کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی لانیکەم ٨ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران

12:26 - 22 سەرماوەز 2723

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا و لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی توێژە جۆراوجۆرەکان، چەند کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەز کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی دەوڵەتی و تەئمین ئێجتماعی لە شارەکانی کرماشان، سنە، ئەهواز، قەزوێن، ئەردەبێڵ و ئەراک بە دروشمدان و بەرزکردنەوەی پلاکارد، لە بەردەم سەندووقی خانەنشینکراوان لەو پارێزگایانە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داواکاری پێڕاگەیشتن بە مافە پێشێلکراوەکانیان بوون.

هەروەها کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان و بازاڕییان لە بەندەری گەناوە لە شەقامێکی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری مافەکانیان بوون.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی سەرماوەز بەشێک لە کرێکارانی کارخانەی "فوولادی ئارمان شەفەق" دەستیان لە کار کێشایەوە و لە شوێنی کارەکەیان کۆ بوونەوە.