لە خوێندن دێنن.
موعینەدین سەعیدی، بە ناو نوێنەری خەڵکی چابەهار لە مەجلیسی ڕێژیم، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ماڵپەڕێکی ڕێژیم، باسی لە قەیرانی وازهێنانی قوتابییان لە پارێزگای بەلووچستان کرد و وتی کە لەو ناوچەیەدا لە هەر ١٠٠ کەس تەنیا ٤٠ کەس دەتوانن بڕوانامەی دیپلۆم بەدەست بهێنن. 
هەروەها باسیشی لەوە کرد کە لە ئەمساڵدا ٦٠٪ی قوتابییان بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و ئامرازی تایبەت بۆ هاتوچۆ و هەروەها نەبوونی مامۆستا وازیان لە خوێندن هێناوە.
ناوبراو سەبارەت بە نەبوونی ماشینی تایبەت و ستاندارد بۆ گواستنەوەی قوتابییان وتی کە لەم ڕۆژانەدا بە هۆی گواستنەوەی قوتابییان بە ماشینێکی ناستاندارد تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون و ئەم حاڵەتە ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوە.
ئەو نوێنەرەی مەجلیسی ڕێژیم وتی ١٠ لەسەدی ئەو کەسانەی کە لەسەرانسەری ئێراندا لە خوێندن بێبەش دەبن، خەڵکی بەلووچستانن و ڕێژەی هەرە بەرچاویان کچن.
بە پێی ئاماری کۆمیسیۆنی ڕاهێنانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە سەرانسەری ئێراندا ٢٣ هەزار پۆل بێ مامۆستان، و ١٤ هەزار و ٥٠٠ پۆل لە پارێزگای بەلووچستان لە ئێستادا مامۆستایان نییە و ئەمەش خۆی باندۆرێکی نەرێنیی خستووەتە ڕەوتی سەر خوێندنی قوتابییان.