کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لە هەر حاڵەتێكدا درێژە بە شەڕ دەدات

12:46 - 23 سەرماوەز 2723

لە کاتێکدا کە داواکارییەکان لەلایەن کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ئاگربەست لە لێواری غەززە زۆر بووەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە پێویستی نازانێت کە شەڕ ڕابگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''فرانس پرێس''، ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە شەڕی حەماس لە لێواری غەززە بە پشتیوانی نێودەوڵەتی بێ یان بەبێ پشتیوانی نێودەولەتی بەردەوام دەبێت و ئاگربەست لەم قۆناغەدا قەبووڵ ناکرێت.

ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژە بە هێرشە خوێناوییەکەی ١٥ی ڕەزبەر، لەلایەن حەماسەوە، وتی: ''ئاگربەست لەم قۆناغەدا دەبێتە دیارییەک بۆ حەماس و ڕێگە بە ڕێکخراوی حەماس دەدات کە جارێکی دیکە هەڕەشە لە دانیشتووانی ئیسرائیل بکات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داوای ئاگربەست و پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە غەززە زیادی کردووە، لەو پێوەندییەدا ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەز، کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگەوە، دەنگی بە دەستپێکردنی ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە دا.