کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە کار لەسەر ڕێککەوتنێکی گەورە دەکەن

11:24 - 22 سەرماوەز 2723

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەز، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کار لەسەر ڕێککەوتنێکی گەورە دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''فرانس پرێس''ی فەرانسە، هەرچەندە لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیەدا باسی وردەکارییەکانی ڕێککەوتنە گەورەکەی نێوان هەردوو وڵاتەکە نەکراوە، بەڵام ئەم بەیاننامەیە لە گەرمەی پەرەسەندنی نیگەرانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە لێکنزیکبوونەوەی مۆسکۆ و تاران بڵاو کراوەتەوە.

سەرەڕای نیگەرانیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە پێوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ تاران، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی سەرماوەز، لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی لە مۆسکۆ کۆ بووەوە و بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر وتووێژیان کرد.

دیداری ئەم دواییەی ڕەئیسی لەگەڵ پوتین ناڕەزایەتیی بێنیامین نتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی لێکەوتەوە. نێتانیاهوو لە پێوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتیندا، دژایەتیی توندی خۆی سەبارەت بە هاوکارییەکانی نێوان ڕووسیە و ئێران دەربڕی و ئەم هاوکارییەی بە مەترسیدار وەسف کرد.

ئەمریکا و ئیسرائیل نیگەرانی ئەوەن کە پەرەسەندنی هاوکارییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە لە بواری سەربازی و ئەمنییەتی و هەروەها ئابووری، پێگەی ئێران لە ناوچەکە بەهێزتر بکات.