کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل ئاوی دەریای ڕەوانەی نێو تونێلەکانی حەماس کرد

12:12 - 22 سەرماوەز 2723

ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ"، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەز لە زاری بەرپرسێکی ئامریکاییەوە ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئیسرائیل ڕەوانەکردنی ئاوی دەریای بۆ نێو تونێلەکانی حەماس لەژێر شاری غەززە دەست پێکردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە ڕایگەیاندووە کە ڕەوانەکردنی ئاو بۆ نێو تونێلەکان، ڕەنگە بۆ ماوەی چەند حەفتە بەردەوام بێت.

چەکدارانی حەماس ئەم تونێلانە وەکوو حەشارگە بەکار دەهێنن و بەرپرسانی ئەمریکایی لەسەر ئەو باوەڕەن کە  ئاوی دەریا دەتوانێت تونێلەکان تێک بدات و چەکدارانی حەماس ناچار بە چۆڵکردنی تونێلەکان بکات.

ئیسرائیل ڕیاگەیاندووە کە جیا لە ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی حەماس، ژمارەیەکی زۆر لە چەکوچۆڵ و ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلی لەنێو تونێلەکاندان.

١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵ چەکدارانی گرووپی حەماس کە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانیان لێ دەکرێت، سنووری نێوان ئیسرائیل و غەززەیان تێپەڕ کرد و هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل.

لە ئاکامی ئەو هێرشەدا ١٢٠٠ ئیسرائیلی کوژران کە  زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون و هەروەها زیاتر لە ٢٢٠ کەسیان وەک بارمتە دەسبەسەر   و ڕەوانەی غەززە کران.

لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی لە ئاسمان و زەوی و دەریا بە دژی ئەم گرووپە دەست پێکرد و ڕایگەیاند کە تا ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و تێکشکاندنی حەماس بەردەوامە.