کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنتاگۆن وڵامی هەڕەشەکان بۆ سەر هێزەکانی دەداتەوە

12:48 - 22 سەرماوەز 2723

وتەبێژی پێنتاگۆن سەبارەت بە بەردەوامیی هەڕەشەکان بۆ سەر هێزەکانیان لە ناوچەکە، ڕاگەیاندووە کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر هێزەکانمان لە عێراق بێ دوودڵی وڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە.

پات ڕایدەر، وتەبێژی پێنتاگۆن سەبارەت بە نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای هێرشی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، کە دوو گرووپی نزیک لە ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار کردووە، ڕایگەیاندووە کە عێراق هاوپەیمانێکی گرینگی ئەمریکایە و هێزمان لەوێ هەیە و لەسەر داوای حکوومەتی عێراق لەوێین تاکوو هاوکاریی هێزەکانیان بکەین؛ لە پەیوەندی و هاوئاهەنگیی نزیکمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوام دەبین، بەڵام لە کۆتاییدا ئەگەر هەڕەشە لەسەر هێزەکانمان هەبوو بۆ پاراستنی هێزەکانمان لە عێراق دوودڵ نابین لە وڵامدانەوە.

وتەبێژی پێنتاگۆن وتی چەندین گرووپ هەن کە دەیانەوێت دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجە گەورە و ستراتێژییەکەیان کە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریەیە بقۆزنەوە، بەڵام ئێمە نامانەوێت و لە نزیکەوە کار لەگەڵ حکومەتی عێراق و لایەنەکانی دیکە دەکەین.

سەرەتای ئەم مانگە پێنتاگۆن ڕایگەیاند، لە مانگی ١٠ی زایینی ئەم ساڵەوە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، ٧٨ جار ‌هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەش، ٦٦ سەربازیان برینداربوون.