کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتەکانی ڕێژیم پێکەوە، هەوڵ بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ دەدەن

13:07 - 21 سەرماوەز 2723

چەند بەرپرسێکی وەزارەتەکانی پەروەردە و ئێرشادی ڕێژیم ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی سەرماوەز لە کۆبوونەوەیەکدا جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە دەبێ ححیجابی زۆرەملێ لەلایەن قوتابییانەوە وەک نەریتێکی کۆمەڵایەتی قەبووڵ بکرێت.

لەم کۆبوونەوەیەدا، بەرپرسێکی وەزارەتی پەروەردەی ئێران دەڵێت: جگە لە ڕێکخستنی جلوبەرگ، پێویستە سەبارەت بە حیجاب و عیفاف و مۆد  لەنێو قوتابیاندا ڕێوشوێنی تایبەت بگیردرێتە بەر.

سەجاد لوتفی بەرپرسی کرگرووپی مۆد و جلوبەرگی وەزارەتی ئێرشادی ڕێژیم لەم کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند: لە هەوڵداین تاکوو قوتابییان، لەگەڵ هێماکانی ئێرانی ئیسلامی لە بواری پۆششدا ئاشنا بکەینەوە.

لوتفی لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەبێت لەسەر نێوەڕۆکی کتێبیە دەرسییەکان و دابینکردنی جلوبەرگی گونجاو بۆ قوتابیان و بەرپرسانی قوتابخانەکانیش کار بکەین.

پێشتریش بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە ڕایانگەیاندبوو کە دەیانهەوێت لە ڕێگەی بەرنامەی تلویزیۆنی و ڕێکخستنی گەشتەوە، پەرە بە پرسی حیجاب لەنێو قوتابییاندا بدەن.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا، وەزارەتی پەروەردە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک باسی لەوە کرد کە بەپێی یاساکان هیچ خزمەگوزارییەک بۆ ئەو قوتابییانەی کە حیجابی ئیسلامی ڕەچاو ناکەن، جێبەجێ ناکرێ.

ئەم هەوڵانەی ڕێژیم بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لەسەر قوتابییان لەحاڵێکدایە کە لە دوای شەهیدکردنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، ڕێژەی ئەو قوتابییانەی کە سەرپۆشی زۆرەملێ لەسەریان لا دەبەن زۆرتر بووەتەوە و بەردەوام لە قوتابخانەکاندا بە دژی حیجابی زۆرەملێ دروشم دەدەن.