کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک مەک کال: ئەمریکا دەبێ بەتوندی وڵامی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بداتەوە

13:11 - 21 سەرماوەز 2723

مایک مەک کال، سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ فاکس نیووز، وتی: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە تواناکانی ئەمریکا دەباتە ژێر پرسیارەوە و دەبێت بۆ پێشگرتن بەم کارە، بە توندی وڵامی بدرێتەوە.

مەک کال لەم لێدوانە وتی:  تا ئێستا میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران زیاتر لە ٩٠ هێرشیان لە عێراق و سووریە کردوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا کە لە زۆربەیاندا وڵامی پێویستیان پێ نەدراوەتەوە.

مەک کال بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕێژیم و میلیشیاکانی جگە لە زمانی زۆر لە زمانی دیکە تێناگەن وتی: ئەگەرچی ئەرتەشی ئەمریکا لەلایەن کۆنگرەوە ڕێگەی پێ نادرێت کە هێرشی نیزامی بکاتە سەر ڕێژیمی ئێران بەڵام بۆ بەرگریکردن لە خۆمان دەتوانین وڵامێکی توند بە میلیشیاکانیان بدەینەوە.

مایک مەک کال لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ئەم میلیشیانە لەلایەن ڕووسیە و چین و ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانیان لێ دەکرێت و ئەوی بە هەڕەشە بۆ سەر  ئەمنییەتی نیشتمانیی ئەمریکا زانی.