کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٨هەمین کۆنفڕانسی ڕێکخراوی پێشگیری لە چەکی شیمیایی

00:03 - 12 سەرماوەز 2723

محەممەد کەسرایی

ڕۆژی ٢٧ی نوامبری ٢٠٢٣ی زائینی ٢٨هەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی "ڕێکخراوی پێشگیری لە چەکی شیمیایی" لە شاری لاهەی هولەند، پێک هات. لەو کونفرانسەدا کە تا ڕۆژی ١ی دێسامبر درێژەی هەبوو، نوێنەرانی دەوڵەتانی ئەندام، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مروڤ و نوێنەرانی دەیان ئێن جی ئۆ، بەشدار بوون. هەروەها دەستەیەکی نوێنەرایەتی لەلایەن هەر دوو کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی شیمیایی لە سەردەشت و هەڵەبجە و نوێنەرانی قوربانیانی ئەنفال لە کوردستان، کە بەڕەسمی بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کرابوون، بەشداری ئەو کۆنفڕانسە بوون.

لە ڕۆژانی یەکەم و دووهەمی کۆنفڕانس، بە دەیان پەیام لە لایەن نوێنەرانی وڵاتان و ڕێکخراوەکانی بەشەردۆستی، بۆ مەحکوم کردن و پێشگیری لە بەکارهێنانی چەکی شیمیایی، پێشکەش کران.

لەو وتار و پەیامانەدا وێرای مەحکومکردنی کەلک‌وەرگرتن لە چەکی کۆمەڵکوژی شیمیایی، ڕێکارەکانی پێویست بۆ پێشگیری لە بەکار هێنانی ئەو چەکە و قەرەبوو کردنەوەی زیانلێکەوتوان، خرانە ڕوو. نوێنەرانی هەر دوو کۆمەڵەی کوردی و نوێنەرانی ئەنفال لە کوردستان، وێڕای بەشداری لە دانێشتنەکانی کۆبوونەوە، ڕۆژانە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا، لە ساڵۆنی گشتی و ساڵۆنەکانی دیکە بە دانانی پێشانگای قوربانیان، نمایشی کورتە فیلمی ڕووداوەکان و کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتان و ڕێکخراوەکان، بەشداری چالاکانەیان لەو کۆنفرانسەدا هەبوو.

لە ڕۆژی سێهەمی کۆنفڕانسەکەدا، بە پێی بەرنامەی دیاریکراو، بەیاننامەی قوربانیانی چەکی شیمیایی شاری سەردەشت لە لایەن نوێنەری دەستەی بەڕێوەبەری خوێندرایەوە کە لەلایەن بەشدارانەوە پێشوازیەکی گەرمی لێ‌کرا.

جەلەسەی ڕۆژی چوارەمی کاری کۆنفرانس، بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕوحی شەهیدانی شارەکانی سەردەشت و هەڵەبجە و هەموو شەهیدان، دەستی پێ کرد کە لە لایەن هەیئەتی نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شیمیایی سەردەشت و تەئیدی بەرێوەبەری کۆنفرانسەوە، پێشنیار کرابوو.

هەر لەو ڕۆژەدا بەشێکی ٣٠ دەقیقەیی لە فیلمێکی یەک و نیو سەعاتی دێکیومینتاری لەسەر بۆمبارانی شیمیایی سەردەشت، لە سالۆنی گشتی نەمایش کرا کە لەگەڵ دەربڕینی حەسرەت و پێشوازی گەرمی بەشداران بەرەوروو بوو. پێویستە بگوترێ کە جیا لە پێشانگای شەهیدانی هەڵەبجە، ئەو ساڵ شوێنێکی تایبەتی بۆ پێشانگای قوربانیانی چەکی شیمیایی سەردەشت دیاری کرابوو کە ڕۆژانە بەشداران و نوێنەران سەردانیان دەکرد. هەروەها هەیئەتی نوێنەرایەتی قوربانیانی چەکی شیمیایی سەردەشت، ڕۆژانە لەگەڵ بەشداران و نوێنەرانی دەوڵەتان و ڕێکخراوەکان و ئین جی ئۆکان چاوپێکەوتنیان دەکرد و لە سەر وەزعی نالەباری شاری سەردەشت و دەرئەنجامەکانی ئەو بۆمبارانە و نەخۆشیە بڵاوبوەکانەوە، باس و وتووێژیان دەکرد و لەسەر وەزعی نالەباری بریندارەکان کە تا ئێستاش بە دەستی نەخۆشی و بێ دەرمانیەوە دەناڵێنن، ڕونکردنەوەیان دەدا.

هەروەها داوای پشتیوانی بۆ مەحکومکردنی نێونەتەوەیی و هاوکاری و پێراگەیشتن بە برینداران و گرینگیدانی زیاتر بە شاری سەردەشت و قەرەبوو کردنەوەی زیانلێکەوتووان و ناوچەی سەردەشت، بەشێک لە داواکانی ئەو نوێنەرانە، لە کۆنفرانس و لە ڕێکخراوەکان بوو.

بۆ بیرخستنەوە، پێویستە بگوترێ کە شاری سەردەشت لە ڕێکەوتی ٧ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی (٢٨/٦/١٩٨٧) ی زایینی، لەلایەن فرۆکە شەڕکەرەکانی ڕێژیمی دیکتاتۆری سەدامەوە، بە چەکی شیمیایی بەتوندی بۆمباران کرا و هەر لە ڕۆژانی یەکەم تا سێهەم زیاتر لە ١٢٠ کەس بوونە قوربانی و زیاتر لە ٥٠٠٠ کەس بریندار بوون. لەو کاتیشەوە تا ئێستا، دەیان کەس بەهۆی بەرکەوتنی چەکی شیمیایی، گیانیان لەدەست داوە و سەدان کەسیش بە دەردی برینداری و بێدەرەتانی و بێدەرمانی، دەناڵێنن.