ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی سەرماوەز، خەڵاتی ساخارۆف بۆ ئازادیی ئەندێشە پێشکەشی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرا.
بەهۆی قەدەغەکرانی چوونەدەرەوەی بنەماڵەی ئەمینی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە، پەیامی بنەماڵەی ئەمینی، لەلایەن ساڵەح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەکەوە لە پارلەمانی ئورووپا خوێندرایەوە.
موژگان ئێفتخاری پەیامەکەی بە شێعری "کچی بەیان" لە نووسینی سوارە ئیلخانیزادە دەست پێ کرد.
دایکی ژینا ئەمینی لەم پەیامەدا، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە باسی لە قەدەغەکرانی نایاسایی چونەدەرەوەیان لە ئیران بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە کرد، ژینای بە کچێکی ئیلهامبەخشی مێژوو ناو برد.
موژگان ئێفتخاری لەم پەیامەدا وتی: ژینا نیشاندەری ژیانە، ژینایەک کە ناوی بوو بە ڕەمزی ڕزگاری و خەونی ڕزگاریی لە زێدی خۆی کوردستانەوە بە هەموو ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دنیا گەیاند.
دایکی ژینا باسی لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی کرد و وتی داخی ژینا بۆ من هەمیشەییە، دڵنیام ناوی ژینا وەک هێمای ئازادی دەمێنێتەوە.