کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٦ی سەرماوەز و پێداگری لەسەر خەبات و تێکۆشان

22:26 - 22 سەرماوەز 2723

برایم چووکەڵی

ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی ڕۆڵە ئازا و خەباتگێڕەکانی نەتەوەکەمان هێرشیان بردە سەر شارەوانیی مەهاباد کە دوایین ئاسەواری بنکەی زوڵم و زۆری دامودەزگای ڕێژیمی پاشایەتی لەو شارە بوو و لە ماوەیەکی کورتدا توانییان دەستی بەسەردا بگرن. ئەو کردەوە شۆڕشگێڕانەیە لە دوو بارەوە بۆ نەتەوەی کورد گرینگ و جێگای خوشحاڵی و هەست‌بزوێن بوو.

یەکەم: سڕینەوە و لەنێوبردنی دامودەزگایەکی سەرکوتکەری حکوومەتی دیکتاتۆری پاشایەتی و نەمانی بنکەی زوڵم و زۆر و داسەپێنەر کە ئاواتێکی لەمێژینەی نەتەوە چەوساوەکەمان بوو. دوویەم: ئەو ئەزموون و ڕووداوە سەرەتایەک بوو بۆ ئەوەی ڕۆڵە دڵسۆز و فیداکار و بەئەمەگەکانی نەتەوەکەمان بۆ خۆیان ڕاستەوخۆ لە شێوە و شکڵی سپای میللیدا کاروباری پارێزگاری لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بەدەستەوە بگرن و ببنە باسکی بەهێزی گەل و ئەرتەشی حکوومەتی کۆماری کوردستان، کە پاش ماوەیەکی کورت لەو ڕووداوە، لە شاری مەهاباد پێک هات و ڕاگەیەندرا.

دوا بەدوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و داسەپانی شەڕ بەسەر خەڵکی کوردستان لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ دیفاع لە مان و مەوجوودییەتی نەتەوەکەی و بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان، هاتەوە گۆڕەپان و لەو ڕێگایەدا تا ئەمڕۆکە، بە سەدان و هەزاران داستانی پڕ لە سەروەری و ئازایەتی، فیداکاری و لەخۆبوردوویی تۆمار کردوە و کە لە مێژووی خەباتی خوێناویی نەتەوەکەماندا دەدروشێنەوە و دەمێننەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە لەبەرچاوگرتنی گرینگیی مەفهوومی سیاسیی ڕووداوی ٢٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٤ لەلایەک و بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قۆناغی نوێی خەباتدا لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی بڕیاری دا، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان دیاری بکرێ. بۆیە لەو کاتەوە هەموو ساڵێک جێژنی بۆ دەگرین و بیرەوەرییەکەی زیندوو ڕادەگرین.

پێشمەرگە گیانبەختکەری ڕێگای وەدیهێنانی ئامانجەکانی نەتەوەی کوردە، ئەو ئینسانە بەرز و تێکۆشەرەیە کە ئازایانە گیانی لەسەر بەری دەستی داناوە تا لە ڕێی ڕزگاریدا بیکاتە قوربانی، کەسێکە کە خەبات بۆ ڕزگاری وڵاتەکەی و پاراستنی دەسکەوتەکانی بە ئەستۆیە.

 هەر لەو کاتەدا کە شانازی بە خەبات و تێکۆشان و سووربوون و خۆڕاگری کادر و پێشمەرگەی حیزبەکەمان دەکەین، لە هەمان کاتیشدا پێویستە زیاتر سەرنج بدەینە ڕابردووی خەباتمان بۆ نەهێشتنی خاڵە لاوازەکان و بۆ بەهێزکردنی خاڵە باش و بەهێزەکانمان. دەبێ خۆمان گورج و گۆڵ و هەڵسوورتر بکەین، پێویستە کادر و پێشمەرگەکانمان زیاتر فێر بکەین و ئامووزشی بەردەوام ئەرکمان سووکتر دەکا و بۆ ئەوەی زیاتر ئامادەگیمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەموو هەلومەرجێکی سەخت و نالەبار هەبێ. ئامادە بین بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ پیلانەکانی دوژمن، یا بۆ ئەو ئەرکەی کە لە داهاتوودا دەکەوێتە سەرشانمان. بۆیە پێداچوونەوە بە تاکتیک و بەرنامەی کاری و خەباتەکەمان بەپێی ئاڵوگۆڕ و هەلومەرجی ڕووداوەکان پێویستە.

