کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەگرتنی گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە ناوچە سنوورییەکان

12:05 - 20 سەرماوەز 2723

دوابەدوای ئەوەی کە حیزبوڵڵا دڕۆنی خۆتەقێن و مووشەکی بەهێزی ئاراستەی پێگەکانی ئیسرائیل کرد و هێرشە دژە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ناوچەکانی باشووری لوبنانیان گرتەوە، گرژییەکان لەسەر سنووری لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل، توندتر بوو.

حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، لە سەرەتای شەڕی غەززەوە لە نێوەڕاستی مانگی ڕەزبەری ڕابردووەوە لەگەڵ ئیسرائیل ململانێی هەبووە و ئەم توندوتیژییانە تا ڕادەیەکی زۆر تەنیا لە ناوچە سنوورییەکان سنووردار بووە.

ڕویتێرز لە زاری هەواڵدەریی فەرمیی لوبنانەوە بڵاوی کردەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شاری عیترۆن بووە، کە زیانی زۆری بە خانووبەرەکان گەیاندووە.

 لە بەیاننامەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هاتووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجە تێرۆریستییەکانی حیزبوڵڵا لە خاکی لوبنان.

هەروەها حیزبوڵڵا لە بەیاننامەکانیدا باس لەوە دەکات کە مەبەست لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل، پشتیوانی لە فەلەستینییەکانی کەرتی غەززەیە.

بێنیامین نێتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دا، ئەگەر حیزبوڵڵا شەڕێکی سەرتاسەری دەست پێبکات، بەیرووت دەکاتە غەززەیەکی دیکە.

لە یەکێک لەو چەند هێرشەی کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لەلایەن حیزبوڵڵاوە ڕاگەیەندرا، ئەو گرووپەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، ڕایگەیاند کە دڕۆنی خۆتەقێنیان ئاراستەی بنکەیەکی فەرماندەیی ئیسرائیل لە نزیک یاعرا کردووە. هەروەها ئەو گرووپە ڕایگەیاندووە، مووشەکی بورکانیان هاویشتووە  کە سەدان کیلۆ تەقەمەنییان هەڵگرتووە.

لە ئاکامی تێکهەڵچوون و گرژییەکان لە سنووری ئیسرائیل و لوبنان تا ئێستا زیاتر لە ١٢٠ کەس لە لوبنان کوژراون کە ٨٥ کەسیان هێزی حیزبوڵڵا و ١٦ کەسیان مەدەنین، لە ئیسرائیلش ٧ سەرباز و ٤ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون.