کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیپلۆماسیی سایبری پێویستییەکی هەنۆکەیی بزاڤی نەتەوایەتیی کوردستان

02:44 - 20 سەرماوەز 2723

د. مەجید حەقی

دیپلۆماسی مەجازی یان سایبێری بەواتای جێبەجێ کردنی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لەڕێگەی کەشی سایبرییەوە، دەرفەتێکی زێڕینە کە بزاڤی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان -ئەگەر بەجوانی بەکاری بێنێت- دەتوانێت دەرفەتە لەدەستچووەکانی ڕابردووی پێ قەرەبوو بکاتەوە. دیپلۆماسیی مەجازی یان سایبریی بزاڤی نەتەوایەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئێستا و ئالوگۆڕە جیهانییەکان و بە لەبەرچاوگرتنی پرسی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و پێوەندییە ستراتێژیکەکانی پرسی کورد بە پرسە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان، بە هۆی ئەوەی نێوەرۆکی خەباتی نەتەوەی کورد خەباتێکی مرۆڤ سەنتەرە، و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی کارکردی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە پێوەندی لەگەڵ گۆڕینی پارەسەنگی هێز لە جیهاندا، لە هەموو کات زیاتر پێویستی بەوەیە کە لە پێوەندی و دیالۆگی ڕاستەوخۆدا بێت لەگەڵ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بیروڕای گشتی.

گرینگە بزانین کە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان ئەگەر بەشێوەی گونجاو بەکار ببردرێن، دەتوانن ببن بە سەنگەریکی گرینگی دیپلۆماسی بۆ ناساندنی پرسی ڕەوای کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەڕاستیدا بەهۆی شوێندانەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەرچێ کەمتر لەو جیهانەدا بوونمان هەبێت، داگیرکەرانی کوردستان دەرفەتی زیاتر دەدۆزنەوە بۆ سڕینەوەی پرسی کورد و پەرەدانی تێرۆری سایبری دژی نەتەوەکەمان. کۆماری ئیسلامی و هێزە نەیارەکانی کورد خاوەنی کۆمپانیا و دامودەزگای گەورەن لە کاتێکدا بزاڤی نەتەوایەتیی کوردستان تەنیا خاوەنی هێزێکی بەبڕوا و نشتیمانپەروەر و کەسانی دڵسۆز و خۆبەخشە. ئەم شەڕە نابەرامبەرە سەرەرای ئەوەی لە ڕوانگەیەکەوە بە قازانجی نەیارانی بزاڤی نەتەوەیی کوردستان دەبیندرێت، بەڵام بەهۆی دەوڵەمەندیی کۆمەڵگەی کوردستان خاسمایی لە دیاسپۆرا و خاوەن هێزی نشتیمانپەروەر و گەنج، ئەم بزاوتە خاوەنی تواناییەکانی جۆراوجۆرە کە ئەگەر بە شێوەی گونجاو، یەکگرتوو و لە چوارچیوەی ستراتێژییەکی نەتەوەیی بەکار ببردرێت، دەتوانێت ببێتە خاڵی بەهێزی ئەو بزاڤە.

سەرەرای گەشەی زۆری مرۆڤایەتی و سیستەمە نێونەتەوەییەکان، سیاسەتی نێودەوڵەتی ئێستاش نەیتوانیوە بەشێکی زۆر لە پرسە نێونەتەوەییەکانی جیهان لەوانە شەڕ و خوێنرێژی و چەوساوەیی نەتەوە بندەستەکان چارەسەر بکات و ئاشتیی جیهانی وەدی بێت. سەرەڕای ئەمانە دیپلۆماسی وەک یەکێک لە گونجاوترین ڕێگەکان دەزانرێت بۆ چارەسەری پرسەکانی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی. پێ‌بەپێی گەشەی تەکنۆلۆژیی پێوەندیی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان سنوورە نەریتییەکانی خۆی تێپەر کردوە و ئێستا نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان لە جاران زیاتر دەتوانن لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی لە پێوەندیدا بن و بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی زانیاری خەڵکی جیهان، ویستی چارەسەری کێشە نێونەتەوەییەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە پەسەنترە.

