کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم هەڕەشەی لەسەرکارلابردنی لە پێشنوێژەکانی بەلووچستان کرد

12:38 - 23 سەرماوەز 2723

نووسینگەی خامنەیی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە ناردنی نامەیەک بۆ پێشنوێژە سوننە مەزهەبەکان لەو  پارێزگایە، داوای لێ کردوون کە لە نوێژی هەینیدا ستایشی کۆماری ئیسلامی بکەن و لە ڕێوڕەسمە حکومەتییەکاندا بەشدار بن.

بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی "حاڵ‌وەش" نووسینگەی خامنەیی لە سیستان و بەلووچستان هۆشداریی داوەتە پێشنوێژانی سوننە مەزهەب کە ئەگەر لە ڕێوڕەسمەکانی ڕێژیمدا بەشداری نەکەن و ئەمەگناسیی خۆیان بەرانبەر بە ڕێژیم ڕانەگەیەنن، لە پێشنوێژی لادەبرێن.

وتارە ڕەخنەگرانەکانی هەندێک لە پێشنوێژانی هەینی بەتایبەتی مەلەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی زاهیدان لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، ناڕەزایەتیی دامودەزگاکانی ڕێژیمی بە دواوە بووە.

ئەم هەوڵە نوێیەی ڕێژیم لەحاڵێکدایە کە گوشارەکان بۆ سەر مامۆستایانی ئایینیی سوننە مەزهەب لە ئێران و بەتایبەت پارێزگای بەلووچستان لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا زۆرتر بووەتەوە.

پێشتریش مەولەوی "فەتحی محەممەد نەقشبەندی" پێشنوێژی هەینیی ڕاسک، لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی و درۆ هەڵبەستن بۆ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی زاهیدانەوە دەسبەسەر و ئەشکەنجە کرا.

لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا و پاش کوشتاری هەینیی زاهیدان کە هێزەکانی ڕێژیم بە تەقەی ڕاستەوخۆ سەدان کەس لە نوێژکەرانیان کوشت و برینداریان کردن، هەموو ڕۆژانی هەینی لە زاهیدان خۆپیشاندان بە دژی ڕێژیم بەڕێوە دەچێت.