کۆمیتەی بەدواداچوونی بارودۆخی دەسبەسەرکراوان، باسی لە دواکەوتنی دادگای ماشەڵڵا کەرەمی کردووە و سەبارەت بە ئەگەری بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەمڵێی ناوبراو هۆشداریی داوە.
ئەم کۆمیتەیە ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە بەپێی ڕاپۆرتەکان دادگای ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی کۆمار کەرەمی، کە بڕیار بوو ١٤ی سەرماوەز بەڕێوە بچێت بە هۆکاری نادیار بەڕێوە نەچووە و ناوبراو هەروا لە بەندیخانە ماوەتەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ماشەڵلا کەرەمی لەگەڵ تۆمەتگەلێکی وەک هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی و کەڵکائاوەژوو وەرگرتن لە هەستی خەڵک، بەرەوڕوو بووەتەوە و ڕێژیم لەهەوڵدایە لە ڕێگەی گوشارخستنەسەر ناوبراو، ناجار بە لەئەستۆگرتنی ئەم تۆمەتانەی بکات.
ئەم دامەزراوە مافی مرۆییە هۆشداریی داوە کە ئەگەری هەیە ڤیدیۆی ئەو دانپێدانە زۆرەملێیە لە داهاتوودا لەلایەن ڕێژیمەوە بڵاو بکرێتەوە.
ماشەڵڵا کەرەمی باوکی کۆمار کەرەمییە.
کۆمار کەرەمی، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بیجاڕ، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە خەزەڵوەری ١٤٠١دا، دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەک بە ناوی "ڕۆحوڵڵا عەجەمیان"، لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی بە "افساد فیالارض لە ڕێگەی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی وڵات" مەحکووم و ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١، حوکمی لەسێدارەدرانەکەی بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە جێبەجێ کرا.
ماشەڵڵا کەرەمی ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ماڵەکەیدا دەسبەسەر کرا.
هێزە سەرکوتکەرەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ماشەڵڵا کەرەمی، یادگاری و تابلۆ و مێداڵە پاڵەوانییەکانی کۆماریان تێکشکاند و ئاگریان لە جلەکانی بەردا.