دیپلۆماسی وەک کەرەسەی سیاسەتی دەرەوەی وڵات یان بزاڤێک بە واتای هونەری بەرێوەبردنی هەڵسوکەوت لەگەڵ جیهانی دەرەوە لەلایەن دەوڵەتەکان و ڕێکخراوەکانەوە. دیپلۆماسی لە واتای کلاسیکی خۆی بریتییە لە سێ ئەستوونی سەرەکی واتە ئەستوونی سیاسی، ئابووری و ئەمنیەت. دواتر بەپێی گەشەی پێوەندییە نءونەتەوەییەکان ئەستوونێکی دیکەی پێوە زیاد بوو بە ناوی ئەستوونی کولتووری.

ئەمرۆ بەگشتی ئەم چوار ئەستوونە لە دیپلۆماسیدا ڕۆل دەگێرن، بەڵام لەگەڵ ئەمەش زۆر ستوونی لاوەکی دیکەش لە دیپلۆماسیدا کاریگەرییان هەیە بۆ نموونە: دیپلۆماسیی بەرگری، دیپلۆماسیی ڕاگەیاندن و دیپلۆماسیی کۆمەڵایەتی و هتد. گۆڕینی خێرای هەلومەرجی سیاسی جیهان و سەرهەڵدانی هۆکاری نوێ لە پێوەندییە نەتەوەییەکاندا بووەتە هۆی ئەوەی وڵاتان تەنیا بیر لە دیپلۆماسیی نەریتی کە بریتی بێت لە پێوەندیی تەنیا لەنێوان دەوڵەتان نەکەنەوە و فاکتەرەکانی دیکەی سیاسیش لە پێوەندییەکاندا لەبەرچاو بگرن. لە ڕاستیدا شۆڕشی پێوەندییەکان و بەرفراوانبوونی کەرەسەی پێوەندییە گشتییەکان لەلایەک و بەهێزبوونی چالاکیی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەک ڕێکخراوە مەدەنییەکان، کۆمپانیا بازرگانییەکان بوونەتە فاکتەرێکی بەهێز لە پێوەندییە نێونەتەوەیی و بڕیارە گشتییەکاندا. بۆیە تەنیا پێوەندییە نەریتییەکان ناتوانن وەڵامدەری پێویستییەکانی ئەمرۆی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بن. هاوکات بەپێی گەشەی تەکنۆلۆژیی پێوەندییەکان و ئێستاش شۆڕشی هۆشی دەستکرد کە لەوانەیە زۆرکاریگەرتر لە شۆڕشی تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بێت، کەشی مەجازی زۆرتر لە هەموکات شوێندانەرە لەسەر پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و دەکرێ وەک یەکێک لە فاکتۆرە ستراتێژیی و دیاریکەرەکان لە بەرچاو بگیرێت.

لە ئێستادا دیاردەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەندە بەخیرایی گەشە دەکات، کە هەڕ ڕۆژێ لاپەڕەیەکی نوێی پێوە زیاد دەبێت و هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی مرۆڤ لە خۆی دەگرێت. ئەم جۆرە دیپلۆماسییە ڕوو بە داهاتوویە، دیپلۆماسییەک کە نەوەی ئەمرۆ واتە نەوەی Z و نەوەی دوای ئەو واتا نەوەی ئالفا نوێنەرایەتیی دەکەن. دیپلۆماسیی سەرکەوتوو ئەو دیپلۆماسییەیە کە بتوانێت لە کەرەسە نوێیەکان بە باشترین شێوە کەڵک وەرگرێت و سەنگەریکی دیکەی خەبات بۆ نەتەوەی کورد بکاتەوە. ئێمە پێویستمان بە دیپلۆماسییەکی سەرکەوتوو و کاریگەر هەیە کە بتوانێت بە پێی پێویستی ئەمرۆی بزاڤی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی ژینگەی سیاسی ناوچە ئامانجە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان بەرەو پێش ببات. شتێک کە تەنیا لە ڕێگەی کەلک‌وەرگرتنی باس و پڕسوود لە تەکنۆلۆژیی پێوەندییە گشتتیەکانی و داهێنانی زانیاریی وەدێ دێت.

