کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵاتی ساخارۆف، پێشکەشی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرا

19:29 - 21 سەرماوەز 2723

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢١ی سەرماوەز، خەڵاتی ساخارۆف بۆ ئازادی ئەندێشە، لە شاری ستراسبۆرگی وڵاتی فەرانسە، پێشکەشی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرا.

ساڵەح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی، بە نوێنەرایەتی لەم بنەماڵەیە و بە هۆی قەدەغەکرانی چوونەدەرەوەی خۆیان لە ئێران لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە، خەڵاتەکەی وەرگرت.

ساڵح نیکبەخت، لەگەڵ وەرگرتنی خەڵاتەکە، پەیامی بنەماڵەی ئەمینیی بەم بۆنەوە، پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

موژگان ئێفتخاری، دایکی ژینا ئەمینی لەم پەیامەدا، وێڕای ئاماژەکردن بە قەدەغەکرانی چوونەدەرەوەیان لە ئێران بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، ئاماژەی بە مەرگی ژینا و تێپەڕکردنی سنوورەکان و گیانبەخشینی دوبارە بە ئیرادەی ڕزگاریی ئینسانی کرد.

لە بەشێک لەم پەیامەدا هاتبوو: ژینا نیشاندەری ژیانە، ژینایەک کە ناوی بوو بە ڕەمزی ڕزگاری و خەونی ئازادیی لە زێدی خۆی کوردستانەوە، بە جیهان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیاند.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی سەرماوەز، کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا، پیرۆزبایی بەخشرانی خەڵاتی ساخارۆفی لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی، بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرد.

کاک مستەفا لەم پەیامەدا باسی لە کاریگەریی بزووتنەوەی ژینا لەسەر خەباتی ئازادیخوازی لە ئێراندا کرد و وتی: بەخشینی ئەم خەڵاتە وەک هەوڵێکی شایان بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی کۆمەڵگەی کوردستان، نەتەوە بندەستەکان و هەموو ئازادیخوازانی ئێران لەپێناو ڕزگاری و سەربەستی دەزانین.