کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە، ئەڵمان و ئیتالیا خوازیاری چڕکردنەوەی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا دژی حەماسن

12:23 - 21 سەرماوەز 2723

سێ وڵاتی فەرانسە، ئەڵمان و ئیتالیا داوایان لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە ڕێوشوێنکی  تایبەت بە گەمارۆکان بۆ بە ئامانجگرتنی حەماس بگرێتە بەر.

وەزیرانی دەرەوەی ئەو سێ وڵاتە گەورەی یەکیەتیی ئورووپا، پێش کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە، لە نامەیەکدا بۆ جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، جەختیان لەسەر گرینگیی گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دژی گرووپی حەماس و لایەنگرانی کردووەتەوە.

لەو نامەیەدا هاتووە کە حەماس پێشتر لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە خراوەتە نێو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە بۆیە پێویستە هەموو مڵک و سەروەت و سامانی ئەم گرووپە فەلەستینییە لە وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپادا بلۆکە بکرێت و دەستیان بەسەردا بگیرێ.

جێگەی ئاماژەیە یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ''محەممەدجەواد زەریف'' فەرماندەی گوردانی عیزەدین قەسام باڵی سەربازیی حەماس و جێگرەکەی ''مەروان عیسا''ی خستووە نێو لیستی گەمارۆکانی خۆیەوە. هەروەها بڕیارە ''یەحیا سنوار'' بەرپرسی نووسینگەی سیاسی حەماس بەو لیستەوە زیاد بکرێت.

سێ وڵاتی فەرانسە، ئەڵمان و ئیتالیا باسیان لەوە کردووە کە سزای جیاجیا دژی حەماس، پەیامێکی سیاسیی بەهێز سەبارەت بە پابەندبوونی یەکیەتیی ئورووپا دژی حەماس دەبێت.