کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"سی ئای ئەی" سەبارەت بە بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا هۆشداریی دا

11:07 - 22 سەرماوەز 2723

لەگەڵ هێرشە دووبارەکانی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە، سەرەڕای هەڕەشەکانی ئەمریکا و وەڵامدانەوەی سنووردار تا ئێستا، ڕەخنە و ناڕەزاییەتییەکان زیاتر بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "ئاسۆشەیتێدپرێس"، بەرپرسێکی عێراقی ئاشکرای کردووە، ویلیام بێرنزی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، لە سەفەری ئەم دواییەیدا بۆ ناوچەکە، سەبارەت بە دەرئەنجامە جدییەکانی نەگرتنەبەری هەنگاو بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە، هۆشداریی بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوە.

هەروەها پێشتریش ئانتۆنی بلینکین وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کردبوو.

 بە وتەی دوو بەرپرسی عێراقی، بلینکێن وێڕای ڕەخنە لەوەی کە بەغداد هەنگاوێکی وای بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە دەستیان لەم هێرشانەدا هەبووە، هەڵنەگرتووە، باسی لەوە کرد کە چاوەڕوانیی ئەمریکا لە عێراق ئەوەیە کە بۆ پێشگرتن لەم هێرشانە، ڕێوشوێنی جیددی بگرنە بەر.

بە وتەی کارناسانی سیاسی، ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدات ئەم هێرشانە لە ئاستێکدا بهێڵێتەوە کە کاردانەوەی توندی ئەمریکای لێ بکەوێتەوە.

جێگای ئەماژەیە حەوتووی ڕابردوو کۆمەڵێک لە سێناتۆڕەکانی ئەمریکا ڕەخنەی توندیان لە دەوڵەتی بایدن گرت کە سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بەسەر لێخۆشبوونەکانی گەمارۆکانی سەر ئێران بکات و سەبارەت بە هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران هەنگاوی جیددی بگرێتە بەر.