کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بۆ کاردانەوە لە بەرانبەر هێرشی حوسییەکان دانوستان لەگەڵ ١٢ وڵاتدا دەکات

12:03 - 22 سەرماوەز 2723

ئەلعەرەبییە لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە بڵاوی کردووەتەوە کە واشنگتۆن بە مەبەستی پاراستنی هاتووچوی بازرگانی لە دەریای سووردا لە هەوڵی دروستکردنی گرووپێکی زەربەتی دەریاییە و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ ١٢ وڵاتدا خەریکی وتووێژە.

ئەم بەرپرسە ئەمریکاییە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی ئەمریکا دەیانهەوێ پەرە بە "گرووپی زەربەتی چەند نەتەوەیی ١٥٣" بدەن کە بنکەکەیان لە وڵاتی بەحرەینە و لە ٣٩ وڵات پێک هاتووە.

ئەو بەرپرسەی ئەمریکا کە ناوی ئەشکرا نەکراوە ڕایگەیاندووە وتووێژی ئێستامان لەگەڵ ئەو ١٢ وڵاتە دەتوانێ یارمەتیدەرێکی باش بۆ گرووپی زەربەتی پاراستنی ئەمنییەتی دەریایی بێ.

ئەو بەرپرسە هیچ ئاماژەیەکی بە ناوی ئەو ١٢ وڵاتە نەکردووە کە ئەمریکا دانوستانیان لەگەڵ دەکات.

ئەرتەشی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی سەرماوەز بڵاوی کردەوە کە حوسییەکان بە مووشەکی کرووز هێرشیان کردووەتە سەر نەوتهەڵگری سترێندا لە دەریایی سووردا.

حوسییەکان ئەو هێرشەیان وەئەستۆ گرتووە و ئیدعایان کردووە کە ئەو نەوتهەڵگرە بڕیار بووە نەوتی خاو بگوازێتەوە بۆ ئیسرائیل، بەڵام خاوەنی نەوتهەڵگری سترێندا ئەو ئیدعایەی حوسییەکانی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو نەوتهەڵگرە بەرەو ئیتالیا ڕۆێشتووە.

لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە، حوسییەکان چەندین مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. لەم ماوەیەدا کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکاش بە دەیان جار کراونەتە ئامانجی مووشەکەکانی حوسییەکان و ئەمنییەتی دەریای سووریان تێک داوە.