 پێشمەرگەکانی کوردستان ئەمساڵ لە کاتێکدا ڕێز لە ڕۆژی پیرۆزی پێشمەرگە دەگرنەوە کە هێشتا خۆری ئازادیی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵنەهاتوە و ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی هەروا لەژێر سێبەری ڕەشی کۆماری ئیسلامیدا ژیانی کۆیلایەتی و کۆڵەمەرگی تێپەڕ دەکەن. دەسەڵاتدارانی دڵڕەش بۆ چاوترسێنکردنی ڕۆڵەکانی کوردستان لە هیچ پیلانێک خۆیان نەپاراستوە و ناپارێزن، ڕایەڵەی سیخوڕی و جاسووسی لە کوردستان و تەنانەت لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بەهۆی کەسانی نەفس نەزم پەرەی پێ دەدا و لاوەکان بەرەو ئیعتیاد و بەلاڕێ بردن ڕادەکێشن.

  ئەگەر لە لووتکەی ڕیسوایی و بێ‌ئابڕوویی کۆماری ئیسلامیدا چەند مانگ لەمەوبەر قۆڵێکی نێو دەسەڵاتداێتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ویستی بۆ دامرکانەوەی بێزاریی خەڵک و هێشتنەوەی ئەم ڕێژیمە زیاتر بە قسە و کەمتر بە کردەوە سیمایەکی دیکە لەم ڕێژیمە پیشان بدا و ئەو شک و گومانە بڵاو بکاتەوە کە بۆ مانەوەی بناغە فکرییەکانی کۆماری ئیسلامیش دەکڕێ ئاڵوگۆڕێ بنەڕەتی‌، یان ڕێژەیی لە سیاسەت، هەڵوێست و کرداری ئەم ڕێژیمەدا بە قازانجی خەڵک پێک بێ. چەند مانگ پاش هەڵبژاردنی ڕەییسی بە سەرۆک کۆماری ئێران دەرکەوت کە بۆچوونەکانی چەندە بێ بناغە و بێ بنەمان. ڕەییسی ئەگەر بیشیهەوێ مەبەستەکانی بەجێ بگەیەنێ، وادیارە توانا و دەسەڵاتی نییە، یان باشتر بڵێین، ئەویش لەو تاقمە ڕووهەڵماڵاوەیە.

ئاڵوگۆڕەکانی دوو ساڵی ڕابردوو لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێران بە تەواوی ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە نێوەرۆکی دژی خەڵکی کۆماری ئیسلامی لە هەموو کات زیاتر بۆ خەڵک دەرکەوتووە، بەڵام لە دەرەوە ساز و هەوایەک لێ دەدا و دەیەوێ وا پیشان بدا کە پێبەپێی کۆمەڵگەی جیهانی هەنگاو دەنێ و ئامادەیی خۆی بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەڕەبستان و بەتایبەتی ئەمریکا لەمەڕ پیتاندنی ئۆرانیوم  دەربڕیوە.

