کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توێژە جیاوازەکانی ئێران لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەردەوامن

10:32 - 20 سەرماوەز 2723

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ڕێکخراو و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا، خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، کرێکارانی پیشەسازیی نەوت، بازاڕییانی گەناوە، مامۆستایانی بەلووچستان و مڵکدارانی ناوچەیەکی تاران، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕیوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە چەند شاری ئێران، لەوانە ئەهواز، ئەراک، کرماشان و شووش، ڕوودبار، قائیمشەهر، ئیسفەهان و ئەهواز کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ناڕازییان خوازیاری چارەسەرکرانی کێشەی بژێوی ژیان و پزیشکی و دەرمانن و ئاماژەیان بە پەرەگرتنی گەندەڵی و ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە سیاسەتی ئابووری و نادادپەروەری لە کۆماری ئیسلامی کردووە.

بەپێی ئەو دروشمانەی لەسەر پلاکاردەکان نووسراون، لە کرماشان خانەنشینکراوانی ناڕازی "گۆڕینی دەستووری کۆمەڵەی خانەنشینان و هەبوونی ڕێکخراوێکی سەربەخۆ"یان وەک "داواکاری بەپەلە" خستووەتە ڕوو.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممه، کۆمەڵێک لە پێرسۆنێلی شیرکەوتی نەوتی فەلاتی قاڕەی ئێران له دوورگەی سیری له پارێزگای هورمزگان و ژمارەیەک لە پێرسۆنێلی فەرمیی شیرکەتی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی ئاغاجاری له پارێزگای خوزستان، له ناڕەزایەتی به ولامنەدانەوەی داخوازییەکانیان له شوێنی کارەکەیان کۆ بوونەوە.

هەروەها مانگرتنی بازاڕییانی شاری گەناوە لە بوشێهر بەرامبەر بە سیاسەتی سنوردارکردنی هاوردەکردنی کۆمەڵێک کاڵا، گەیشتە ١٥ـهەمین ڕۆژی خۆی و هەتا ئێستا بەردەوامە.

هەر لەو پێوەندییەدا ژمارەیەک لە خاوەن زەوی و زارەکانی شارەکی ژاندارمێری لە تاران، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان لە بەردەم دادگای پێداچوونەوەی تاران کۆ بوونەوە.

هەروەها ڕۆژی شەممە ١٨ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە مامۆستایانی تەداروکی پەروەردەیی لە شارەکانی ڕاسک، بێنت و ئەشار بە ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان مانیان گرت.

ئەم مامۆستایانە بە نەچوونە سەر پۆلەکانی خوێندن، داوایان کرد چاوێک بە دۆخی کارەکەیاندا بخشێنەو و مووچە و پاشەکەوتەکانیان وەربگرن.

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە کاتێکدایە کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژی دۆخی بژێویی ژیان لە ئێران و کوردستان بەرەو خراپیی زیاتر دەڕوات، بەڵام هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم جگە لە سەرکوت، دۆسییەسازیی ئەمنییەتی و تۆمەتی جۆراجۆر، هیچ وڵامێکیان نەبووە.