تێگەیشتن لە دیپلۆماسیی سایبری (Cyber Diplomacy) بۆ بزاڤی نەتەوەیی کوردستان حەوجێیەکی ستراتێژیکە و بەبێ تێگەیشتن لە جیهانی نوێ و تایبەتمەندییەکانی نەوەی ئەمرۆی جیهان لەوانەیە دیسان دۆڕاوی دەرفەتە مێژووییەکان بین. لۆژیکی دیپلۆماسیی سایبری لۆژیکیکی سێ ڕەهەندییە:  بەدەستهێنانی بڕوا و جووڵە لەسەر شەپۆلی بیروڕای گشتی لە پێناو وەدیهێنان و دەستەبەری بەرژەوەندیی نەتەوەیی.دووەم: بڕوا بە هێزی خەڵک وەک ڕێبەرانی مەیدانی و نوخبەکانی کۆمەڵگە کە دەتوانن شوێندانەر بن لەسەر بیروڕای گشتی و؛ سێهەم پێکهێنانی ئاسانکاری بۆ ڕێکخراوەکان بۆ ئاشنایی لەگەڵ دیپلۆماسیی سایبری و پەروەردەی سامانە مرۆڤییەکانی ئەو بوارە.

ئاستی پیوەندییەکانی سایبری زۆر بەرفراوانە و هەر تاکێک لەو جیهانەدا دەتوانێت وەک باڵیۆزێکی پرسی نەتەوەیی خۆی کار بکات. بۆیە دیپلۆماسیی سایبری دەتوانێت سەرچاوەیەکی هێز بێت بۆ بزاڤی نەتەوەیی. لە ڕوانگەی جۆزێف نای (Joseph Nye)؛ بیرمەندی سیاسیی ئەمریکی و باوکی هێزی نەرم، هێز بە واتای توانایی شوێندانەری لەسەر هەڵسوکەوتی کەسانی دیکەیە بە شیوەیەک کە ببێتە هۆی ڕوودانی ئەو شتەی ئێمە خوازیارین. بەواتایەکی دیکە هێز بە واتای شوێندانەری لە ەر هەڵسوکەوتی کەسانی دیکە بۆ بەدەست‌هێنانی ئاکامە دڵخوازەکانە.

لەو پێناسەیەدا هێز یان دەسەڵات بەسەر دوو جەمسەردا دابەش دەبێت: هێزی نەرم واتە نرخ و بەهاکان، کولتوور، سیاسەت، دەزگا مەدەنی و نەتەوەییەکان، ڕێکخستنی ئەولەوییەتەکان و ڕاکشانی سەرنجی بەردەنگ و هێزی ڕەق واتە هێزی سەربازی و ئابووری. بەو پێیە کەشی سایبری کەرەسەی دەسەڵاتی نەرم و هێزی نەرم سەرچاوەی داهێنانی کەشی مەجازییە.

بە بڕوای مانوئێل کاستێل داهێنەری تیۆریی هێزی ڕایەڵکە ئەو هیز و گرووپانەی دەستیان بە تەکنۆلۆژی پێوەندییەکانی نوێ دەگات و شارەزای شێوازی بەکارهێنانی ئەون، دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە ئاڵۆگۆڕەکان کۆنترۆل بکەن. ئەگەر ئەو هێزانە خاوەنی ڕایەڵکەی بەهێزی پێوەندییەکانی سایبری بن، دەتوانن وێنەیەکی جوانتر لە خۆیان بە جیهان نیشان بدەن. کەوابوو هێزی جیهانیی هەر ڕێکخراوێک پیوەندی هەیە بە توانایی دیپلۆماسیی ڕاگەیاندن و پێوەندییەکانی و بۆیە بزاڤێکی نەتەوەیی و هێزە کوردستانییەکان پێویستیان بە سیاسەتێکی نێونەتەوەیی نیشتمانی هەیە کە پێکەوە بتوانن دیپلۆماسیی سەرکەوتوانە لە ڕێگەی کەلک‌وەرگرتن لە دیاردە جیهانییەکانەوە پرسی نەتەوەی کورد بکەنە پرسی کۆمەڵگەی جیهانی.