 ئێران بەرەوڕووی زنجیرەیەک قەیران بۆتەوە کە بریتییە لە: قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، و هەموو قەیرانێک لە وڵاتەکەیدا هەیە. نرخی دراوی ئێران نیزیکەی هەشتا لەسەد دابەزیوە، کەوابوو لە ئێران ئاڵۆزی هەیە. ئەم ڕێژیمە هێچ ڕێگاچارەیەک و پرۆژەیەکی نییە کە قەیرانەکانی نێوخۆی ئێرانی پێ چارەسەر بکا. بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ، هەوڵ دەدەن تا ناسەقامگیری لە ناوچەدا دروست بکەن و بە خەڵکی ئێران بڵێن کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دوژمنی زۆری لێیە کە هەڕەشە لە ئێران دەکەن. بە مووشەکبارانکردنی بنکەکانی سەرەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەوان پەیامێکی زۆریان هەبوو بۆ ناوچە. یەکەم، ئەوان هێرشیان کردە سەر حیزبی دێموکرات، چونکە حیزبی ئێمە یەکێک لە سەرەکیترین حیزبەکانە کە پشتیوانی خەڵکی لە نێوخۆی کوردستانی ئێرانی لە پشتە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەرفەتێکی مەزن بووە بۆ کوردستانی ئێران دژی ڕێژیمی ئیسلامی. بەتایبەتی لە شۆڕشی ژینادا دەستیان لەنێو دەستی یەکتر ناو و پشتیوانی خۆیان لە حیزبەکەیان دووپاتە کردەوە. دوویەم، ئەوان دەیانەویست پەیامێک بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک زلهێزێکی ئەو ناوچەیە بدەن و بۆ وڵاتانی ناوچە بنێرن کە ئەو ڕێژیمە توانایی ئەوەی هەیە کە مووشەکی دوورهاوێژ و خاڵ‌کوت بهاوێژی و تەنانەت ئەگەر پێویست بکا مووشەک بە هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دەنێن.

 لەلایەکی دیکەوە لەنێوخۆی وڵات زیاتر تووشی قەیران بووە، لە تازەترین هەنگاوی دژی مرۆڤانەی کە بریتییە لە ئێعدامی لاوانی کورد و بەلووچ کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری دەکا. ئەمەش ڕەخنە و بێزاری زیاتری لێ بەرز بۆتەوە، ئەم ڕێژیمە پێیوابوو کە بە کوشتنی لاوانی کورد خەباتی ڕەوای کورد بێ دەنگ دەکا. بەڵام دژکردەوەی بەرینی ڕۆڵەکانی کورد لە کوردستان و دەرەوە بۆ جارێکی دیکەش ئەو خەیاڵە خاوەی پووچەڵ کردەوە.

 زیندان، ئێعدام، دەربەدەری، کوشتن و ماڵوێرانی و کاولکردن ناتوانێ خەباتکاران بە چۆک دابێنێ. لە سەردەمی دوو ڕێژیمی پەهلەوی و ئیسلامی دا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خاوەنی خەباتێکی بەرحەق بووە و لە داهاتووشدا تا وەدیهاتنی ئامانجە بەرحەقەکانی نەتەوەی کورد لە هەر هەلومەرجێکدا خەباتی ڕەوای خۆی درێژە دەدا و تا ئامانجی شەهیدان کە بریتیە لە دیاریکردنی مافی چارەنووس وەدی نەیە، کوردستان ئەمنییەت بەخۆیەوە نابینێ. کۆماری ئیسلامی بە چاوێکی ئەمنییەتی وەک هەمیشە چاو لە کوردستان دەکا و هەر بۆیەش پێویستە ڕۆڵەکانی کورد لە هەموو دەرفەتێکی لەبار کەلک وەرگرن. ئەگەرچی پێشمەرگە ڕۆڵی پێشەنگی لە خەباتدا هەبووە و دەبێ، ئەو ئەرکەی بەڕێوە بردووە، بەڵام ئەوە بە هیچ جۆرێک بەم مانایە نییە بەردەوام ئەو ئەرکە قورسە بە تەنیا هەر لەسەرشانی پێشمەرگەیە. خەبات بۆ ڕزگاری و ئازادی بە دژی ڕێژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی ئەرکی هەموو تاکێکی نیشتمانپەروەرە لەو خەباتە پیرۆزەدا بەشداری بکا، هاوکات لەگەڵ خەباتی هەمەلایەنە کۆمەڵانی خەڵک دەبێ لە ڕابردوو زیاتر پاڵ وێک بدەن و ئازایانە بێنە مەیدان ‌و ڕۆڵ ‌و دەوری خۆیان ببینن. خەبات‌ و بەربەرەکانێ شێوە و ڕێگای جۆراوجۆری هەیە هەرکەس بەپێی هەلومەرج و لەو پێوەندی لەگەڵ دۆخ و ئەرکی دا دەتوانێ بە شێوەی تایبەتی لە خەبات دژی ڕێژیم بەشداری بکا، دیارە ئەرکی لاوەکان لە هەموو کەس زیاتر و قورسترە.