کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستانییانی دەرەوەی وڵات پشتیوانییان لە هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات کرد

10:14 - 12 سەرماوەز 2723

ڕۆژی شەممە، ١١ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە کوردستانییانی دانیشتووی وڵاتی سویس، بە خوێندنەوەی پەیامێک و هەروەها سروودی "لە قەندیلی سەربەرزەوە"، یادی هونەرمەند تاهیر خەلیلییان بەرز ڕاگرت و پاڵپشتیی خۆیان بۆ هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی.

کوردستانییانی دانیشتووی وڵاتی سویس ڕایانگەیاند: لەپێناو پاراستنی یەکیەتیی نەتەوەییدا، هەموو کات پاڵپشتی نێوخۆی وڵاتن و لە یەک سەنگەردا شەڕی داگیرکەران دەکەن.

ڕۆژی هەینی، ١٠ی سەرماوەز، ڕێژیمی ئێران بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی و لە چەواشەکارییەکی تەواودا باسی لە پشتیوانیی هونەرمەندان لە ڕێژیمی ئێران کرد.

لەم گرتە ڤیدیۆیەدا، کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی پارێزگاکانی ورمێ و سنە دەبینرێن کە بەزۆرەملێ لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ناچار بە خوێندنەوەی سروودی "ئەی ئیران" کراون.

ئەم گرتە ڤیدیۆییە دوابەدوای ئەوە بڵاو کرایەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش کۆچی دوایی هونەرمەندی گەل، تاهیر خەلیلی، بەرهەمی بە ناوبانگی ناوبراو بە ناوی "لە قەندیلی سەربەرزەوە" لەلایەن ئەم هونەرمەندانەوە و بۆ ڕێزگرتن لە کەسایەتی و تێکۆشانی تاهیر خەلیلی  لە سەردەشت، وترابووەوە.