کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی ئەرێنی بە ئاگربەست لە غەززە دا

11:10 - 23 سەرماوەز 2723

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەز، کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، بە زۆرینەی دەنگەوە بڕیاری دەستپێکردنی ئاگربەستی مرۆڤدۆستانەی لە غەززە دا.

لە نێوان ١٩٣ وڵاتی ئەندام لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ١٥٣ وڵات دەنگیان بە دەستپێکردنی ئاگربەستی مرۆڤدۆستانە دا و ١٠ وڵاتیش دژی وەستانەوە و ٢٣ وڵاتیش دەنگی بێلایەنیان دا.

ئەمریکا و ئیسرائیل، ئوتریش، چێک، گواتمالا، لیبێریا، مایکرۆنێزی، نائورۆ، پاپوای گینەی نوێ و پاراگۆئە لەو وڵاتانە بوون کە لەم دەنگدانەدا دەنگی نەرێنیان دا.

گیلاد ئەردان، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێش دەنگدانەکە هۆشداریی دا کە ئاگربەستەکە تەنیا کوشتن و وێرانکارییەکانی ناوچەکە زۆرتر دەکاتەوە و وەک حوکمی مەرگ بۆ ئیسرائیلییەکان و ژمارەیەکی لەڕادەبەدەر لە دانیشتووانی غەززە دەبێت.

لە سەرەتای دەستپێکردنی وڵامدانەوەی سەربازیی ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی حەماس لە ١٥ی ڕەزبەردا، زیاتر لە ١٢٠٠ کەس کوژران و ئەو شەڕە هەروا درێژەی هەیە.

بە پێچەوانەی بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارنامەکانی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕووی یاساییەوە ناتوانن لایەنەکان ناجار بە پێبەندبوون بکەن، بەڵام پەیامی کۆڕی گشتی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کاریگەری لەسەر بیروڕای جیهانی دادەنێت.