کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین بنکەکانی حەماس لە باکووری غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە گەمارۆ دراون

12:17 - 21 سەرماوەز 2723

یۆئاو گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە هێزەکانی گرووپی حەماس لە دوو ناوچەی باکووری غەززە لە حاڵی داڕماندانە و هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوەتی دوو مۆڵگەی کۆتایی ئەم گرووپەیان لە ناوچەکانی جەبالیا و شەجایا گەمارۆ داوە .

هاوکات ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە سێ سەربازی ئیسرائیلی لە شەڕی دژی حەماس لە غەززە کوژراون، بەوەشەوە کۆی ژمارەی سەربازانی ئیسرائیلی کە لەو ناوچەیە کوژراون گەیشتە ١٠٠ کەس.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ''سی ئێن ئێن''، لە حاڵێکدا شەڕ لە باکووری غەززە دەگاتە قۆناغی یەکلاکەرەوە، کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەز بە ئامانجی ئاگربەست لە غەززە کۆبوونەوەی بەپەلە پێک دێنێت.

هاوکات ڕێبەرانی وڵاتانی ئیرلەند، ئێسپانیا، بێلژیک و ماڵت لە نامەیەکدا بۆ چارڵز میشێل، بەرپرسی شۆرای ئورووپا، داوای گفتوگۆیان سەبارەت بە پێویستیی ئاگربەست لە غەززە لە کۆبوونەوەی داهاتووی یەکیەتیی ئورووپادا کرد.

لە کاتێکدا کە شەڕی غەززە بەردەوامە، ئیسرائیل لە ڕۆژانی دوای کۆتاییهاتنی وەستانی یارمەتییە مرۆییەکان، هێرشەکانی لە نێوەڕاست و باشووری غەززە چڕتر کردەوە.

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندروستیی غەززە کە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدایە، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ١٥ی ڕەزبەرەوە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، گەیشتووەتە ١٨ هەزار و ٢٠٥ کەس.