دەرفەتەکان

دیپلۆماسیی سایبری ئەم دەرفەتانەی خوارەوە بۆ بزاڤی نەتەوەیی کوردستان دەخوڵقێنێت:

- ئاسانکاری بۆ پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵێکی بەرفراوان لە نوخبە و ئیلیتە شوێندانەرانی جیهان و خێراکردنی کاروباری دیپلۆماسی و ڕێکارەکان و بەشداری لە بۆنە دیپلۆماسییەکانی مەجازی بە تێچوویەکی کەمەوە.

- دەرفەتی ناسینی ڕیکخراوەکانی هاوئامانج و خاوەنی بایەخی هاوبەش و کەلک‌وەرگرتن لە تواناییەکانی هێزی گەنج و دیاسپۆرا.

بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئێستای خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دۆخی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی بە هۆی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق، دیپلۆماسیی سایبری دەرفەتیکی زێرینە بۆ پێوەندی بە بنکە و بنیاتەکانی نێونەتەوەیی دیکە کە پێشتر بەهۆی پێوەندییە تەک ڕەهەندییەکانی حیزبەکانەوە نەناسرابوون.

یەکێک لە کارو تایبەتمەندییەکانی پرۆژەکانی دیپلۆماتیک بەتایبەت نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکان بەدواداچوون و لێکدانەوە و ناسینی ئاڵوگۆڕەکانی جیهانە بۆ ئەوەی بە تێگەیشتنێکی دروست هەنگاوە دیپلۆماتیکەکانی خۆیان هەڵگرن، دیپلۆماسیی سایبری دەبێتە هۆی خوڵقاندنی توانای نوێ بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوە و ئاڵۆگۆڕی ڕاپۆرت لە نێوان نوێنەرایەتی بزاڤی نەتەوەیی و دیپلۆماتەکانی وڵاتان و دەرفەتێکە بۆ مامەڵەی سەردەم لەگەڵ جیهان و دۆزینەوەی بەرژەوەندیی هاوبەش.

هەڕەشەکان

تایبەتمەندی کەشی مەجازی، خێرایی و ئاسانیی پێوەندی‌گرتنە. کۆماری ئیسلامیی ئێران و نەیارانی بزاڤی نەتەوایەتی لە ڕێگەی دامودەزگاکان و بەکرێگیراوانی خۆیانەوە دەتوانن بە تێرۆریزمی سایبری ببنە هەڕەشە بۆ سەر ڕێگەی دیپلۆماسیی مەجازی بزاڤی کوردستان.

دەستکاری کردن و دزینی زانیاری و گۆڕینی ڕاستییەکان بە کەلک‌وەرگرتن لە هۆشی دەستکرد هەڕەشەیەکی دیکەی سەر ڕێگەی بزاڤی نەتەوەیی کوردە.

بە بڕوای نووسەری ئەو دێرانە، بۆ ئەوەی دەرفەتەکانی دیپلۆماسی مەجازی بە شێوەیەکی باش و بێهینەیی بەکار بهێنرێت، پێویستە هێزە کوردستانییەکان بە هاوکاری ڕێکخراوە مەدەنییەکانی دەرەوەی وڵات و پسپۆران و نوخبەی کورد لە دیاسپۆرا پلاتفۆرمێکی هاوبەشی نەتەوەیی پێک بێنن، بۆ داڕشتن و بەرێوەبردنی ستراتێژی دیپلۆماسیی سایبریی هۆشمەند لە ڕێگەی دیاریکردنی سازوکاری پێویستی، هاوئاهەنگی و دابەشکردنی ئەرک و کارەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و بەهێزکردنی هاوکاری و وێکگەیشتنی نەتەوەیی لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا.