کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زاگرۆسانه به بەشداریی خەڵکی ئاواییەکانی نگڵ، دانیکەش و خۆبەخشان بەڕێوەچوو

12:46 - 20 سەرماوەز 2723

ڕۆژی شەممە ١٨ی سەرماوەز، هەڵمەتی زاگرۆسانە بە چاندنی تۆوی بەڕوو لە شاخەکانی دەروبەری ئاوایییەکانی نگڵ، دانیکەش و خۆبەخشان و لەلایەن کۆمیتەی دێکانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و به بەشداریی خەڵکی ئەم ئاواییانە بەڕێوەچوو.

ئەم هەنگاوە پڕ بایەخە لەلایەن گەورە و بچووکی ئاواییەکانەوە وەکوو خولقێنەرانی داهاتووی ئەم نیشتمانە، پێشوازییەکی بەرچاوی لێ کراوە.

ئەم هەنگاوە لە چەندین ناوچە و دەڤەری کوردستان بە مەبەستی بەکەلتوورکردنی بابەتی ژینگەپارێزی و هەروەها بەرگری و بەگژداچوونی دیاردەی نگریسی تاڵانکردنی دارستانەکان بەڕێوە دەچێت و تا ئێستا نزیک بە ١٠٠ ڕێکخراوی ژینگەپارێزی، شاخەوانی و مەدەنی، هەڵمەتی زاگرۆسانەیان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوە بردووە.

زاگرۆسانە هەڵمەتێکە، کە ماوەی پێنج ساڵە لە سەرانسەری زاگرۆسدا و بەمەبەستی بووژانەوەی بەشێک لەو دارستانانەی کە کەوتوونەتە بەر پەلاماری ئاگر و تاڵانچییەکانی دارستان و زەوی‌خۆرەکان بەڕێوە دەچێت.