کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشگەزبوونەوەی ڕەئیسی لە سەفەر بۆ ژنێڤ / قوربانییانی ئەشکەنجە سکاڵایان لە ڕەئیسی کردووە

12:15 - 22 سەرماوەز 2723

ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئیران کە بڕیار بوو لە دانیشتنی کۆڕبەندی جیهانیی پەنابەران سەردانی ژێنێڤ بکات، پاش سکاڵای قوربانیانی ئەشکەنجە، لە سەفەرەکەی خۆی پاشەگەز بووەوە.

میدیاکانی ڕێژیم پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە سەرۆککۆماری ئێران لە دانیشتنی کۆڕبەندی جیهانیی پەنابەران بەشدار دەبێت، بەڵام پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی سکاڵای قوربانییانی ئەشکەنجە لەو وڵاتە، میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند کە ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەجیاتی ڕەئیسی بەشداریی ئەو دانیشتنە دەکات.

سێ زیندانیی پێشووی ئێرانی سکاڵایان لە ڕەئیسی کردووە و سکاڵای ئەم قوربانیانی ئەشکەنجەیە دراوەتە دادگای فێدراڵی سویس.

لەم سکاڵایەدا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بە کۆمەڵکوژی، ئەشکەنجە، لەسێدارەدانی نایاسایی و تاوان بە دژی مرۆڤایەتی تۆمەتبار کراوە.

کۆڕبەندی جیهانیی پەنابەران هەر چوار ساڵ جارێک و بە ئامادەبوونی سەرۆکانی وڵاتانی جیهان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناحوکمییەکان لەسەر پرسی پەنابەران و کۆچبەران بەڕێوە دەچێت.